نەورۆزی خوێناویی کۆڵبەران؛ کوژرانی ٧ کۆڵبەر و برینداربوونی ٣٦ کۆڵبەری دیکە
نەورۆزی ١٤٠٣، ڕۆژگەلێکی خوێناوی بۆ کۆڵبەرەکان لە کوردستان بووە. لە ماوەی ڕۆژانی یەکەم هەتا یازدەهەمی خاکەلێوەی ١٤٠٣، سەرجەم ٤٣ کۆڵبەر کوژران و بریندار بوونە.
بەپێی ئاماری تۆمارکراو لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لە ماوەی ١١ ڕۆژ لە نەورۆزی ١٤٠٣، سەرجەم ٤٣ کۆڵبەر لە کوردستان کوژران و بریندار بوونە. (٧ کوژراو و ٣٦ بریندار)
شێوازی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران:
تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ئێران: ٢٧ حاڵەت
بەربوونەوە لە بەرزایی: ٩ حاڵەت
تەقینەوەی مین: ٢ حاڵەت
سەرمابردوویی: ٢ حاڵەت
جەڵتەی دڵ لە کاتی کۆڵبەری: ١ حاڵەت
برینداربوون لە ئاکامی ڕاودوونانی هێزە نیزامییەکان: ١ حاڵەت
شکاندنی گرێی لاق لەژێر زەخت و گوشاری کۆڵبەری: ١ حاڵەت
وردەکاری لەبارەی کۆڵبەرانی کوژراو:
لە ماوەی ١١ ڕۆژ لە نەورۆزی ١٤٠٣، سەرجەم ٧ کۆڵبەر لە سنوورەکانی نەوسوود، بانە، سەقز، پیرانشار، سەردەشت و مەریوان کوژراون.
٢ کۆڵبەر لە ئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان، ٢ کۆڵبەر لە ئاکامی بەربوونەوە لە بەرزایی، ٢ کۆڵبەر بەهۆی سەرمابردووییەوە و ١ کۆڵبەر بەهۆی جەڵتەی دڵ لەژێر زەخت و گوشاری کۆڵبەری گیانیان لەدەست داوە.
هەستیار عەبدولکەریمی، منداڵ ــ کۆڵبەرێک کە تەمەنی ژێر ١٨ ساڵ بووە.
زانیاریی کۆڵبەرانی کوژراو:
٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، پەیمان ئەحمەدی، کۆڵبەری خەڵکی جوانڕۆ، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان لە سنووری نەوسوود و لە مەودایەکی زۆر نزیک کوژرا. ناوبراو خێزاندار و خاوەن یەک منداڵ بوو.
٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، محەممەدبایر محەممەدی، کۆڵبەری تەمەن ٤٨ ساڵ و خەڵکی گوندی "زێران" سەر بە جوانڕۆ، بەهۆی جەڵتەی دڵ لەژێر زەخت و گوشاری کۆڵبەری گیانی لەدەست داوە.
٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، سۆران عەبدی، کۆڵبەری تەمەن ٢٢ ساڵەی خەڵکی بانە، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان کە وەبەر دڵی کەوتووە، لە سنووری هەنگەژاڵی بانە کوژرا. ناوبراو خێزاندار و خاوەن منداڵێکی چەند مانگانە بووە.
٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، هەستیار عەبدولکەریمی، مێرمنداڵی تەمەن ١٥ ساڵەی خەڵکی دیواندەرە، بەهۆی سەرمابردووییەوە لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری "مێشاو"ی سەقز گیانی لەدەست دا.
٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، سەعید سلووسی، کۆڵبەری تەمەن ٣٣ ساڵەی خەڵکی پیرانشار، بەهۆی سەرمابردووییەوە لە بەرزاییەکانی قزقاپانی پیرانشار، گیانی لەدەست داوە. ناوبراو خاوەن یەک منداڵ بووە.
٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، ئەبووبەکر ماخووزیفەرد، خەڵکی میراوێی سەردەشت، بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەکانی "گوێزێ"ی سەردەشت گیانی لەدەست داوە. ناوبراو خێزاندار و خاوەن یەک منداڵ بووە.
٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، شۆڕش شوکری، خەڵکی گوندی ئاڵمانەی مەریوان، بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەکانی "ژاڵانە"ی هەورامان گیانی لەدەست داوە.
وردەکاری لەبارەی کوژران و برینداروونی منداڵانی کۆڵبەری تەمەن ژێر ١٨ ساڵ:
لە ماوەی ئەم ١١ ڕۆژەدا، ٣ کۆڵبەری تەمەن ژێر ١٨ ساڵ کوژرا و بریندار بوونە.
هەستیار عەبدولکەریمی، مێرمنداڵی تەمەن ١٥ ساڵی خەڵکی دیواندەرە، ٥ی خاکەلێوەی ١٠٣، بەهۆی سەرمابردووییەوە لە کاتی کۆڵبەری و لە سنووری "مێشاو"ی سەقز گیانی لەدەست داوە.
میلاد محەممەدی، مێرمنداڵی تەمەن ١٥ ساڵەی خەڵکی جوانڕۆ، ٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ بەهۆی بەربوونەوە لە سنووری نەوسوود بریندار بووە. دوو ڕۆژ دواتر واتا لە ٥ی خاکەلێوە باوکی ناوبراو "محەممەدبایر محەممەدی"، لە سنووری نەوسوود لەژێر گوشاری کۆڵبەری بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەست دا.
میلاد حوسێنی، مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵەی خەڵکی دیواندەرە، ٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ لە سنووری مەریوان بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکان بریندار بووە.
تەنزیم: ئەوین مستەفازادە