سنە؛ گێڕانەوەیەک لە برینداربوونی چاوی سەید عەدنان حوسێنی بە ١٢٠ فیشەکی ساچمەیی و دەسبەسەرکردن و ئەشکەنجەکردنی هەتا هەڕەشەی کوشتنی

18:23 - 18 بەفرانبار 2723

بەشێکی بەرچاو لە بریندارانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی ئەو کەسانەن کە چاویان بریندار بووە؛ لەسەرەوەبوونی ئاماری ئەم بریندارانە نیشانی دەدات کە هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بەئەنقەست تەقەیان لە سەر و دەموچاوی هاووڵاتییان کردووە و ئەمە یەکێک لە شێوازەکانی ئەوان بۆ سەرکوتی ناڕازییان بووە.

شاری سنە یەکەم شار بوو کە پەیوەستی ناڕەزایەتییەکانی سەقز بوو و لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا ڕۆڵێکی تایبەتی هەبوو. لەم شارەدا ١٩ کەس گیانیان لەدەست دا و بە سەدان کەس بریندار بوون و ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵکیش دەسبەسەر کران کە ئەمانە بەشێک لە سەرکوتی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامی لەم شارە بەئەژمار دێن.

کوردپا کە بەشێوەی تایبەت شێوەی برینداربوون و گیانلەدەستدانی خۆپیشاندەرانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەگێڕێتەوە، ئەمجارە لە وتووژێکدا لەگەڵ عەدنان حوسێنی، باس لە شێوازی برینداربوونی ناوبراو لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی شاری سنە دەکات. عەدنان حوسێنی بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکی ساچمەیی، بینایی چاوی ڕاستی لەدەست داوە و پاش دەسبەسەرکرانی بەتوندی ئەشکەنجە کراوە. بەهۆی تۆمارکردنی سکاڵا لە هێزەکانی سپای پاسداران، دوابەدوای تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن ئەم هاووڵاتییەوە، بە ڕاگرتنی چەک لەسەر سەری هاوسەرەکەی، هەڕەشەی کوشتنیان لێ کردووە.

تەقەکردن لە سەید عەدنان حوسێنی لە گەڕەکی "نایسەری" سنە؛

عەدنان حوسێنی کە بە وتەی خۆی بە شێوەی گرووپی چالاکیی کردووە، کراوەتە ئامانجی تەقەی چەکی "شاتگان" و بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکی ساچمەییەوە لە نێوقەد بەرەو سەرەوە بریندار بووە. تەقەکردنەکە بە شێوەیەک بووە کە زیاترین فیشەک بەر سەر و سکی کەوتووە و بووەتە هۆی ئەوەی کە بینایی چاوی ڕاستی و ڕێژەیەکیش لە بینایی چاوی چەپی لەدەست بدات.

سەیدعەدنان حوسێنی لەمەڕ چۆنییەتیی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانەکان و تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان بە کوردپای ڕاگەیاند؛ ئێمە بە شێوەی گرووپی لە شەقامەکانی سنەدا و بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی و هێمنانە خەباتمان دەکرد کە هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت بە چەکی "شاتگان"، تەقەیان لێ کردین و هەر دوو چاوی من بریندار بوون.

بە وتەی سەید عەدنان حوسێنی، ئەو و هاوڕێکانی ڕۆژی ٣٠ی خەزەڵوەری سآڵی ١٤٠١ لە گەڕەکی نایسەری سنە، کەتوونەتە کەمینی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەتەوە و بە چەکی "شاتگان"، تەقەیان لێ کراوە. لە ئاکامی ئەم تەقەکردنەدا، سەید عەدنان حوسێنی لە نێوقەد بەرەوژووری جەستەیەوە، ١٢٠ فیشەکی ساچمەیی بەر کەوتووە.

