سەقز؛ تەقەی ڕاستەوخۆ لە فەردین جەعفەری لە ساڵڕۆژی قەتڵی حکوومەتیی ژینادا و ڕاگرتنی ناوبراو لە بەشی چاوەدێریی تایبەتدا بە بێ دەرهێنانی مەرمیی فیشەکەکە لە کەلـلەسەری

21:58 - 25 خەرمانان 2723

ئەمڕۆ، ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٢ و لە ساڵڕۆژی قەتڵی حکوومەتیی ژینا_مەهسا ئەمینیدا، هێزە ئەمنییەتی_سەرکوتکەرەکان لە گۆڕەپانی زیندانی سەقز و لە شەقامدا، بە فیشەکی جەنگی و لە پشتەوە و لە مەودای نزیکەوە تەقەیان لە فەردین جەعفەری، هاووڵاتیی تەمەن ٢٧ ساڵ کردووە و ناوبراو، ئێستا لە بەشی چاوەدێریی تایبەتدایە و دۆخی هەنووکەییشی ناجێگیرە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، فەردین جەعفەری پاش برینداربوون بۆ نەخۆشخانەی "شەفا"ی سەقز ڕاگوێزراوە و ئێستا پاش نەشتەرگەری بۆ بەشی چاوەدێریی تایبەت ڕاگوێزراوە. ئەمە لەحاڵێکدایە کە پزیشکەکان نەیانتوانیوە مەرمیی فیشەکەکە لە کەلـلەسەری دەربێنن و "ئەگەری زیندوومانەوەیان زۆر کەم ڕاگەیاندووە."

تەقەکردن لەم هاووڵاتییە ٢٧ ساڵەیە لەحاڵێکدایە کە مێهدی ڕەزایی، جێگری ئەمنییەتیی پارێزگای سنە لە وتووێژ لەگەڵ ئیرنادا کە کورتەنامەکەی بۆ خەڵک نێردراوە، "کوژران"ی فەردین جەعفەریی ڕەت کردووەتەوە، بەڵام سەبارەت بە تەقەکردن لە ناوبراو هیچ هەواڵێکیان ڕانەگەیاندووە. لەلایەکی ترەوە، مێهدی ڕەزایی لە وتووێژ لەگەڵ میدیا حکوومەتییەکاندا ڕایگەیاندووە کە فەردین جەعفەری پاش '"چوونەژوورەوە بۆ ناوچەی قەدەغەکراو"، ، تەقەی لێ کراوە.

فەردین جەعفەری، تەمەن ٢٧ ساڵ، کوڕی سەعید، وەرزێڕ و خەڵکی گوندی ئیسلام ئاباد سەر بە شاری سەقزە. نزیکەکانی ناوبراو ڕایانگەیاندووە کە فەردین "توانای مێشکی کەمە" و پێویستی بە چاوەدێریی تایبەتە.