حەسەن مەردانی و لوقمان پیشیار بە دانانی بارمتە لە زیندانی بۆکان ئازاد کران

15:17 - 16 رەزبەر 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ی ڕەزبەر، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "حەسەن مەردانی" و "لوقمان پیشیار" خەڵکی بۆکان، هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کران.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ی ڕەزبەر، ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە، پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەیان لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزران.

ئەم دوو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان بێبەش کرابوون.

شەوی پێنجشەممە، ١٩ی گەلاوێژ، ئەم دوو هاووڵاتییە بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەوان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.