کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزە سنوورییەکانی عێراق لە ناوچەی "تێلوور"ی شۆشمێ گیانی لەدەست دا

13:03 - 3 رێبەندان 2723

ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕێبەندان، کۆڵبەرێک بە ناوی "هوشیار مەحموودی" کوڕی ئەسکەندەر، خەڵکی گوندی "شمشێری" پاوە، لە ئەنجامی تەقەی هێزە سنوورییەکانی عێراق، لە ناوچەی "تێلوور"ی شۆشمێی پاوە، گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تەرمی ئەو کۆڵبەرە کوردە بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی پزیشکی دادوەریی کرماشان کراوە.

لەو ڕووداوەدا، کۆڵبەرێکی دیکە بەهۆی تەقەی هێزە سنوورییەکانی عێراق پێکراوە، کە هەتا ئێستا شوناسی بۆ کوردپا ڕوون نەبووەتەوە.

هوشیار مەحموودی تەمەن ٣٨ ساڵ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵە.