سەردەشت؛ گێڕانەوەیەک لە شێوازی برینداربوونی ئاکۆ مەعرووفی‌ئازەر بە ١٣ فیشەکی ساچمەیی و ئەگەری لەدەستدانی بینایی چاوی

23:46 - 7 رێبەندان 2723

شەوی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، لە سێیەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادیدا، ئاکۆ مەعرووفی‌ئازەر، خەڵکی سەردەشت، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا بە فیشەکی هێزە سەرکوتکەرەکان پێکرا و سەر و ملی بەتوندی بریندار بوون.

کوردپا کە بەشێوەی تایبەت شێوەی برینداربوون و کوژرانی ناڕازییانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەگێڕێتەوە، ئەمجارە لە وتووێژ لەگەڵ "ئاکۆ مەعرووفی‌ئازەر"، هاووڵاتیی تەمەن ٢٨ ساڵی خەڵکی سەردەشت، پەرژاوەتە سەر شێوەی برینداربوونی ئەم هاووڵاتییە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکاندا.

ئاکۆ مەعرووفی‌ئازەر لە دوای برینداربوونی سەر، سینگ، دەست و چاوی ڕاستی، سێ جار نەشتەرگەریی بۆ کرا؛ فیشەک بەر شوێنە هەستیارەکانی چاوی کەوتوون و پێویستی بە نەشتەرگەری بۆ دەرهێنانی ساچمەکانە و ئەگەر نەشتەرگەریی بۆ نەکات، ئەگەری لەدەستدانی بینایی چاوی زۆرە.

لەلایەکی تریشەوە، ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، بە هۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بەشێوەی نهێنی ژیاوە و پاش ئەوەی کە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە چوونەدەرەوەی لێ قەدەغە کراوە و بەدوایدا گەڕاون، ناچار بووە ئێران بەجێ بهێڵێ.

برینداربوونی ئاکۆ مەعرووفی‌ئازەر بە ١٣ فیشەکی ساچمەیی و برینداربوونی سینگ، دەموچاو و چاوی؛

شەوی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، لە سێیەمین ڕۆژی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا و لە درێژەی ناڕەزایەتییەکان بە قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی، سەردەشتیش پەیوەستی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان بوو. ئاکۆ مەعرووفی‌ئازەر یەکێک لە خۆپیشاندەرانی ئەم شارە بوو کە ڕۆڵێکی بەرچاویشی لە ناڕەزایەتییەکان لە ئەستۆ بوو و بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان بەتوندی بریندار بوو.

ئەم هاووڵاتییە سەبارەت بە بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان و شێوەی برینداربوونی خۆی بە کوردپا دەڵێ؛ لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا پێشەنگایەتیی خۆپیشاندەرانم لە ئەستۆ گرت، ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی سەردەشت زۆر زوو لەگەڵ دەستێوەردان و تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان بەرەوڕوو بوونەوە، منیش یەکێکی لە بریندارەکانی ئەو ناڕەزایەتییانە بووم. هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت کە لە پایەگای "بریسۆ"، جێگیر کرابوون، لە مەودای ٣٠ میترییەوە بە چەکی تاپڕ، تەقەیان لە ئێمە کرد کە لە بازاڕی "گوڵزار" بووین و من بە هۆی بەرکەوتنی ١٣ فیشەکی ساچمەیی، سەر، سینگ، دەست و چاوم بەتوندی بریندار بوون.

ئاکۆ مەعرووفی‌ئازەر پاش برینداربوون، لەلایەن خەڵکەوە دەبردرێتە شوێنێکی ئەمن و لە ترسی دەسبەسەرکران لە ڕۆیشتن بۆ نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی خۆی دەبوێرێ.

سەردانی نەخۆشخانەی "نیکووکاری"ی تەورێز بە هۆی توندیی برینەکانەوە؛

ئاکۆ مەعرووفی‌ئازەر، لە شوێنی حەسانەوەی سەرەتاییدا، لەلایەن هاوڕێکانییەوە بە شێوەیەکی سەرەتایی چارەسەری بۆ کرابوو، بەڵام بە هۆی توندیی برینەکانییەوە ناچار دەبێ سەردانی نەخۆشخانەی "نیکووکاری"ی تەوریز بکات.

ئاکۆ مەعرووفی‌ئازەر، لەمبارەوە بە کوردپای وت: لە نەخۆشخانەی "نیکووکاری"ی تەورێز لە ترسی دەسبەسەرکران بە پزیشکەکەم وت کە بە هۆی بەرکەوتنی "شتێکی تیژ"، تووشی ئەم ڕووداوە بووم، و پزیشکەکە وتی نیگەران مەبە ئێمە ساچمەکان لە چاوت دەردەهێنین. بەڵام من هەر ترسی ئەوەم هەبوو کە دەسبەسەر بکرێم بۆیە سەردانی پزیشکێکی گشتیم لە تەوریز کرد، بەڵام بە هۆی نەبوونی ئیمکانات و پسپۆڕیی پێویست بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری و دەرهێنانی ساچمەکان، ناچار بووم دیسان بچمەوە بۆ نەخۆشخانەی "نیکۆکاری"ی تەوریز.

