ئەیووب کەریمی، زیندانیی عەقیدەتیی کورد لە زیندانی قزڵحساری کەرەج لە سێدارە درا

09:33 - 8 سەرماوەز 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی سەرماوەز، ئەیووب کەریمی، زیندانیی عەقیدەتیی کوردی خەڵکی مەهاباد، پاش ١٤ ساڵ زیندان، لە زیندانی قزڵحساری کەرەج، لە سێدارە درا.

ئەم زیندانییە عەقیدەتییە، ڕۆژی ٣٠ی خەزەڵوەر، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزڵحساری کەرەج کرابوو.

ئەم زیندانییە کوردە، لەدایکبووی ساڵی ١٣٥٧، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ١٤ی خەزەڵوەر، قاسم ئابستە، کە دۆسییەیەکی هاوبەشی لەگەڵ ئەیووب کەریمی هەبوو، لە زیندانی قزڵحساری کەرەج لە سێدارە درا.

ئەیووب کەریمی، ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی ١٣٨٨، لەگەڵ ٦ هاووڵاتیی کوردی دیکە بە ناوەکانی قاسم ئابستە، ئەنوەر خزری، داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، کامران شێخە و خەسرەو بەشارەت، خەڵکی شارەکانی سەقز و مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ ماوەی ٨ مانگ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا لێپرسینەوەیان لێ کرا.

ئەم ٧ زیندانییە عەقیدەتییە، پاشان ڕەوانەی زیندانی ئێڤین کران و پاش ٦ مانگ لێپرسینەوە، ڕۆژی ٢٥ی خاکەلێوەی ١٣٩١، بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگوێزران.

ڕەشەمەی ١٣٩٤، ئەم ٧ زیندانییە کوردە بە تۆمەتەکانی "هەوڵدان دژی ئەمنییەتیی نەتەوەیی"، "ئەندامەتی لە گرووپە سەلەفییەکان" و "افساد فی‌الارض" لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مەقیسە" بە لەسێدارەدران مەحکووم کران و ئەم حوکمە ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٥، بە شێوەی فەرمی پێیان ڕاگەیەندرا.

پاش ناڕەزایەتیدەربڕینی ئەم ٧ زیندانییە، ئەم حوکمە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٩٥ لە دیوانی باڵای وڵاتدا ڕەت کرایەوە و بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارە ڕادەستی لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەڵواتی" کرا.

جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٧، ئەم ٧ زیندانییە، بە تۆمەتی "افساد فی‌الارض" و تاوانە پێوەندیدارەکان بە ئەمنییەتی نەتەوەیی بە لەسێدارەدران مەحکووم کران و سەرەڕای پێشێلکردنی پرەنسیپەکانی دادڕەسیی دادپەروەرانە، ڕۆژی ١٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٨، لقی ٤١ی دیوانی باڵای وڵات، حوکمە دەرکراوەکان دژی ئەم ٧ کەسەی پشتڕاست کردەوە و لە خەرمانانی ١٣٩٩دا، لقی ٣٨ی دیوانی باڵای وڵاتدا داواکارییەکەی بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارە ڕەت کردەوە.

ئەم ٧ زیندانییە، گەلاوێژی ئەمساڵ، پاش داخرانی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، ڕەوانەی زیندانی قزڵحسار ڕاگوێزرا.