گواستنەوەی سەیدعەدنان حوسێنی بۆ سێ نەخۆشخانە و لەدەستدانی بینایی چاوی ڕاستی؛

عەدنان حوسێنی لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا دەڵێت؛ دەسبەجێ پاش برینداربوونم، لەلایەن هاوڕێکانمەوە لە شوێنی ڕووداوەکە دوور خرامەوە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی سنە کرام. بەڵام بەهۆی خراپبوونی دۆخی چاوم، بەخێرایی ڕەوانەی نەخۆشخانەی "فارابی"ی تاران کرام.

چاوی ڕاستی ئەو هاووڵاتییە لە نەخۆشخانەی "فارابی"ی تاران چەند نەشتەرگەرییەکی بۆ ئەنجام دەدرێت. بەڵام بەهۆی خراپبوونی دۆخی چاوی دەیگوازنەوە بۆ "کلینیکی نوین دیدگان"ی تاران و سەرەڕای ئەوەیکە چەند نەشتەرگەرییەکی دیکەی بۆ دەکرێت، بەڵام بینایی چاوی ڕاستی بە تەواوەتی لەدەست دەدات.

بە وتەی پزیشکەکان، ئیمکانی درێژەدانی نەشتەرگەرییەکانی چاوی عەدنان حوسێنی لە ئێران نییە و ناوبراو دەبێ بۆ درێژەی ڕەوتی چارەسەرکردنی چاوی بڕواتە دەرەوەی ئێران.

ئەو هاووڵاتییە بریندارە، سەبارەت بە برینەکەی چاوی دەڵێت؛ دوو فیشەکی ساچمەیی لە سۆرب بە چەکی "شاتگان" چاوی ڕاستیان پێکاوم کە ئەمە بووەتە هۆی برینداربوونی دەمارەکانی چاوم. ساچمەیەکیش لەنێو بیلبیلەی چاوی چەپم بەجێ ماوە.

هەوڵەکانی هێزە ئەمنییەتییەکان لە کلینیکی "نوین"ی تاران بەمەبەستی دەسبەسەرکردنی سەید عەدنان حوسێنی و لە کۆتاییدا، دەسبەسەرکردنی ناوبراو لە سنە؛

سەیدعەدنان حوسێنی سەبارەت بە هەوڵەکانی هێزە ئەمنییەتییەکان لە کلینیکی "نوین"ی تاران بۆ دەسبەسەرکردنی بە کوردپای ڕاگەیاند؛ چوارەمین نەشتەرگەریی چاوم کرابوو کە هێزە ئەمنییەتییەکان لە هەوڵی دەسبەسەرکردنمدا بوون و پاش ئاگاداربوونەوەم لەم شتە، لە کلینیکی "نوین"ی تاران هەڵاتم. بەڵام لە کاتی گەڕانەوە بۆ سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرام.

دەسبەسەرکرانی سەید عەدنان حوسێنی و لەدەستدانی توانانی بیستنی گوێی چەپ و شکاندنی چوار ددانی، هەروەها هەڕەشەی کوشتنی خۆی و بنەماڵەکەی لە ماوەی ١١ ڕۆژ دەسبەسەربوون و لێکۆڵینەوەدا؛

سەیدعەدنان حوسێنی پاش چوار جار نەشتەرگەری بۆ چاوی ڕاستی و کاتێک کە هێزە ئەمنییەتییەکان لە هەوڵی دەسبەسەریکردنی، لە کلینیکی "نوین"ی تاراندا بوون، پاش گەڕانەوە بۆ سنە، لە ڕۆژی ٥ی بەفرانباری ١٤٠١دا، لەلایەن هێزە لیباس شەخسییە (نەناسراو)ەکانەوە، کە دەموچاوی خۆیان داپۆشیبوو، دەسبەسەر کرا. بە وتەی عەدنان حوسێنی هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی ناوبراو بە چاوی بەستراوەوە دەیخەنە ماشینێکەوە و بۆ شوێنێکی نادیاری ڕادەگوازن.

