دەسبەسەرکرانی سێ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە مەهاباد

13:35 - 26 گەلاوێژ 2723

سێ هاووڵاتیی کورد، بە ناوەکانی "مامل شەریفی"، کوڕی موتەلیب، "ئەرسەلان خەیری"، کوڕی ئیسماعیل و "هیوا ڕاهنشین"، کوڕی خزر، خەڵکی گوندی "بەفرەوان"، سەر بە شاری مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی گەلاوێژ، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی مامل شەریفی و ئەرسەلان خەیرییان دەسبەسەر کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی گەلاوێژ، هیوا ڕاهنشین بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.

هەر لەم پێوەندییەدا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی گەلاوێژ، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "شێرکۆ نەسیری"، "هیدایەت خەستە"، کوڕی عەلی و "ئەشکان ڕەسووڵی" کوڕی عەلی، خەڵکی گوێگتەپەی مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: ئەرسەلان خەیری و مامل شەریفی