ئەسعەد محەممەدی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی سنە کرا

01:59 - 18 رێبەندان 2723

ڕۆژی سێشەممە، ١٧ی رێبەندان، ئەسعەد محەممەدی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە، پاش بانگکران بۆ لقی جێبەجێکاری سزاکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئەم شارە، دەسبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی، ڕەوانەی بەندیخانەی سنە کرا.

پێشتر ئەم چالاکە مەدەنییە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بە یەک ساڵ بەندکرانی تەعزیری سزا درابوو.

شەوی دووشەممە، ٢ی گەلاوێژ، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە لە "ویلاشار"ی سنە و دەسبەسەریان کردبوو.

ئەم چالاکە مەدەنیە، پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ڕۆژی شەممە، ٢١ی گەلاوێژیش، بەهار ئەحمەدی، هاوسەری ئەسعەد ئەحمەدی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو.