دەسبەسەرکرانی توندوتیژانەی ئەندامانی ئەنجومەنی سەوز چیا بە ئامانجی ترساندنی کۆمەڵگە لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

00:46 - 21 خەرمانان 2723

شەوی یەکشەممە، ١٩ی خەرمانانی ١٤٠٢، هێزە ئەمنییەتییەکان، لە گوندی "نەچێ"، هێرشیان کردە سەر ٣٠ کەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەوز چیای مەریوان و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەریان کردن. هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بەسەر مۆبایل، کەلوپەلی تاکەکەسی و پلاکی ماشینی کەسەکاندا گرتووە و بە مینیبووس و ماشینی دیکە، بۆ ناوەندێکی ئەمنییەتییان ڕاگواستوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ژمارەیکی زۆر لە ئەندامانی دەسبەسەرکراوی ئەم ئەنجومەنە پاش چەند کاتژمێر ئازاد کراون، بەڵام سێ کەس لەوان بە ناوەکانی کاوە داستان، کاوە کەریمیان و مادێح خوشنەواز، لە ئیدارەی ئیتلاعاتدا دەسبەسەرن و هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنییەتییەکان لەگەڵیان خراپ و توندوتیژانە بووە. ئەم سەرچاوە ئاگادارە دەڵێ؛ ڕەشبگیریی ئەندامانی ئەنجومەنی سەوز چیا لە ڕاستای سەرکوتی کۆمەڵگەی مەریوان و کوردستان لە بەرەبەری قەتڵی حکوومەتی ژینا _مەهسا ئەمینی و بە مەبەستی ترساندنە.

کوردپا، لە وتووێژ لەگەل چوار سەرچاوەی ئاگاداردا زانیویەتی؛ کە ١٠٠ بۆ ١٥٠ کەس لە هێزی ئەمنییەتییەکان، لەوانە هێزەکانی ئیتلاعات، ئیتلاعاتی سپا، ئینتیزامی و لیباس شەخسییەکان، بە ماشینی بێ پلاک و پەنکی هێرشیان کردووەتە سەر ئەندامانی ئەنجومەنی سەوز چیا لە گوندی "نەچێ" و زیاتر لە ٣٠ کەس لەو چالاکانەیان بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کردووە و تەنانەت دەستیان بەسەر مۆبایلی منداڵان، کەلوپەلی تاکەکەسی و پلاکی ماشینەکانیشدا گرتووە، لە درێژەدا هێزە ئەمنییەتییەکان پاش پشکنینی هەموو شوێنەکان، ئەندامانی ئەنجومەنەکەیان دەسبەسەر کردوون و بە دوو مینیبووس و چوار ماشینی دیکە بۆ ناوەندێکی ئەمنییەتییەکان ڕاگواستوون.

سەرچاوەکانی کوردپا سەبارەت بە بوونی ئەندامانی ئەنجومەنی سەوز چیا لە گوندی نەچێ دەڵێ؛ بەتایبەت لە مانگەکانی دواییدا ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی مەریوان بەربڵاو بوو و درێژەی هەبوو، لە ناوچە و گوندەکانی دیکەشدا ئاگرکەوتنەوە ڕووی دەدا، بۆیە هەبوونی ئەندامانی سەوز چیا زۆر ئاسایی و بە مەبەستی کۆنتڕۆڵی ئاگرەکان بووە. لەم ساڵانەی دواییشدا بە شێوەی بەردەوام ئەم هاواهەنگییە لە ناوچە جیاوازەکاندا دڕێژەی هەبووە، بەڵام چونکە ناوەندە ئەمنییەتییەکان ئێستا و لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا بە هەموو شتێک هەستیارن، دەیانەوێ ترس بخەنە دڵی خەڵکەوە بۆیە دەستیان بە ڕەشبگیریی چالاکانی ژینگەپارێز کردووە.

پێشتریش کوردپا لە ڕاپۆرتگەلێدا، شوناسی ١٣ کەس لە ئەندامانی دەسبەسەرکراوی ئەنجومەنی سەوز چیای ئاشکرا کردبوو کە بریتی بوون لە : سالار ئازەری، کەماڵ کۆنەپۆشی، لوقمان کۆنەپۆشی، مادێح خوشنەواز، کاوە داستان، سیروان مەڵاڕەحیم، محەممەد ئەفسەری، عەبدوڵڵا بەڵواسی، کاوە کەریمییان، جەماڵ قادری، هیوا بابایی، عەلی عینایەت و شاهۆ تولووعی.

ئەنجومەنی سەوز چیای مەریوان، ڕێکخراوێکی خەڵکی لە شاری مەریوانە کە ساڵی ١٣٧٨ بە فۆکۆس لەسەر پاراستنی ژینگە دامەزرا. لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا، چالاکییە خەڵکییەکانی ئەم ناوەندە خەڵکییە بە مەبەستی کوژاندنەوەی ئاگرەکانی دارستانەکانی مەریوان، سەرنجی میدیاکانی ڕاکێشا.

ئامادەکردن: ئەوین مستەفازادە