گێڕانەوەیەک لە قەتڵی حکوومەتیی سارینا ساعدی، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە سنە

22:27 - 23 پووشپەڕ 2723

ڕۆژی ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١، سارینا ساعدی، تەمەن ١٦ ساڵ و کچی هاشم، کە لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی ٤ی خەزەڵوەردا، کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە بە باتوم لە سەری درابوو، پاش ڕۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا.

کوردپا، لە وتووێژ لەگەڵ یەکێک لە کەسە نزیکەکانی سارینا ساعدی، شێوازی قەتڵی حکوومەتیی ناوبراو دەگێڕێتەوە.

شێوازی قەتڵی حکوومەتیی سارینا ساعدی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی؛

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا، شەوی چلەی ژینا_مەهسا ئەمینی، سارینا لە ناڕەزایەتییەکانی سنەدا بەشداریی کردبوو کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە بە باتوم لە سەری درابوو.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: سارینا پاش گەڕانەوە بۆ ماڵەوە سەبارەت بەم ڕووداوە هیچ شتێک بە بنەماڵەکەی ناڵی و کاتێ بنەماڵەکەی سەبارەت بە دۆخی دەپرسن، دەڵێ تۆزێک سەرئێشەم هەیە و دواتر بنەماڵەکەی پێی دەڵێن، خۆت ئامادە بکە بتبەین بۆ نەخۆشخانە، بەڵام سارینا داواکارییەکەیان ڕەت دەکاتەوە و دەڵێ تەنیا پێویستم بە پشوودانە و چاک دەبمەوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادرە ڕایگەیاند: بنەماڵەی سارینا ساعدی ئاگاداری بەشداریی کچەکەیان لە ناڕەزایەتییەکانی سنەدا نەبوون و پاش گیانلەدەستدانی ناوبراو، لەلایەن کەسانێکەوە کە لە ناڕەزایەتییەکاندا لەگەڵ سارینا بوون، ئاگاداری ئەم بابەتە دەبنەوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە لە زاری یەکێک لە هاوپۆلییەکانی ساریناوە وتی کە سارینا لەگەڵ هاوپۆلییەکانی لە ناڕەزایەتییەکانی سنەدا بەشداریی کردبوو، سارینا یەکێک لە لیدرەکانی ناڕەزایەتییەکانی سنە بووە و تەنانەت لە شەقامەکانی نەبوەت، شەشۆم بەهمەن و لە نایسەریش چالاکیی بەرچاوی هەبووە.

ئاگاداربوونەوەی بنەماڵەی سارینا لە مەرگی کچەکەیان پاش چەند کاتژمێر لە جێگای خەوتنەکەیدا:

ئەم سەرچاوە ئاگادارە لەمبارەوە ڕایگەیاند: پاش گەڕانەوەی سارینا بۆ ماڵی خۆیان و خۆبواردن لە ڕۆیشتن بۆ نەخۆشخانە، ناوبراو دەگەڕێتەوە ژوورەکەی خۆی تاکوو پشوویەک بدات، بنەماڵەکەی وەکوو ڕۆژانی پێشوو کە سارینا قوتابخانەی نەبووە، لە خەوی هەڵیان نەستاندووە. هەتا کاتژمێر ٤ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١، کە داپیرەی سارینا بانگی دەکات کە سارینا بە هۆی لێدانی باتوم لە سەری مێشکی خەساری بەر کەتووە و گیانی لەدەست داوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە لە درێژەدا ڕایگەیاند: کاتێ بنەماڵەی ساعدی دەزانن کە کچەکەیان گیانی لەدەست داوە، بەپەلە دەیگەیێننە نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە، کە پاش ٥ خولەک، دەوروبەریان بە دادوەری دادگا، بەرپرسی ئیتلاعاتی سنە، کشیک و هێزە سەرکوتکەرەکان دەگیردرێت و باوکی سارینا دەبەنە یەکێک لە ژوورەکانی نەخۆشخانەکە هەتا کاتژمێر ١٢ی شەو.

