فریشتە مەنسووری بە ٦ مانگ و یەک ڕۆژ زیندان مەحکووم کرا

00:44 - 23 گەلاوێژ 2723

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، فریشتە مەنسووری، هاووڵاتیی تەمەن ٣٦ ساڵی خەڵکی سەراوڵە، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی شاری چڕداوڵی ئیلام، بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست بە مەبەستی تێکدانی بیری گشتی"، بە ٦ مانگ و یەک ڕۆژ زیندان، مەحکووم کراوە.

فریشتە مەنسووری، پێشتر لەلایەن لقی ٦ی دادگای پێداچوونەوەی ئیلامەوە، بە ٦ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو.

فریشتە مەنسووری سەرەڕای سەرپەرەستیی منداڵەکەی، سەرپەرەستیی بنەماڵەکەیشی دەکات، دادگای پێداچوونەوەی ئیلامی بەبێ تاوتوێکردنی دۆسییەکەی و دەستپێڕانەگەیشتن بە پارێزەر، ٦ مانگ زیندانی بە سەر ئەو ژنە هاووڵاتییەدا سەپاندووە و ئەو حوکمەش دەبێت جێبەجێ بکرێت.

ئەو هاووڵاتییە خۆپیشاندەرە لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سەرئاوڵەی ئیلامەوە بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی"، "بێڕێزی بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی" و "کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئەمنییەتی ناوخۆ"، بەپێی مادەی ١٣٤ی سزای یاسای ئیسلامی بە ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندان، مەحکووم کرابوو.

فریشتە مەنسووری لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەر، لە ڕەوتی خۆپێشاندانەکانی شاری ئیلام لەلایەن هێزە ئەمنییەتی - سەرکوتکەرەکانەوە، دەسبەسەر و پاش دوو حەوتوو بە دانانی بارمتەی ٥٥٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتیی، ئازاد کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە هەروەها لە ساڵی ١٣٨٨ لە شاری تەورێز لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ ماوەی تێرمێک لە خوێندن هەڵسپێردرابوو.

فریشتە مەنسووری لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٣٩٨ دەسبەسەر و لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای شاری سەرئاوڵە، لە ژێرگوشارەوە دەستی بە نووسینی تۆبەنامە کردبوو.