ورمێ؛ حاتەم ئوزدەمیر جارێکی دیکە بە لەسێدارەدران سزا درا

18:28 - 31 بانەمەڕ 2724

حاتەم ئوزدەمیر، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی تورکیە، لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "نەجەفزادە"، بە تۆمەتی "موحاربە" بە لەسێدارەدران سزا درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کۆبوونەوەی دادگای ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ڕۆژی ٤ی بانەمەڕی ١٤٠٣، لە لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێ بەڕێوە چوو و ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی بانەمەڕ ئەم سزایە بە فەرمی لە بەندیخانەی ورمێ بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.

ڕێبەندانی ١٤٠١، حوکمی لەسێدارەدرانی حاتەم ئوزدەمیر، لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە بە سەرۆکایەتیی "قاسم مەزینانی"، ڕەت کرایەوە و دۆسییەکەی بە مەبەستی پێڕاگەیشتنی دووبارە، بۆ لقی هاوتەریب لە دادگای ئینقلابی ورمێ نێردرا.

حاتەم ئوزدەمیر کوڕی عەبدولڕەحمان لە ڕۆژی ١٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٠دا لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری خۆیەوە بە تۆمەتی "بەغی" بە لەسێدارەدران و بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە پ.ک.ک" بە ٥ ساڵ بەندکرانی تەعزیری سزا درا و ئەم سزایە ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ بە فەرمی بەم هاووڵاتییە ڕاگەیەندرا.

دانیشتنی کۆتایی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی حاتەم ئوزدەمیر، کۆتاییەکانی هاوینی ١٤٠٠ لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی خۆی بەڕێوە چووبوو.

حاتەم ئوزدەمیر، نیوەشەوی ١١ی پوشپەڕی ١٣٩٨ پاش دەرگیریی چەکدارانەی نێوان هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) و هێزەکانی قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران لە ناوچە سنوورییەکانی چاڵدێران دەسبەسەر کرابوو.

ناوبراو لەم دەرگیرییەدا بەهۆی بەرکەوتنی گولـلەی خومپارە بووراوەتەوە و پاش دەسبەسەرکران بۆ گرتنگەی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای ورمێ ڕاگوێزراوەتەوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ١٣٩٨ پاش دوو مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو.