کەیوان نەبی، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی، ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا

10:53 - 20 خەرمانان 2723

ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "کەیوان نەبی"، تەمەن ٢٨ ساڵ و کوڕی ئەبووبەکر، خەڵکی پیرانشار، پاش بانگهێشتکران بۆ لقی جێبەجێکاری سزاکانی دادگای ئەم شارە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی زیندانەکەی، بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، لەلایەن لقی یەکی داگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئوجاقلوو"، بە ٦ ساڵ و سێ مانگ زیندان مەحکووم کراوە کە بەپێی ئەم حوکمە، ناوبراو بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٣٢ مانگ زیندان و بە تۆمەتی "کۆبوونەوە دژی تەناهیی نەتەوەیی" بە ٤٣ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو.

بەپێی حوکمی کۆکردنەوەی سزاکان، زۆرترین سزا بۆ ئەم هاووڵاتییە، جێبەجێ دەکرێ.

هەروەها کەیوان نەبی، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشارەوە بە سەرۆکایەتیی "ڕەزا قەهرەمانی ساعەتلوو"، بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی" بە سێ مانگ زیندان و لێدانی ٤٥ قامچی مەحکووم کرابوو کە ئەم حوکمە گۆڕدرا بە پێبژاردنی ٣ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن سزای نەختی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

کەیوان نەبی خێزاندارە و منداڵێکی هەیە.