قووچان؛ هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵی مێهران ڕەحیمی، هونەرمەندی کورد بۆ دەسبەسەرکردنی ناوبراو

22:59 - 2 رەشەمه 2723

مێهران ڕەحیمی، هونەرمەندی کوردی خەڵکی قووچان کە گۆرانییەکانی باس لە پشتیوانی لە فەرهەنگ و زمانی کوردی دەکەن، پاش چەند جار هۆشداریدان و گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان، سزای دەسبەسەرکردنی بۆ دەرکراوە و هێزە ئەمنییەتییەکان بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی تاکوو ئێستا دوو جار هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکی ڕەشەمەی ١٤٠٢، هێزە ئەمنییەتییەکان بە حوکمی دەسبەسەرکردنی ناوبراو، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی و کاتێ زانیویانە لە ماڵ نییە، گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەکەی کە دەبێ مێهران ڕادەستی ناوەندە ئەمنییەتییەکان بکەن.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە بە کوردپای وت؛ مێهران ڕەحیمی تاکوو ئێستا چەند جار پەیامی هۆشداری پێ گەیشتووە و کەوتووەتە ژێر گوشار کە جلی کوردی لەبەر نەکات و گۆرانیی کوردی نەڵێت. هێزە ئەمنییەتییەکان بەم بیانوویە تۆمەتی "پشتیوانی لە مونافقین و گرووپە تێرۆریستییەکان"یان داوەتە پاڵی و دەلێن "دژە شۆڕش"ە.

سەرچاوەی کوردپا دەڵێ؛ ئەم هونەرمەندە بە توندی لەژێر گوشاردایە تاکوو تا ڕۆژی پێنجشەممە، ٣ی ڕەشەمە، خۆی بە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی شاری "رازوجەرگەلان" لە پارێزگای خوراسانی باکووری بناسێنێ، ئەگەر ئەم کارە نەکات لە هەر کوێ دەسبەسەری بکەن، زیاتر لە یەک ساڵ سزای بەسەردا دەسەپێنن.

مێهران ڕەحیمی، هونەرمەندی کوردی خەڵکی قووچان، سەر بە پارێزگای خوراسانی باکوورە. ناوبراو تاکوو ئێستا چەندین گۆرانیی بە نیشانەی پاڵپشتی لە زمان و فەرهەنگی کوردی وتووە و بەم هۆیەوە کەوتووەتە ژێر گوشار وهەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەستیاربوونی ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە زمان و جلوبەرگی کوردی لە ئاستێکدایە کە دەتوانن بەم بیانوویە و بە تۆمەتی پاڵپشتی لە "دژە شۆڕش" سزای قورس بۆ چالاکان و هاووڵاتییانی ئەم ناوچەیە دەر بکەن.