سنە؛ واران محەممەدنژاد بە یەک ساڵ زیندانی تەعلیقی مەحکووم کرا

10:02 - 10 گەلاوێژ 2723

واران محەممەدنژاد، خوێندکاری کارناسی باڵای هونەر لە زانکۆی یەزد و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی_کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی"، بە یەک ساڵ زیندانی تەعلیقی مەحکووم کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، دادگا ئەم چالاکە مەدەنییە کوردەی بە "تێکدانی نەزمی گشتی، کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهیی نەتەوەیی، هاندانی خەڵک بۆ توندوتیژی و لایەنگری لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، تۆمەتبار کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی واران محەممەدنژاد، بە سێ جار بەڕێوە چووە و لە کۆتاییدا ناوبراو بە یەک ساڵ زیندانی تەعلیقی مەحکووم کراوە و ئەم حوکمە ڕۆژی ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠١، بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

واران محەممەدنژاد، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢١ی ڕەزبەری ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی خەزەڵوەری ١٤٠١، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٤ی ڕەزبەری ١٤٠١، سێ ئەندامی بنەماڵەی واران محەممەدنژاد، بە ناوەکانی "سەحەر وەهابی، دایکی واران، ویدا محەممەدنژاد، خوشکی واران و پەیام میری، هاوسەری واران"، لە کاتی چوون بۆ گرتنگەی ئەمنییەتیی شارامفەری سنە، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆخی ناوبراو، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

واران محەممەدنژاد، خەڵکی گوندی "تەنگیسەر"، سەر بە شاری سنەیە.