پەخشان عەزیزی لە دادسەرای ئەمنیەتیی ئێڤیندا تۆمەتە وەپاڵدراوەکەی بۆ ڕوون کرایەوە

10:52 - 23 رێبەندان 2723

پەخشان عەزیزی، ژنە چالاکی کورد و زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵكی مەهاباد، لەلایەن لقی ٥ی لێپرسینەوەی دادسەرای ئەمنییەتی ئێڤینەوە سەبارەت بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکەی ڕوونکردنەوەی پێ درا و بە "ئەندامەتی لە گرووپە دژبەرەکانی وڵات"، تۆمەتبار کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی ئەم چالاکە کوردە لە لقی ٥ی لێپرسینەوەی دادسەرای ئەمنییەتیی ئێڤین بەڕێوەچوو و دۆسییەکەی بە دەرکرانی بەڵگە بۆ دیاریکردنی سزاکەی، بە مەبەستی پێڕاگەیشتن ڕادەستی لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئیمان ئەفشاری"، کرا.

پەخشان عەزیزی لە سەرماوەزی ئەمساڵدا، پاش چوار مانگ لێپرسینەوە لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤینەوە بۆ بەندی ژنانی ئەم بەندیخانەیە ڕاگوێزرا.

پەخشان عەزیزی،  ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لە تاراندا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین ڕاگوێزرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی خەزەڵوەر، ماڵپەڕی "بی تاوان"، سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، باسی لە دەسبەسەرکردنی پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی و سیروان محەممەدڕەزایی بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران " کرد.

وریشە مورادی (جوانا سنە)، ژنە چالاکی کورد، ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لە دەوروبەری سنەدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

پەخشان عەزیزی، ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٨٨، لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران، دژی لەسێدارەدانە سیاسییەکان لە کوردستان، لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ٤ مانگ دەسبەسەرکران، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ئەم ژنە چالاکە کوردە پاش ماوەیەک لە ئێران چووبووە دەرەوە و چەند ساڵێک لە هەرێمی کوردستانی عێراق نیشتەجێ بوو.