دەرکرانی حوکمی لەسێدارەدرانی چوار زیندانیی سیاسیی کورد و مەترسیی جێبەجێکردنی سزاکانیان

07:50 - 17 بەفرانبار 2723

حوکمی لەسێدارەدرانی موحسن مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتحی، چوار زیندانیی سیاسیی کورد، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵ و نیوێک دەسبەسەرکران و بێسەروشوێنبوون، لە بێدەنگیی تەواودا دەر کراوە و دۆسییەکەیان بۆ پشتڕاستکرانەوەی سزاکە، ڕەوانەی دیوانی باڵای وڵات کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییانە لە ڕێگەی بەدواداچوونی بەردەوامەوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا زانیویانە کە حوکمی لەسێدارەدرانی منداڵەکانیان دەر کراوە و دۆسییەکەیان بە مەبەستی پشتڕاستکرانەوەی حوکمی لەسێدارەدرانەکان لە لقی ٣٩(دڵنیا نین)ی دیوانی باڵای وڵاتدایە. هەروەها ناوەندە ئەمنییەتییەکان لەوانە وەزارەتی ئیتلاعات فەرمانی بە ناوەندە دادوەرییەکانی دیوانی باڵای وڵات داوە کە حوکمەکان بەپەلە پشتڕاست بکرێنەوە و جێبەجێ بکرێن.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا جەختی کردەوە؛ ئەم زیندانییانە لەلایەن دادگاوە پارێزەریان بۆ دیاری کراوە و تاکوو ئێستا بنەماڵەکانیان نازانن ئەم پارێزەرانە کێن و هیچ پێوەندییەکیان لەگەڵ بنەماڵەکان نەگرتووە. لە لایەکی ترەوە بنەماڵەکان، "مەسعوود شەمس نژاد"، پارێزەری پلە یەکی دادگوستەرییان وەکوو پارێزەری منداڵەکانیان بە ناوەندە دادوەرییەکان ناساندووە، بەڵام مەسعوود شەمس نژاد لە ماوەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوودا نەیتوانیوە دۆسییەکەیان ببینێ و هیچ وڵامێکیشی لەلایەن ناوەندە دادوەرییەکانەوە وەرنەگرتووە.

سەرچاوەکەی کوردپا وتیشی؛ بێ‌ئاگابوونی بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییانە لە دۆسییەکانیان لە ئاستێکدایە کە تەنانەت نازانن دۆسییەکە لە دیوانی باڵای وڵاتدا گەیشتووەتە کۆتایی یان نە و تەنیا دەزانن دۆسییەکە لە یەکێک لە لقەکانی ئەم دیوانە و بە ئەگەری زۆرەوە لە لقی ٣٩یە.

موحسن مەزڵوووم خەڵكی مەهاباد، هەژیر(محەممەد) فەرامەرزی خەڵكی دێولان سەر بە شاری سنە، وەفا ئازەربار خەڵكی بۆکان و پژمان فاتحی خەڵکی کامێران، ڕۆژی یەکی گەلاێژی ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە گوندی "یەنگیجە" سەر بە ناوچەی سۆمای ورمێ دەسبەسەر کران. لە ماوەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوودا، بنەماڵەکانیان سەبارەت بە شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی منداڵەکانیان هیچ زانیارییەکیان نەبووە و ئەم زیندانییانە لە هەموو ئەم ماوەیەدا لە دەسپیڕاگەیشتن بە پارێزەر، پێوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون.

کۆماری ئیسلامی دوو جار و لە مانگەکانی ڕەزبەر و سەرماوەزی ١٤٠١دا، ڤیدیۆی دانپێدانای زۆرەملێی ئەم زیندانییە سیاسییانەی بڵاو کردەوە. لەم دانپێدانانە زۆرەملێیەدا هاتووە کە ئەوان "ئامانجیان تەقینەوە لە یەکێک لە کارخانە فڕۆکەسازییەکانی ئێسفەهان بووە." بەڵام کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بەتوندی ئەم دانپێدانان و تۆمەتە وەپاڵدراوە دژی ئەندامەکانی خۆی ڕەت کردەوە و ئەمەی بە بیانوویەک بۆ سەرکوتی هەرچی زیاتری کوردستان و خەباتی خەڵک بەتایبەت لە کاتی ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی کوردستان و ئێراندا زانی.

بە سەرنجدان بە سێنارۆسازییەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان و ناڕوونیی چارەنووسی ئەم چوار زیندانییە سیاسییە کوردە، بنەماڵەکانیان چەندین جار داوایان لە ناوەندە نێونەتەوەییەکانی و ناوەندە مافی مرۆییەکان کردووە کە یارمەتی منداڵەکانیان بدەن  تاکوو سزای سێدارەیان بەسەردا نەسەپێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، وێڕای مەحکوومکردنی دەرکرانی ئەم حوکمە دژی ئەم چوار زیندانییە سیاسییە و دەربڕینی نیگەرانیی جیدیی خۆی سەبارەت بە زۆربوونەوەی ئەگەری لەسێدارەدرانی ئەم زیندانییانە، جەخت دەکاتەوە کە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم زیندانییە سیاسییانە بە بێ مافی دەسپێڕاگەیشتن بە دادڕەسیی دادپەروەرانە و پارێزەر بووە و لەگەڵ هەموو پێوەرە مافی مرۆییەکان و تەنانەت یاساکانی خودی کۆماری ئیسلامیش  ناتەبایە. هەروەها دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ئەم کەسانە لە ماوەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوودا بە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ دەزانێت.

پیشتر کوردپا، ڕایگەیاندبوو کە بە سەرنجدان بەوەی کە هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ئەم چوار کەسە لەبەر دەستدا نییە و بنەماڵەکانیشیان ئاگایان لە چارەنووسیان نییە و هەروەها بە سەرنجدان بە ڕاگەیەندراوەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کە تەنانەت بە بێ لەبەرچاوگرتنی یاساکانی خودی کۆماری ئیسلامی و پێش دادڕەسی، تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ "موووساد"یان داوەتە پاڵیان، ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا ڕایگەیاند کە ئەوان لە شوێنێکی نادیار و بە بێ مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەکانیان لەگەڵ دادڕەسیی نادادپەروەرانەدا، دانپێدانی زۆرەملێ و بێشەروشوێنکردن بەرەوڕوون.