بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی تەیفوور سەلیمی بابامیری لە زیندانی ورمێ

15:54 - 4 رەزبەر 2723

تەیفوور سەلیمی بابامیری، تەمەن ٤٧ ساڵ و دانیشتووی بۆکان، پاش تێپەڕبوونی ٧ مانگ، هێشتا لە دەسبەسەریدایە و لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا چارەنووسی ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە کوردە تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و تەنیا یەک جار لەگەڵ بنەماڵەکەی چاوپێکەوتنی هەبووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: تەیفوور سەلیمی بابامیری لە گرتنگەیدا بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشاردا بووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: چاو، دەست، شان و پەردەی گوێی تەیفوور سەلیمی بابامیری بە هۆی ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەتییەکانەوە تووشی کێشە بووە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠١، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە بانە دەسبەسەر کرابوو و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ئەم هاووڵاتییە خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی تەیفوور سەلیمی بابامیری، زانیارییەکی ورد دەست نەکەوتووە.