ڕۆژی شەممە، ٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، ڤیدیۆیەک لە ئازاردانی منداڵێکی تەمەن ١٣ ساڵی خەڵکی مەهاباد لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام بڵاو کرایەوە کە نیشانی دەدات منداڵێک لەبەر دەرکەی ماڵەکەی خۆیان لاق و ملی بە زنجیر بەستراوەتەوە. لە بەشێک لەم ڤیدیۆیەدا، پیاوێک هەیە کە خەڵکەکە دەڵێن باوکی ئەم منداڵەیە و منداڵەکەی خۆی بە زنجیر بەستووەتەوە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی کوردپا، ناوی ئەم منداڵە "ئ-ئا"یە. ناوبراو لەدایکبووی ساڵی ١٣٨٩یە و هەتا پۆلی پێنجەمی سەرەتایی خوێندوویەتی و دواتر وازی لە خوێندن هێناوە. سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا دەڵێ باوک و دایکی ئەم منداڵە پێنج ساڵ پێش ئێستا لە یەک جیا بوونەتەوە و ئەم منداڵە لەگەڵ باوکی ئەژیت. ئەم منداڵە دوای وازهێنان لە خوێندن زۆربەی کاتەکان لە دووکانەکەی باوکیدا و لەگەڵ خۆی خەریکی کارکردن بووە.
سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا جەخت دەکاتەوە کە ئەم منداڵە لەلایەن باوکییەوە ئازار دراوە و ئەمە یەک جار نییە کە لەلایەن باوکییەوە ئازار دەدرێت، بەڵکوو چەندین جاری دیکەش بە زنجیر بەستراوەتەوە و ڕووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجەی فیزیکی و زارەکیش بووەتەوە.
سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا هۆکارەکانی ئەم منداڵ ئازارییەی "گوێنەدان بە قسەی سەرپەرست"، "بزێوی"، "نەگەڕانەوە بۆ ماڵ و ڕۆیشتن بۆ ماڵی باپیر و داپیر"، و ... ڕاگەیاندووە. سەرچاوەکانی دیکەی کوردپاش جەختیان کردووەتەوە کە تەنانەت خوشکەکانی ئەم منداڵە و هاوسەری پێشووی باوکیشی چەندین جار ئازاریان داوە.
پاش بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی ئەم منداڵە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام و ڕاپۆرتەکانی خەڵک بە ناوەندە پێوەندیدارەکان، باوکی ئەم منداڵە دەسبەسەر کراوە و بەپێی ئاخرین زانیارییەکان هەتا ئێستا لە دەسبەسەریدایە.
هەروەها ناوەندی بێهزیستی هاتووەتە نێو دۆسییەکەوە و بڕیارە بابەتی ئازار و ئەشکەنجەکە لەلایەن پزیشکی دادوەرییەوە بەدواداچوونی بۆ بکرێ. پێشنیاری ئەم ناوەندە ناردنی ئەم منداڵە بۆ کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی ورمێ بووە بەڵام بە هۆی "هەبوونی ماددەی هۆشبەر و کەسانی خووگر بە ماددەی هۆشبەر"، ئەم شوێنە بۆ ئەم منداڵە بە گونجاو نازانن. لەلایەکی دیکەوە تاکوو ئێستا ناوەندە ئەمنییەتییەکان هیچ بژاردە و شوێنێکیان بۆ ڕاگرتنی ئەم منداڵە پێشنیار نەکردووە و بە بیانووی نەبوونی "شوێن" جێگایەک بۆ ڕاگرتن و پاراستنی ناوبراو دیاری نەکراوە.
بەپێی زانیارییەکانی کوردپا، بە سەرنجدان بەوەی کە ئەم مێرمنداڵە جیا لە ماڵی باوکی، شوێنێکی دیکەی نییە و ناوەندە پێوەندیدارەکان وڵامێکی ڕوونیان بۆ پاراستنی ناوبراو نەداوەتەوە؛ ئێستا ئەم مێرمنداڵە چارەنووسی ناڕوونە و لەژێر گوشارێکی دەروونیی زۆردایە و نازانێ چارەنووسی دەبێتە چی.
بەپێی بەندەکانی "ت" و "ذ"ی ماددەی یەکی یاسای پاراستنی منداڵان و مێرمنداڵان (پەسەندکراوی ٢٣/٢/١٣٩٩)، ئەم مێرمنداڵە "کەڵئاوەژوو"ی لێ وەرگیراوە و لەگەڵ "مەترسی" بەرەوڕوویە.
ت) هەڵسوکەوتی خراپ: هەر چەشنە کار یا ئەنجامنەدانی کارێک کە سڵامەتی جەستەیی، دەروونی ئەخلاقی یان کۆمەڵایەتیی منداڵ و مێرمنداڵ تووشی مەترسی و خەسار بکات؛ وەکوو لێدان، بەندکردن، کەڵئاوەژووی جەستەیی، بێڕێزی یان هەڕەشە لە منداڵ و مێرمنداڵ لە کاتێکدا کە لایەنی پەروەردەیی نەبێ یان تووشکردنی لەگەڵ دۆخی دژوار و نائاسایی یان پێشگرتن لە یارمەتیدانی.
ذ) مەترسی: دۆخێک کە هەڕەشە لە ژیان و سڵامەتی جەستەیی یان دەروونیی منداڵ و مێرمنداڵ دەکات و ئازاری پێ دەگەینێ، بە جۆرێک کە دەستێوەردانی خێرا و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی دەوێ.
هەروەها بەندەکانی "ج" و "ح" و بە ئەگەری زۆرەوە "ز" لە ماددەی ٣ی یاسای منداڵان و مێرمنداڵان، دۆخی ئەم مێرمنداڵە " مەترسیدار دێتە ئەژمار و دەبێتە هۆی دەستێوەردان و پاڵپشتیی یاسایی لە منداڵ و مێرمنداڵەکە.
ج) توندوتیژیی بەردەوامی دایک و باوک، سەرپەرستی یاسایی و باقی ئەندامانی بنەماڵە بەرانبەر بە یەکتر
ح) دواکەوتنی منداڵ و مێرمنداڵ لە خوێندن
ز) هەڵاتنی بەردەوام لە ماڵ و قوتابخانە لەلایەن منداڵ و مێرمنداڵەوە
ماددەی ٦ی ئەم یاسایەش پەرژاوەتە سەر جێبەجێکردنی ئەرکی ناوەندە پێوەندیدارەکان لەوانە بێهزیستی، هێزی ئینتیزامی، ڕێکخراوی بەندیخانەکان و کردەوە پەروەردەییەکانی وڵات و کە ئەرکدان بە ناسین، پاڵپشتی، ڕاگرتن و بەهێزکردنی منداڵان و مێرمنداڵان سەبارەت بەم یاسایە.
کوردپا هەر چەشنە منداڵ ئازارییەک کە ببێتە هۆی زیانی فیزیکی و دەروونیی لەسەر منداڵان و مێرمنداڵان بەتوندی مەحکووم دەکات، هەروەها بە سەرنجدان بە سەرنجنەدانی ناوەندە پێوەندیدارەکان لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیاندا سەبارەت بەم مێرمنداڵە و نەبوونی شوێنی هێمن بۆ ڕاگرتنیان، داوا لە هەموو چالاکانی مەدەنی و بیری گشتیی کۆمەڵگەی مەهاباد و کوردستان دەکات کە بە هەر شێوازێک کە دەتوانن پشتیوانی لەم منداڵە بکەن و بەستێنێک ساز بکەن کە بتوانێ لە سڵامەتی دەروونی و فیزیکیدا ژیان بەسەر بەرێت.





