سنە؛ تارق ڕەحیم‌پوور بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

10:33 - 2 خەزەڵوەر 2723

ڕۆژی دووشەممە، یەکی خەزەڵوەر، تارق ڕەحیم‌پوور، تەمەن ٣٩ ساڵ و کوڕی مووسا، خەڵکی گوندی "ئەوێهەنگ" و دانیشتووی سنە بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، پێوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە و هێزە ئەمنییەتییەکان ناوبراویان بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە.

تارق ڕەحیم‌پوور، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا، لەژێر گوشاردا بووە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی خەرمانان، ١٢ کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییەیان بە توندوتیژییەوە لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کردبوو.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٤ی بانەمەڕی ١٣٩٩، تارق ڕەحیم‌پوور لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و دواتر لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی"، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٤ ساڵ زیندانی تەعلیقی و سەبارەت بە سکاڵای سپای پاسداران بەنیسبەت "گوێنەدان و بێڕێزیکردن بە حکوومەت و هێزەکانی حکوومەت" بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.