دۆسییەی پووریا جەواهری، هاووڵاتیی تۆمەتبار بە "موحاربە"، ڕادەستی لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە کرا

16:27 - 22 گەلاوێژ 2723

مستەفا ئەحمەدیان، پارێزەری پووریا جەواهریان، هاووڵاتیی تۆمەتبار بە "موحاربە لە ڕێگەی کوشتنی بەئەنقەستی پێرسۆنێکی نیزامی، ئەندامەتی لە گرووپە دژبەرەکانی نیزام، چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام و لێدانی بەئەنقەستی چەند هیزی نیزامی"، باسی لە ڕادەستکردنی دۆسییەی ناوبراو بۆ لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە کرد.

ئەم پارێزەرە لەم پێوەندییەدا لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا نووسیویەتی: "دۆسییەی بریگرتەکەم، پووریا جەواهری، لاوی خەڵکی کامێران کە لە خەزەڵوەری ساڵی ڕابردووەوە و لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە گشتییەکانەوە تاکوو ئێستا لە دەسبەسەریدایە، لەم دواییانەدا هەوراز و نشیوی زۆری تێ کەوتووە و بە دەرکردنی نامەی کەیفەری لەلایەن دادسەرای گشتی و ئینقلابی کامێرانەوە ڕادەستی لقی یەکی  دادگای ئینقلابی سنە کراوە و چاوەڕێی کاتی پێڕاگەیشتنین."

مستەفا ئەحمەدیان لە درێژەدا ڕایگەیاند: "تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی پووریا بریتین لە: "موحاربە لە ڕێگەی کوشتنی بەئەنقەستی پێرسۆنێکی نیزامی، ئەندامەتی لە گرووپە دژبەرەکانی نیزام، چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام و لێدانی بەئەنقەستی چەند هیزی نیزامی."

پووریا جەواهری، ڕۆژی ٨ی سەرماوەزی ١٤٠١ پاش بانهگێشتکران بۆ ئیتلاعاتی سپای کامێران دەسبەسەر کرابوو و کۆتاییەکانی مانگی ڕێبەندانی ١٤٠١ و پاش دوو مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپادا، بۆ زیندانی کامێران ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠١، پووریا جەواهری لەژێر چاوەدێریی چڕی ئەمنییەتییدا و بە دەست و پێی بەستراو بۆ شەقامی ١٢ میتریی کامێران ڕاگوێزراوە و لە لێپرسینەوەدا هەڕەشەی بەشداریکردن لە سێناریۆی "بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان و تەقەکردن لە هێزە سەرکوتکەرەکان"یان لێ کردووە.

بەفرانباری ١٤٠١، بەرپرسی گشتیی دادگوستەریی پارێزگای سنە سەبارەت بەم دۆسییەیە بە هەواڵدەریی "تەسنیم"ی ڕاگەیاندبوو: حوکمی دەسبەسەرکران بە تۆمەتی موحاربە بۆ "پووریا جەواهێری" دەر چووە و لە لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای کامێران دۆسییەی بۆ کراوەتەوە و ناوبراو لە لقی لێپرسینەوەدا دانی بە تەقەکردن لە هێزە سەرکوتکەرەکان داناوە و وتوویەتی کە چەکەکەی لە کەسێکی دیکە وەرگرتووە کە ئەو کەسەش دەسبەسەر کراوە.

پووریا جەواهری کۆتاییەکانی مانگی سەرماوەزی ١٤٠١ لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی باسی لە ڕاگیرانی خۆی لە گرتنگەیەکی ئەمنییەتیی شاری سنە کردبوو و لە کاتێکدا کە ویستبووی سەبارەت بە ئەشکەنجەکران و شکانی قەفەسەی سینگی لە کاتی لێپرسینەوەدا زانیارییان پێ بدا، لێپرسەکان پێوەندییەکەیان لێ پچڕاندووە.