مەهاباد؛ حکوومەت لە پێشگرتن بە دیاریکردنی ناوی کوردی بۆ منداڵان بەردەوامە

13:06 - 25 پووشپەڕ 2723

مافی دایک و باوکان بۆ دیاریکردنی ناو بۆ منداڵەکانیان یەکێک لە کێشەکانی بەردەم بنەماڵەکانی کوردستان وەکوو کەمینەیەکی ستەملێکراوە و بە پێشێلکرانی مافە سەرەتاییەکانیان دادەنرێت. زۆربەی خەڵکی کوردستان دوو ناویان هەیە، ناوێک بە فەرمی لە ناسنامەکەیان و ناوێکی نافەرمی کە بنەماڵەکانیان و کۆمەڵگە بەو ناوە بانگیان دەکەن و دەیانناسن. دیارترین نموونەشی ناوی ژینا ئەمینی بوو کە لە ناسنامەدا، بە مەهسا تۆمار کرابوو، بەڵام ئەندامانی بنەماڵەکەی، خزمەکانی و کۆمەڵگەی کوردستانیش بە ژینا دەیانناسی.

لە نوێترین حاڵەتی ئەم پێشێلکارییە ئاشکرایەدا، دایک و باوکێکی کورد لە مەهاباد، بە مەبەستی دیاریکردنی ناوی کوڕانەی "ئاژمان" بۆ کوڕەکەیان، لەگەڵ دژایەتی، وڵامنەدانەوە و پشتگوێخستن لەلایەن ناوەندەکانی تۆمارکردنی باری کەسی لە ورمێ و تاران بەرەوڕوو بوونەتەوە.

عەلی نادری، خەڵکی مەهاباد، بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا دەڵێ: سەرەڕای تێپەڕبوونی ٦٢ ڕۆژ (کاتی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکە، ڕۆژی ١١ی پووشپەڕی ١٤٠٢ـە)، تاکوو ئێستا نەمتوانیوە ناوی "ئاژمان" بۆ منداڵەکەم لە ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسیدا تۆمار بکەم. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ناوی "ئاژمان"، لە سیستەمی ئیدارەی باری کەسیی مەهاباددا نییە، بۆیە عەلی نادری ناتوانێ ئەم ناوە بۆ کوڕەکەی هەڵبژێرێ و دەبێ بەدواداچوونەکانی لە ورمێ و تاران درێژە پێ بدا.

بە وتەی عەلی نادری لە ڤیدیۆیەکدا کە بڵاوی کردووەتەوە، لە پێوەندییەکدا لەگەڵ تاران، پێیان وتووە کە دەبێ لە ڕێگەی پۆرتاڵەوە بەدواداچوون بکەی، بەڵام دوای دوو جار بەدواداچوونی لە ڕێگەی پۆرتاڵەوە، بە بێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک، لەگەڵ داواکارییەکەی دژایەتی کراوە. لە درێژەی بەداداچوونەکانیدا، پاش دەمەقاڵێ لەگەڵ عەلی نادری، پێیان وتووە کە دەبێ بەڵگەی پێویست بنێرێ کە ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسیی مەهاباد، بەڵگەکانی بۆ ورمێ ناردوون، بەڵام بەڵگەکان نێردراونەتەوە و وتوویانە دەبێ لە ڕێگەی پۆرتاڵەوە جێبەجێی بکات و ڕێگایەکی دیکەشی نییە.

دوابەدوای ئەم وڵامنەدانەوە و دژایەتیکردنە، ئێستا عەلی نادری خەریکە هەوڵ دەدات لە ڕێگەی تۆمارکردنی سكاڵاوە لە دادگا و لە ڕێگەی یاساییەوە بەدواداچوون بۆ خواستەکەی خۆی و مافەکەی خۆی بکات.

ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسی، بە یاسا، ماددەی ناڕوون و بەخشنامەی نووسراو و نەنووسراو سەبارەت بە ئێتنیکەکانی ئێران، سیاسەتگەلێکی ئەمنییەتیی سەبارەت بە ناودێرکردنی منداڵان بە ناوی کوردی لە زیاتر لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا، پێڕەو کردووە و سەرەڕای ئەوەی کە تەنانەت لە خاڵی ٣ی ماددەی ٢٠ یاسای تۆماری باری کەسیدا (بە بێ ئاماژە بە ناوی ئێتنیکە یان نەتەوەکان)، هاتووە، "هەڵبژاردنی ناو سەبارەت بە کەمینە دینییە ناسراوەکان لە یاسای بنەڕەتیدا بەپێی زمان و فەرهەنگی دینیی خۆیانە"، بەڵام تەنانەت لەمبارەوە یاساکانی خۆشی پێشێل دەکات.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە سەبارەت بە هەڵبژاردنی ناوی کوردی، بەدواداچوونی زۆری کردووە و هەموو ئیدارەکانی تۆماری باری کەسێتی گەڕاوە، بەخشنامەگەلێکی نهێنی و نەنووسراو بە مەبەستی دژایەتیکردن لەگەڵ هەڵبژاردنی ناوی کوردی بۆ منداڵان بەکار دەهێنرێت کە لە ڕوانگەیەکی گشتییەوە ئەم ناوانە لە سیستەمی تۆماری باری کەسێتیدا نین، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئاگای تەواوی لەم دۆخەیە کە بەخشنامەی فەرمی و نووسراو لەمبارەوە لە ئاستی نێونەتەوەییدا، دەتوانێ ئاکامی پێشێلکارییەکانی مافی بنەڕەتیی منداڵان و بەتایبەت منداڵانی کوردی بەدواوە بێت، بەم بۆنەوە بە ڕوانگەیەکی ئەمنییەتییەوە کار لەسەر ئەم پرسە لە کوردستاندا دەکات.

بەپێی بەندەکانی یەکی مادەکانی ٧، ٨ و ٢ی پەیماننامەی مافی منداڵان، وەکوو کۆنوانسیۆنێکی نێونەتەوەیی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕەشەمەی ١٣٧٢ دا، بە پەسەندی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و جەختکردنەوەی شۆرای نیگەهبان قەبووڵی کردووە، کردەوەی کۆماری ئیسلامی لەمبارەوە لەگەڵ کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی پەیماننامەی منداڵان دژایەتیی هەیە و پێشێلکردنی مافی منداڵانە.

مادەی ٧

١ـ لەدایکبوونی منداڵ دەستبەجێ دوای هاتنە دونیاوە تۆمار دەکرێ و مافگەلێکی وەکوو مافی هەبوونی ناو، هاووڵاتی بوون، ناسینی دایک و باوک و تەنانەت چوونە ژێر سەرپەرستیی ئەوانی دەبێ.

مادەی ٨

١ـ ئەو وڵاتانەی لەم کۆنوانسیۆنەن، مافی منداڵ بۆ پارێزراوبوونی شوناسی، وەکوو ئەوەی کە سەر بە چ نەتەوەیەک بێت، ناو و پێوەندییە بنەماڵەییەکانی بەپێی یاسا و بە بێ دەستێوەردان، دابین دەکەن.

مادەی ٢

١ـ ئەو وڵاتانەی لەم کۆنوانسیۆنەن، هەەموو مافەکانی ئەم کۆنوانسیۆنە بۆ هەموو ئەو منداڵانەی کە لە بیاڤی دادوەریی ئەواندا دەژین، بە بێ هیچ هەڵاواردنێک لە باری نژاد، ڕەنگ، ڕەگەز، زمان، مەزهەب، باوەڕی سیاسی، ناسنامەی نەتەوەیی، پێگەی قەومی و کۆمەڵایەتی، دارایی، نەبوونی توانایی، لەدایکبوون یان باقی زانیارییەکانی بنەماڵەیی یان سەرپەرستی یاسایی ڕەچاو دەکەن، ڕێزیان لێ دەگرن و دابینیان دەکەن.

ئامادەکردن؛ ئەوین مستەفازادە