پاش تێپەڕبوونی ٩ ساڵ لە لەسێدارەدانی حەبیب و عەلی ئەفشاری، دوو زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی مەهاباد، تەرمەکانیان هەروا بێسەروشوێنە

04:18 - 7 رەشەمه 2723

٩ ساڵ پێش ئێستا حەبیب و عەلی ئەفشاری، زیندانییانی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام بێ ئەوەیکە مافی کۆتا چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان هەبێت، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لەسێدارە دران. تەرمی ناوبراوان ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوە و لەو کاتەوە هەتا ئێستا هەروا بێسەروشوێنن.

ڕەشید ئەفشاری، برای ئەو دوو زیندانییە سیاسییەی لەسێدارەدراوە لە وتووێژێکدا لەگەڵ کوردپا دەڵێت کە ڕۆژی هەینی ١ی ڕەشەمەی ١٣٩٣ هەواڵی لەسێدارەدرانی براکانمان پێ گەیشت. لە بەڵگەی فەوتی عەلی ئەفشاری کە لە بەردەستی کوردپادایە، ڕێکەوتی لەسێدارەدانەکە ٣٠ی ڕێبەندانی ١٣٩٣ نووسراوە و هۆکاری مردنەکەی "نادیار" تۆمار کراوە.

بە وتەی برای ئەو زیندانییە سیاسییە لەسێدارەدراوە، عەلی و حەبیب بەبێ مافی کۆتا چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان لەسێدارە دراون. بنکە ئەمنییەتییەکان تەنانەت لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی لەلایەن بنەماڵەکانیان بۆ ناوبراوان ڕێگرییان کردووە. هەر بەو هۆیەوە لەلایەن خەڵکی مەهابەدەوە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆی پرسە و سەرەخۆشی بەڕێوە چووبوو و خەڵک بەم شێوازە ڕێزیان لە بنەماڵەی ئەو دوو برا لەسێدارەدراوە نابوو.

ڕەشید ئەفشاری، چالاکی سیاسی و برای ناوبراوان هەروەها وتی: "کاتێک کە بنەماڵەکەم پاش چەند ڕۆژ بۆ وەرگرتنی کەلوپەلی کەسیی ئازیزانمان سەردانی زیندانی ورمێیان کردووە، بەرپرسان وتوویانە دەبێ پێشدا شیرینی بێنن و بڵاوی بکەنەوە، لەلایەکی دیکەوە بۆ هەر یەک لە لەسێدارەدراوان بۆ تێچووی تەنافی ئێعدامەکانیان، بڕی ٥٣ هەزار تمەنیان لە بنەماڵەکەم داوا کردبوو کە دەبێ بیڕژێننە هەژماری بانکیی حکوومەتەوە. لە ئاکامدا بەرپرسانی حکوومەتی بڕە پارەکەیان لێمان وەرگرتووە و لەنێو زینداندا "وەلی ئەفشاری" برای هەر دوو زیندانیی سیاسیی لەسێدارەدراو کە هاوکات لەگەڵ ناوبراوان دەستبەسەر کرابوو بە ڕاکیشانی ڕدێنی، زۆریان لێ کردبوو کە شیرینی بڵاو بکاتەوە و ڕەشپۆش نەبێت. 

ڕەشید ئەفشاری کە خۆی لە ڕەوتی دەسبەسرکرانی ئەندامانی بنەماڵەکەی ناچار کرا زێدی خۆی بەجێ بهێڵێت، ئاماژە بەوە کرد کە دایکی (مەلەکە شەریفی) ماوەیەک پاش لە لەسێدارەدرانی دوو کوڕەکەی بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەست دا. هەروەها باوکی کە پێشتر بەهۆی کوژرانی یەکێک لە براکانی بە ناوی "محەممەدئەمین" بەدەستی کۆماری ئیسلامی و هەروەها خەم و پەشێویی لەدەستدانی دوو ڕۆڵەکەیشی تووشی شێرپەنجەی گەدە ببووە، گیانی لەدەست دا.

محەممەدئەمین ئەفشاری لە ڕێکەوتی ٢ی ڕەشەمەی ١٣٨٨، لە یەکێک لە گوندەکانی سەردەشت بەدەستی کۆماری ئیسلامییەوە کوژراوە.

عەلی ئەفشاری شورجە، لەدایکبووی ٢ی گەلاوێژی ١٣٥٩، لەگەڵ براکەی حەبیبوڵلا ئەفشاری شورجه، لەدایکبووی ١٥ی جۆزەردانی ١٣٩٠، خەڵکی گوندی "گوگجەلە حەبیبلوو" سەر بە مەهاباد، لە سەرەتاکانی ساڵی ١٣٩٠، لەلایەن سپای پاسداران و هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی شارەکانی بۆکان و مەهابادەوە دەسبەسەر کران.

ڕەشید ئەفشاری، چالاکی سیاسی و برای ناوبراوان هەروەها وتی: "کاتێک براکانم دەستبەسەر کران هەتا ٦ مانگ بێسەروشوێن بوون. هەروەها هەتا یەک ساڵ و دوو مانگ بنەماڵەکەمان لە مافی چاوپێکەوتنیان بێبەری کرابوون. براکانم لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان، مەهاباد و ورمێ لەژێر ئازار و ئەشکەنجەیەکی تونددا بوونە".

لە مانگی بەفرانباری ١٣٩٠، دادگای ئینقلابی مەهاباد بە تۆمەتی "محاربە واتا دژایەتیکردن لەگەڵ خودا"، لەڕێگەی چالاکیی تەبلیغی و ئەندامبوون لە کۆمەڵە"، حەبیب و عەلی ئەفشاریی بە ئێعدام مەحکووم کرد. حوکمی ئێعدامی ناوبراوان لە خەرمانانی ١٣٩٠، لە لقی ٣٢ی دیوانی باڵای ئێران پشتڕاست کرایەوە. هەروەها سوڵتان و وەلی ئەفشاری، براکانی ناوبراوان لەلایەن دادگاوە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە کۆمەڵە"، بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کران.

عەلی ئەفشاری خیزاندار و خاوەن کچێک بە ناوی "دیلانـ"ـە.

حەبیب ئەفشاری خێزاندار و خاوەن کچێکە بە ناوی "سکاڵا".

محەممەدئەمین ئەفشاری خێزاندار و خاوەن دوو کوڕ بە ناوەکانی "کاوە" و "کامیار"ە.

هەومووی ئەم منداڵانە پاش لەسێدارەدانی باوکەکانیان بەدەستی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، تەمەنیان ژێر ١٠ ساڵ بووە.

ئامادەکردن: ئەوین مستەفازادە