گێرانەوەیەک لە قەتڵی حکوومەتیی غەفوور مەولوودی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان

22:10 - 23 پووشپەڕ 2723

شاری بۆکان، خەزەڵوەری ١٤٠١، گۆڕەپانی ناڕەزایەتییەکان دژی حکوومەتی ئێران بوو و ١٨ خۆپیشاندەر لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە لەم شارە گیانیان لەدەست دا.

ڕۆژی ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١ ، غەفوور مەولوودی، لە ڕەوتی ناڕەزاەتییەکاندا بە تەقەی هیزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.

کوردپا لە وتووێژ لەگەڵ یەکێک لە کەسە نزیکەکانی ئەم هاووڵاتییە تەمەن ٥٢ ساڵەیە، شێوازی قەتڵی حکوومەتیی ناوبراو دەگێڕێتەوە.

شێوازی قەتڵی حکوومەتیی غەفوور مەولوودی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی؛

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، غەفوور مەولوودی، کاسبکار بوو؛  ڕۆژی ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١، کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆ، وەکوو هەموو ڕۆژێک لە ماڵ چووە دەرەوە، پاش یەک کاتژمێر، لە نەخۆشخانەوە و بە مۆبایلەکەی غەفوور، پێوەندییان لەگەڵ بنەماڵەکەی گرت کە بچنە نەخۆشخانە چونکە خاوەنی ئەو مۆبایلە تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: کوڕی غەفوور مەولوودی چووەتە نەخۆشخانە کە لە بەشی وەرگرتنی نەخۆش پێی دەوترێت، باوکی لە ژووری نەشتەرگەرییە و پزیشکەکان خەریکی ئەنجامدانی نەشتەرگەرین، پاش نزیک بە ٢٠ خولەک، تەرمی بێ‌گیانی غەفوور مەولوودی لە ژووری نەشتەرگەری دێننە دەرەوە .

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: پزیشکەکان بە کوڕەکەی غەفوور مەولوودییان وتووە کە چەند جار هەوڵی گەڕاندنەوەی ناوبراو بۆ ژیانیان داوە، بەڵام ڕێژەی ئەو ساچمانەی کە بەر دڵی کەوتوون ئەوەندە زۆر بووە کە هەموو دەمارەکانی پچڕاندووە؛ لەو کاتەوە هەتا نزیک بە کاتژمێر ٢ی نیوەشەو، تەرمی غەفوور مەولوودی لە ساردخانەی نەخۆشخانەکە ڕادەگرن.

دەستێوەردانی دادستان و پزیشکی دادوەری بۆ وەرگرتنی بەڵێننامە لە بنەماڵەی مەولوودی؛

ئەم سەرچاوە ئااگادارە وتی: دادستان و پزیشکی دادوەری چوونەتە نەخۆشخانە و سێ بەلێننامەیان لە بنەماڵەی غەفوور مەولوودی وەرگرتووە کە لە شەودا، تەرمی باوکیان بە خاک بسپێرن و ئەگەر بە بەشداریی بنەماڵەی دەرەجە یەک لە نێو شاردا ڕێوڕەسمی بۆ بگیردرێ، تێچووی هەموو خەسارەتەکانیان لێ وەردەگیردرێت.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: دادستان بە بنەماڵەی غەفوور مەولوودیی ڕاگەیاندبوو کە دەتوانن سكاڵا تۆمار بکەن و ئێمە تەرمە دەگوازینەوە بۆ ورمێ و پاش یەک حەفتە، توێکاری و پزیشکی دادوەری و ... ئەگەر ڕوون بووەوە کە بە فیشيک کوژراوە و ئەگەر لە دادگادا سەلـمێندرا کە بێ‌تاوان بووە، ساڵی داهاتوو، دەوڵەت، ٥٠٠ میلیۆن تمەن پارە وەکوو دیەتان پێ دەدات، بەڵام بنەماڵەی مەولوودی هەموو پێشنیارەکانیان ڕەت کردبووەوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: پزیشکی دادوەری بە شێوەی زارەکی، هۆکاری مەرگی غەفووری مەولوودیان، تەقەی فیشەک بە چەکی غەیرە جەنگی ڕاگەیاند.

بەرکەوتنی زیاتر لە ١٠٠ فیشەکی ساچمەیی لە جەستەی غەفوور مەولوودی؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: پاش برینداربوونی غەفوور مەولوودی لە ناوچەی ئەمیرئابادی بۆکان، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان، ناوبراو ڕەوانەی نەخۆشخانەی بۆکان دەکەن کە زیاتر لە ١٠٠ ساچمە بەر جەستەی کەوتبوو و ناوبراو بە هۆی بەرکەوتنی دوو فیشەکی ساچمەیی لە سینگ و دڵی، گیانی لەدەست دابوو.

گوشارەکان بۆ سەر بنەماڵەی مەولوودی بۆ بەڕێوەنەبردنی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن، حەفتە و چلە؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: گوشارەکانی دادستانی و ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر بنەماڵەی مەولوودی بۆ بەخاکسپاردنی تەرمی باوکیان، بە تەواوەتی بە شێوەی نهێنی و بە بێ بەشداریی خەڵک، کاریگەریی لەسەر بنەماڵەی مەولوودی نەبوو و بەپێی ڕاسپاردەی خودی غەفوور مەولوودی، تەرمەکەی، ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، بە بەشداریی بەرچاوی خەڵک لە زێدی خۆی، گوندی "سەهۆڵان"ی بۆکان، بە خاک ئەسپێردرا.

غەفوور مەولوودی؛

غەفوور مەولوودی، کوڕی ڕەحیم و حەلیمە، لەدایکبووی ١٢ی ڕەشەمەی ١٣٤٩ لە بۆکان بووە و کاری لوولەکشیی کردووە.