لێپرسینەوە لە هاشم ساعدی و بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێی ناوبراو لە دەنگوڕەنگی ئێران سەبارەت بە شێوازی گیانلەدەستدانی سارینا؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێزە سەرکوتکەرەکان و بەرپرسی ئیلاعاتی سنە، لە ڕاستیدا ٨ کاتژمێر باوکی سارینایان بە بارمتە گرتبوو و داوای وتووێژی تلویزیۆنی و ڕادەستکردنی مۆبایلەکەیان کردبوو و پێیان وتبوو کە لە ئەگەری هاوکاری نەکردندا ئیزنی چوونەدەرەوە لە نەخۆشخانەی پێ نادەن.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: دادوەری داگا و ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە پزیشکەکانی نەخۆشخانەکەیان ڕاگەیاندبوو کە دەبێ ڕایبگەینن کە هۆکاری گیانلەدەستدانی سارینا خۆکوژی بووە و هەروەها بە باوکیشیان وتبوو کە لە وتووێژەکەدا پشتڕاستی بکاتەوە کە کچەکەی خۆی کوشتووە و پاش وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ مۆبایلەکەیان پێ دابووەوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە دەڵێ: هەواڵنێری دەنگوڕەنگی حکوومەت لە سنە، سەبارەت بە گیانلەدەستدانی سارینا وتووێژی لەگەڵ باوکی سارینا کردبوو، باوکی سارینا پێی وتبوو کە بەرپرسانی حکوومەتی پێیان وتووە دەبێ ڕایبگەینێ کە کچەکەی خۆکوژیی کردووە تاکوو پزیشکی داوەری بەڵگەی مەرگی بۆ دەر بکات.

ڕۆژی دوای گیانلەدەستدانی سارینا، فەرمانداری سنە ڕایگەیاندبوو کە سارینا بە هۆی بەکار‌هێنانی ماددەی هۆشبەر گیانی لەدەست داوە، بەڵام لە بەڵگەی مەرگەکەیدا، پزیشکی داداوەری هۆکارەکەی بە "نادیار" ڕاگەیاندووە.

بەخاکسپاردنی تەرمی سارینا ساعدی بە بەشداریی هێزە سەرکوتکەرەکان و چەن کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەی؛

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا، کاتژمێر نزیک بە ٢ی سەرلەبەیانیی ٦ی خەزەڵوەر، چەن کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی سارینا ساعدی، لەگەڵ سێ ماشین لە هێزە سەرکوتکەرەکان، تەرمی سارینایان لە بەشی ١٢ی گۆڕستانی بەهەشت محەممەدی سنە بە خاک سپارد و تا کۆتاییهاتنی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەش، هێزە سەرکوتکەرەکان لەوێ بوون.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتی: هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی پرسەیان بە بنەماڵەی سارینا لە نایسەری سنە نەدا و سەرەڕای هەڕەشەی هێزە سەرکوتکەرەکان، بنەماڵەی سارینا ڕێوڕەسمی پرسەیان لە "گڕگرە" بەڕێوە برد.

هەوڵەکانی حەراسەتی قوتابخانە بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندیی باوکی سارینا بۆ وەرگرتنی پارە؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: حەراسەتی قوتابخانە لە ڕێگەی یەکێک لە جیرانەکانی بنەماڵەی ساعدییەوە، بە داپیرە و براکەی سارینایان ڕاگەیاندبوو کە هەر جۆرێک بووە، هاشم ساعدی رازی بکەن کە بچێتە حەراسەتی قوتابخانە و سەبارەت بە مەرگی سارینا بڕە پارەیەک کە دیاری کراوە وەکوو بیمە وەری بگرێ، بەڵام باوکی سارینا ئەم داواکارییەی حەراسەتی قوتابخانەی ڕەت کردەوە و وتبووی: بە هێچ شێوەیەک لە بەرانبەر مەرگی کچەکەمدا پارە وەرناگرم.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: هەرچەند سارینا منداڵی تەڵاق بوو، بەڵام پڕ لە هیوا بە ژیان بوو و هەمیشە ئاواتی ئەوە بوو کە لە زانکۆدا پزیشکی بخوێنێ و بتوانێ خزمەت بە خەڵک بکات.

سارینا ساعدی؛

ساارینا ساعدی، لەدایکبووی ١٩ی ڕەزبەری ١٣٨٦، کچی هاشم و فەریدە، دانیشتووی گەڕەکی "نایسەر"ی سنە و پۆلی سێهەمی ناوەندی بوو.