کامران ساختمانگەر، چالاکی کرێکاری، دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندانی سنە کرا

06:29 - 7 سەرماوەز 2723

ڕۆژی دووشەممە، ٦ی سەرماوەز، کامران ساختمانگەر، چالاکی کرێکاری، پاش ئامادەبوون لە لقی ٤ی جێبەجێکاری سزاکانی سنە، دەسبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی ڕەوانەی زیندانی سنە کرا.

ئەم چالاکە کرێکارییە، ڕۆژی ٢ی خەزەڵوەر، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزا نەختییەکەی و پێبژاردنی لەلایەن لقی ٤ی جێبەجێکاری سزاکانی سنەوە نامەیەکی پێ گەیشتبوو.

کامران ساختمانگەر، لە لقی یەکی داداگی ئینقلابی سنەدا، لە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی" بێ‌تاوان ناسرابوو و بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و وتووێژ لەگەڵ کاناڵە تلویزیۆنییەکان" بە ٣ مانگ زیندانی تەعزیری و سزای نەختی مەحکووم کرابوو.

دادگا بە پشتبەستن بە ماددە یاساییەکان و دۆخی جەستەیی و بەڵگەی پزیشکیی ئەم چالاکە کرێکارییە لە دۆسییەکەیدا، ٣ مانگ زیندانی تەعزیریی ناوبراوی بۆ سزای نەختی گۆڕی و ناوبراوی سەرجەم بە ٣٤ میلیۆن تمەن سزای نەختی مەحکووم کرد.

کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم چالاکە کرێکارییە ڕۆژی ٢٦ی خەرمانان، بە بێ پارێزەر لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بەڕێوە چوو.

ئەم چالاکە کرێکارییە، پیشتر بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە کۆمەڵە و چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام" بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو و پاش کەمکردنەوەی ئەم حوکمە بۆ ٢٨ مانگ، لە ڕێکەوتی یەکی خاکەلێوەی ١٤٠٢دا، لە زیندانی سنە ئازاد کرابوو.