سنە؛ ڕێبوار عەبدوڵڵاهی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

00:05 - 10 گەلاوێژ 2723

ڕۆژی دووشەممە، ٩ی گەلاوێژ، ڕێبوار عەبدوڵڵاهی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە ئازاد کرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی پووشپەڕ، ئەم چالاکە کرێکارییە، لە کاتی چوونە دەرەوە لە ماڵەکەی خۆی بە مەبەستی ڕۆیشتن بۆ شوێنی کارەکەی، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ئەم چالاکە کرێکارییە، ڕێبەندانی ١٤٠٠، لەلایەن هێە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و گەلاوێژی ١٤٠١، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی"، بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بە دوو ساڵ زیندانی تەعلیقی مەحکووم کرابوو.

هەروەها ڕێبوار عەبدوڵلاهی، ئەندامی پێشووی کۆمیتەی هاواهەنگی بۆ دروستکردنی ڕێکخراو و گرووپی کرێکاری، ساڵی ١٣٩٣یش لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی، بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە کۆمیتەی هااواهەنگی و هاوکاری لەگەڵ حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.