گێڕانەوەیەک لە قەتڵی حکوومەتیی شاهۆ خزری، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە مەهاباد

13:23 - 11 گەلاوێژ 2723

ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی خەزەڵوەر، شاهۆ خزری خەڵکی مەهاباد، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی پاش بەخاکسپاردنی ئیسماعیل مەولوودی لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی مەهاباد، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.

لەم ڕۆژەدا، دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "کوبرا شێخە" و "زانیار ئەبووبەکری"، بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان گیانیان لەدەست دا.

ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی شاهۆ خزری بە بەشداریی بەرچاوی خەڵک و وتنەوەی دروشمی دژی حکوومەت لە گوندی "شیلاناوێ"ی مەهاباد بەڕێوە چوو.

ئاژانسی کوردپا شێوازی گیانلەدەستدانی "شاهو خزری"، لە زاری یەکێک لە نزیکەکانی ئەو بنەماڵەیە دەگێڕێتەوە.

شێوازی قەتڵی حکوومەتیی شاهۆ خزری لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا؛

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١، پاش ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی تەرمی سمکۆ مەولوودی، خۆپیشاندەران بە شێوەی بەربڵاو هاتنە سەر شەقامەکان و هێزە سەرکوتکەرەکان بە فیشەکی جەنگی و گازی فرمێسکڕێژ، هێرشیان کردە سەر خەڵک و شاهۆ خزری لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا بە فیشەکی جەنگیی کڵاشینکۆف دەموچاوی بەتوندی بریندار بوو کە پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانەی خومەینیی مەهاباد، گیانی لەدەست دا.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: بنەماڵەی خزری لە ترسی دزران و ڕفاندنی تەرمی شاهۆ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە، تەرمەکەیان لە نەخۆشخانە بردە دەرەوە و هێزە سەرکوتکەرەکان ماڵ بە ماڵ، بە دوای تەرمەکەدا گەڕان کە لە کۆتاییدا، بنەماڵەی خزری، تەرمی کوڕەکەیان گەیاندە گوندی "شیلاناوێ" و لەوێ ئەسپەردەی خاکیان کرد.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: شاهۆ خزری پێش لە گیانلەدەستدانی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا بە فیشەکی ساچمەیی، بریندار ببوو.

وەرگرتنی بەڵگەی پزیشکی دادوەری پاش ٥ مانگ؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: بنەماڵەی خزری پاش ٥ مانگ بەدواداچوونی بەردەوام، توانییان بەڵگەی پزیشکی دادوەری بۆ شاهۆ خزری وەر بگرن کە لەوێدا هۆکاری مەرگەکە "بەرکەوتنی شتی تیژ و سەخت"، ڕاگەیەندراوە.

بانگهێشتی بنەماڵەی خزری و پێشنیاری تۆمارکردنی ناوی شاهۆ لە بونیاد شەهید؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: چەند جار بنەماڵەی شاهۆ خرزی بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کران و پێشنیاری تۆمارکردنی ناوی شاهۆیان لە بونیاد شەهید پێ دان، بەڵام ئەوان هەموو پێشنیارەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکانیان ڕەت کردنەوە.

شاهۆ خزری؛

شاهۆ خزری کوڕی ڕەحمان و ئامێنە، لەدایکبووی ١٢ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٠ لە مەهاباد بووە.

ناوبراو لە پاساژی سەرداری مەهاباد، دووکانی فرۆشتنی مۆبایلی هەبووە.