دەسبەسەرکرانی هونەرمەندان لە کوردستان؛ بەردین جەعفەری هونەرمەندی خەڵکی گیەڵان دەسبەسەر کرا
لە درێژەی دەسبەسەرکردنی هونەرمەندان بە ئامانجی سەرکوت و تۆڵەسەندنەوە لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان لە کوردستان، بەردین (حەمزە) جەعفەری، هونەرمەندی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە گیەڵان دەسبەسەر کرا.
ڕۆژی هەینی ١٤ی بانەمەڕی ١٤٠٣؛ هێزە ئەمنییەتییە چەکدارەکان بە سەر دیوارەوە هێرشیان کردە سەر ماڵی بەردین جەعفەری و بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەریان کرد.
هێزە ئەمنییەتییەکان وێڕای پشکنینی ماڵەکە، کەلوپەلە کەسییەکانی ناوبراو لەوانە مۆبایل و لەپتابەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.
بەردین جەعفەری لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی گیەڵاندا لە ٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، سروودی حەماسی لەوانە سروودی "پایدار بمێنێ کوردستانم"ی وتەوە. ئەم ڕێوڕەسمە سەرەڕای هەڕەشە و دژایەتیی توندی ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە بەشداریی زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس لە خەڵک بەڕێوە چوو.
ئەم هونەرمەندە لە کارنامەی خۆیدا بۆ بۆنەکانی ڕۆژی جیهانیی ژن، ڕۆژی زمانی دایکی، نەورۆز و بەرخودانی عەفرین، سروودگەلێکی لەژێر ناوی "ژن"، "هاو زووان"، "یەکەشناس"، "نیشتمان" و ... بە زمانی کوردی بڵاو کردووەتەوە.
چالاکییە خەڵکی و مەدەنییەکان لەوانە یارمەتیگەیاندن بە بوومەلەرزەلێدراوانی سەرپێڵ زەهاو لە ساڵی ١٣٩٦ و وتنی سروود بۆ خەڵکی لافاولێدراوی لوڕستان لە ساڵی ١٣٩٨ لە چالاکییەکانی ئەم هونەرمەندە کوردە بووە.