سنە؛ کتێبفرۆشیی "ژیرا" بە هۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ داخرا

19:10 - 28 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، کتێبفرۆشیی "ژیرا" لە سنە کە لەلایەن ژینا مودەڕس گورجی، چالاکی بواری ژنانەوە بەڕێوە دەچێ، بە هۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ لەلایەن ئیدارەی ئەماکنی ئەم شارەوە داخرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، ژینا مودەڕس گورجی هۆشدارییەکی سەبارەت بە داخرانی کتێبفرۆشیی "ژیرا" پێ گەیشتووە و ڕۆژی سێشەممە هێزەکانی ئەماکن ئەم کتێبفرۆشییەیان داخستووە.

لە بەڵگەی داخستنی کتێبفرۆشیی "ژیرا"دا ڕاگەیەندراوە کە ئەم یەکە سێنفییە بەپێی ماددەکانی ٢٧ و ٢٨ی یاسای نیزامی سێنفی بە هۆی سەرپێچی ئینتیزامی (ڕەچاونەکردنی حیجابی ئیسلامی)، داخراوە.

ژینا مودەڕس گورجی، چالاکی بواری ژنان لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا دوو جار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٢، ئاخرین کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی لە دادگای ئینقلابی سنە بەڕێوە چوو.