مەریوان؛ دانا لەنجاوایی، چالاکی مەدەنی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

14:04 - 4 رەشەمه 2723

ڕۆژی سێشەممە یەکی ڕەشەمەی ١٤٠٢، دانا لەنجاوایی، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی مەریوان، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ ئیلاعاتی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا لەمبارەوە ڕایگەیاند: ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی ڕەشەمەی ١٥٠٢، دانا لەنجاوایی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە بۆ دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئەم شارە ڕاگوێزرا و پاش تێگەیاندنی لە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بە دەرکردنی بڕیاری دەسبەسەرکرانی کاتیی یەک مانگە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی مەریوان گوازرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا، ئەم چالاکە مەدەنییە لە ماوەی ڕابردوودا بە هۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەتی و هەوڵی دووبارە بۆ دەسبەسەرکردنی، ناچار بووە بە نهێنی بژیت.

دانا لەنجاوایی ساڵی ١٣٩١ پاش بەڕێوەبردنی مانگرتنی خوێندکارانی پەیام نووری مەریوان، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە لەسێدارەدانی سێ بەندکراوی سیاسیی کورد، دەسبەسەر کرا و لەلایەن دادگای ئینقلابی مەریوانەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە یەک ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی" بە ٨ مانگ بەندکران و لێدانی ٥٠ قامچی سزا دراوە.

ئەم چالاکە مەدەنییە لەژێر گوشاری ئیتلاعاتی مەریواندا لە درێژەدان بە خوێندن بێبەری کراوە.

دانا لەنجاوایی لە بواری مەدەنی، ژینگەپارێزی و ڕۆژنامەوانی چالاکیی هەبووە و یەکێک لە هەواڵنێرانی ئاژانسی هەواڵی موکریان بووە.