بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدراوان لە بەندیخانەی سەڵماس بۆ دوو کەس

14:16 - 30 بانەمەڕ 2724

سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢٩ی بانەمەڕی ١٤٠٣، سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوێک بە ناوی "کاوە باشنگە" خەڵکی مەهاباد لە بەندیخانەی سەڵماس جێبەجێ کرا. بە هەژمارکردنی ئەم حاڵەتە، ڕێژەی لەسێدارەدراوانی ئەم ڕۆژە گەیشتە دوو کەس.

ئەم بەندکراوە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بانەمەڕی ١٤٠٣، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدرانەکەی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو.

ئەم بەندکراوە چوار ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی پێوەندیدار بە تاوانەکانی "ماددەی هۆشبەر" دەسبەسەر و دواتر لەلایەن ناوەندە دادوەرییەکانەوە بە لەسێدارەدران سزا درابوو.

تاکوو ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم هاووڵاتییە لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان و میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.

هەر لەم پێوەندییەدا سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢٩ی بانەمەڕی ١٤٠٣، سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوێک بە ناوی "ئەسغەر حاجیزادە" خەڵكی سەڵماس لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە جێبەجێ کرا.