ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا_مەهسا ئەمینی پاش دەسبەسەرکران و گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کراوە

13:50 - 25 خەرمانان 2723

ئەمڕۆ شەممە، ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٢، پاش دەسبەسەرکرانی ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا_مەهسا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی سپاوە لە کاتی چوونەدەرەوە لە ماڵەوە و ڕاگوێزرانی بۆ ناوەندێکی ئەمنییەتی و گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هیزە ئەمنییەتی_سەرکوتکەرەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هەموو ڕێگاکانی پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەی ژینا پچڕاون و کەسێک ئیزنی چوونەژوورەوە بۆ ماڵەکەی نییە و هەموو شەقامەکان و گۆڕەپانەکانی دەوروبەری ماڵی ئەم بنەماڵەیە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتی_سەرکوتکەرەکانەوە گەماڕۆ دراون و ئیزنی هاتوچۆ نادرێ.

لە ماوەی یەک حەفتەی ڕابردوودا و لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی ژینا_مەهسا ئەمینیدا، ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا، زیاتر لە ٤ جار بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەتییکان کراوە.