ئەگەری لەدەستدانی بینایی چاوی ڕاست لە ئەگەری ئەنجامنەدانی نەشتەرگەری؛

لە نەخۆشخانەی "نیکووکاری"ی تەورێز، بە هەوڵی پزیشکەکان، چەند دانەیەک لە ساچمەکان لە چاوی ئەم خۆپیشاندەرە دەرهێنراون، بەڵام هێشتا لە سەر و دەست و چاویدا، چوار ساچمە ماونەتەوە.

ئاکۆ مەعرووفی‌ئازەر، لەمبارەوە دەڵێ: لە نەخۆشنانەی نیکووکاری سێ جار نەشتەرگەری چاوم بۆ کرا، بەڵام هێشتا دوو ساچمە لە پشت چاوی ڕاستم ماونەتەوە چونکە جێگاکەیان هەستیارە. هەر بەم هۆیەوە پزیشکەکان ماددەی چەسپی سیلیکۆنیان کردووەتە پشت چاوم، تاکوو ساچمەکان نەبنە هۆی دڕاندنی "تۆڕێ چاوم.

لە ئێستادا، چاوی ڕاستی ئاکۆ مەعرووفی‌ئازەر، پێویستی بە نەشتەرگەریی خێرا هەیە و ئەگەر ئەم نەشتەرگەرییەی بۆ نەکرێ ئەگەری هەیە بینایی چاوی لەدەست بدات.

هەوڵ و گوشاری هێزەکانی حکوومەت بۆ سەر برینداران بە مەبەستی وتووێژ لەگەڵ میدیا حکوومەتییەکان؛

لەو ماوەیەدا کە ئاکۆ مەعرووفی‌ئازەر، لە نەخۆشخانەی "نیکووکاری"ی تەورێز نەشتەرگەریی بۆ کراوە، هێزە حکوومەتییەکان بە مەبەستی چاوپێکەوتن و وەرگرتنی لێدوان لە بریندارانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەچنە نەخۆشخانە و دەیانخەنە ژێر گوشارەوە.

ئەم خۆپیشاندەرە کە لە نەخۆشاخنەی "نیکووکاری"ی تەورێز خەوێندرابوو لەمبارەوە بە کوردپای وت: لە ماوەیەکدا کە من و ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی برینداربووی ناڕەزایەتییەکان لە نەخۆشخانەی نیکووکاری خەوێندرابووین، هێزەکانی حکوومەت بە هاتن بۆ نەخۆشخانە، خوازیاری وتووێژی ئێمە لەگەڵ میدیا حکوومەتییەکان بوون، ئەوان دەیانەویست ئێمە ناچار بکەن کە بڵێین لەلایەن "داعش"ـەوە تەقەمان لێ کراوە. بەڵام ئێمە داواکارییەکەمان ڕەت کردەوە و هیچ وتووێژێکمان نەکرد.

ئاکۆ مەعرووفی‌ئازەر سەبارەت بە برینداربووانی ناڕەزایەتییەکان لە نەخۆشخانەی "نیکووکاری" دەڵێ؛ ڕێژەیەکی زۆر لە برینداران خەڵکی شارەکانی تاران، بۆکان، سەقز، تەورێز، سەردەشت و مەهاباد بوون.

خۆشاردنەوە و بەجێهێشتنی ئێران دوابەدوای بانگکرانە بەردەوامەکان، قەدەغەکرانی چوونەدەرەوە و گەڕان بە دوای ئاکۆ مەعرووفی‌ئازەر؛

ئەم خۆپیشاندەرە تەمەن ٢٨ ساڵە، پاش برینداربوون و ئاشکرابوونی بە بەردەوامی لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکاندا بووە تا جێگایەک کە ناچار دەبێ بۆ ماوەی یەک ساڵ بە نهێنێ بژیت.

ناوبراو لەم پێوەندییەدا بە کوردپای وت: ناوەندە ئەمنییەتییەکان بەردەوام پێوەندیی تلفۆنییان پێوە دەکردم و دەیانویست خۆم بە ناوەندە ئەمنییەتییەکان بناسێنم. بانگکران و گوشارەکان  ئەوەندە درێژەیان کێشا کە ناچار بووم لە یەک ساڵی ڕابردوودا لە شارێکی ورمێ و گوندوکانی دەوروبەری و بە شێوەی نهێنی بژیم. بەڵام گوشارەکان بۆ دەسبەسەرکردنم هەروا بەردەوام بوون و زانیم کە چوونەدەرەوەم قەدەغە کراوە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش بەدوامدا دەگەڕێن؛ بۆیە ناچار بووم کە پەنا بۆ یەکێک لە وڵاتانی درواسێ بەرم.

ئاکۆ مەعرووفی‌ئازەر؛

ئاکۆ مەعرووفی‌ئازەر، کوڕی مستەفا و ئامێنە، لەدایکبووی ٢٨ی بەفرانباری ١٣٧٤ لە شاری سەردەشت و کاسبکارە.

ناوبراو خێزاندارە و دوو مانگ پێش برینداربوونی هاوسەرگیری کردووە.

 ئامادەکردن؛ ستار ئیبراهیمی