ئیلام؛ ئەرەشک قەیسەربەیگی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

01:39 - 4 گەلاوێژ 2723

ڕۆژی سێشەممە، ٣ی گەلاوێژ، ئەرەشک قەیسەربەیگی، قوتابیی تەمەن ١٥ ساڵی خەڵکی شاری سەراوڵەی پارێزگای ئیلام، بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە گرتنگەی ناوەندیی ئیلام، ئازاد کرا.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٨ی پووشپەڕ، ئەم قوتابییە پاش بانگهێشتکران بۆ دادگای سەراوڵە بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە و دواتر بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام ڕاگوێزرابوو.

ناوبراو پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، بۆ بەندی مێرمنداڵانی گرتنگەی ناوەندیی ئیلام ڕاگوێزراوە.

ئەرەشک قەیسەربەیگی، قوتابیی پۆلی سێهەمی دواناوەندییە.

ئەرەشک قەیسەربەیگی، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیشدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکاندا دەسبەسەر کرابوو و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.