نیگەرانیی بنەماڵەی کامران شێخە لەمەڕ جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدرانی ناوبراو

18:21 - 31 بانەمەڕ 2724

٣٠ی بانەمەڕی ١٤٠٣؛ سەرەڕای ئەوەی کە کامران شێخە، بەندکراوی عەقیدەتیی کورد لە بەندی گشتیی بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەجە و تاکوو ئێستا بۆ ژووری تاکەکەسی ڕانەگوێزراوە، بەڵام بنەماڵەکەی نیگەرانی لەسێدارەدرانی کوڕەکەیانن و پێیان وایە لە نزیکترین کاتدا ئەم سزایە جێبەجێ دەکرێ.

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە ئاخرین دۆخی کامران شێخە بە کوردپای وت؛ ناوبراو لە بەندی گشتیی بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەجە و دەتوانێ پێوەندیی تلفۆنی بە بنەماڵەکەیەوە بکات، بەڵام بە سەرنجدان بە لەسێدارەدرانی ٦ کەسی دیکە کە دۆسییەی هاوبەشی لەگەڵیان هەبوو، بنەماڵەکەی بەجیددی نیگەرانی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانی ناوبراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری دیکە کە وێنەیەک لە مەزاری خەسرەو بەشارەتی بۆ کوردپا ناردووە؛ نادادپەروەرانەبوونی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدرانی ٦ کەسەکەی دیکە کە دۆسییەی هاوبەشیان لەگەڵ کامران شیخە هەبوو و سەرنجنەدانی سیستەمی دادوەری بە پارادۆکسەکان و ڕەوتی پێڕاگەیشتنی نادادپەروەرانە، بنەماڵەی کامران شێخەی سەبارەت بە جێبەجێکرانی سزاکەی، بەجیددی نیگەران کردووە. بە جۆرێک کە تەنانەت گۆڕی پەنای گۆڕی خەسرەو بەشارەتیان بۆ کوڕەکەیان داناوە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی بانەمەڕی ١٤٠٣، سزای لەسێدارەدرانی خەسرەو بەشارەت، بەندکراوی عەقیدەتیی کوردی خەڵکی مەهاباد کە ١٤ ڕۆژ پێش ئێستا ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو، لە بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج جێبەجێ کرا.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بانەمەڕی ١٤٠٣، تەرمی خەسرەو بەشارەت، بەندکراوی عەقیدەتیی کوردی لەسێدراەدراو لەکاتێکدا کە ئاسەواری شینبوونەوە و برین لەسەر نێوچاوان و ئێسکی کووتی مابووەوە، گەڕێندرایەوە مەهاباد و لە گۆڕستانی گوێک تەپەی ئەم شارە بە خاک سپێردرا.

سزای لەسێدارەدرانی ٥ کەسی تر کە لەگەڵ ئەم بەندکراوە عەقیدەتییە دۆسییەی هاوبەشیان بوو بە ناوەکانی ئەنوەر خزری، فەرهاد سەلیمی، داوود عەبدوڵڵاهی، قاسم ئابستە و ئەیووب کەریمی لە ماوەی ٧ مانگدا جێبەجێ کراوە. (لە خەزەڵوەی ١٤٠٢وە هەتا بانەمەڕی ١٤٠٣)

کوردپا لە ڕۆژی ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠٣دا، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە وردەکارییەکانی دۆسییەی ئەم ٧ بەندکراوە عەقیدەتییە بڵاو کردەوە.