سەید عەدنان حوسێنی سەبارەت بە ئەشکەنجە و هەڕەشەکان لە دژی خۆی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، دەڵێت؛ لە ماوەی ١١ ڕۆژ دەسبەسەریدا، ئازار و ئەشکەنجەی زۆرم چێشت بە جۆرێک کە قورسیی برینەکان لەسەر جەستەم دیار بوو، بە تایبەتی لەدەستدانی توانایی بیستنی گوێی چەپم و شکاندنی چوار ددانم، لێوەرگرتنی دانپێنانی زۆرەملێ و هەڕەشەی ڕاستەوخۆی کوشتنی خۆم و هاوسەرەکەم و منداڵەکەم لە ئەگەری بەمیدیاییکردن، یەکێکی دیکە لەو گوشارانە بووە کە لە ماوەی دەسبەسەرکرانمدا، لەسەرم بووە.

ئەو هاووڵاتییە، لە کۆتاییدا، پاش ١١ ڕۆژ ئازار و ئەشکەنجە، نیوەشەوێک لە نزیکی شاری سنە بە چاوی بەستراو لە ماشینێک فڕەی دەدرێتە خوارەوە.

ئەم هاووڵاتییە سەبارەت بە لێپرسەکانی دەڵێت؛ لێپرسەکان بە زاراوەی "کەلهوری" قسەیان لەگەڵ دەکردم بەو هۆیەوە پێی وایە ئەو هێزەی ناوبراوی دەسبەسەر کردووە لە هێزەکانی  ئیتلاعاتی سپای پاسداران بووبێتن، هەرچەندە هەتا ئێستا نازانێت ماوەی ئەو ١١ ڕۆژە کە دەسبەسەر کراوە و لێپرسینەوەی لێ کراوە لە کوێ بووە.

هەڕەشەی کوشتن لە بنەماڵەی عەدنان حوسێنی و ڕاگرتنی چەک لەسەر سەری هاوسەرەکەی بەمەبەستی پاشگەزبوونەوە لە تۆمارکردنی سکاڵا؛

ئەو هاووڵاتییە کە ئێستا لە وڵاتی ئاڵمان نیشتەجێیە، سەبارەت بە تۆمارکردنی سکاڵاکەی لە هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت لە دادگای ئینقلابی سنە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ پاش ئازادکرانم دوای ١١ ڕۆژ و ئازار و ئەشکەنجەی زۆر لە شوێنێکی نادیار، بەبێ هیچ هۆکار و بەڵگەیەکی یاسایی، لە دژی سپای پاسداران سکاڵام تۆمار کرد بەو هیوایە کە ڕەنگە بتوانم کەسانێک لەو ناوەندە سەرکوتکەرە مەحکووم بکەم، بەڵام پاش تۆمارکردنی سکاڵاکەم، دەسبەجێ و لە هەمان شەودا، هێزە ئەمنییەتییەکان ڕژانە نێو ماڵەکەم و هەڕەشەی کوشتنیان لێ کردم.

عەدنان حوسێنی سەبارەت بە چۆنییەتیی هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی دەڵێت؛ هێزە ئەمنییەتییەکان چەکیان لەسەر سەری هاوسەر و منداڵەکەم ڕاگرت و هەڕەشەیان کرد کە دەبێت دەست لە سکاڵاکەم هەڵگرم و بەدواچوون بۆ سکاڵاکەم نەکەم.

سەیدعەدنان حوسێنی؛

سەیدعەدنان حوسێنی، کوڕی سەید ئیبراهیم و حەنیفە، لەدایکبووی ١ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٧٧، لە شاری سنەیە.

ناوبراو خێزاندار و باوکی منداڵێکی تەمەن ٢ ساڵانە؛ عەدنان حوسێنی ئێستاکە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەریی دووبارەی چاوی و لە دەسبەسەری ترسی دەسبەسەرکرانی دووبارە، وەکوو پەنابەر چووەتە وڵاتی ئاڵمان.

ئامادەکردنی؛ ستار ئیبراهیمی