ئاودانان؛ سەجاد مورادی وەندان پاش کاردانەوە بە مەرگی رەئیسی دەسبەسەر کرا

22:02 - 11 جۆزەردان 2724

ڕۆژی چوارشەممە ٩ی جۆزەردانی ١٤٠٣، سەجاد مورادی وەندان، هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی پاش بانگکران بۆ دادگای ئەم شارە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، سەجاد مورادی وەندان لە پێوەندی لەگەڵ کاردانەوە بە مەرگی ڕەئیسی لە ئینستاگرامەکەی خۆی دەسبەسەر کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم هاووڵاتییە کوردە پاش دەسبەسەرکران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ڕەوانەی بەندیخانەی ماهپارەی دەڕەشار کراوە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، سەجاد مورادی وەندان بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام ئازاد کرا.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠١، سەجاد مورادی وەندان بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە پێڕانەگەیشتن بە دۆسییەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام بە دوورینەوەی لێوەکانی مانی لە خواردن گرتبوو.

ناوبراو سەرەتاکانی مانگی ڕەشەمەی ١٤٠١یش بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە ناڕوونیی چارەنووسی مانی کە خواردن گرتبوو کە پاش بەڵێنی بەرپرسانی دادگوستەریی ئیلام لەمەڕ بەدواداچوون بۆ دۆخی ناوبراو، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنابوو.

ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠١، سەجاد مورادی وەندان لە شاری مەسجدسلێمان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

پێویستە بوترێ کە شاری ئاودانان بۆ ڕاگرتنی دەسبەسەرکراوان گرتنگەی نییە.