مامۆستا مادێح کەرەمی بە یەک ساڵ زیندانی تەعلیقی مەحکووم کرا

00:35 - 2 جۆزەردان 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ٣١ی بانەمەڕ، مامۆستا مادێح کەرەمی، پیشنوێژی گوندی "سەرهوویە" سەر بە سنە، لەلایەن دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدانەوە بە یەک ساڵ زیندانی تەعلیقی بۆ ماوەی دوو ساڵ مەحکووم کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم مامۆستا کوردە پاش کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی دادگایی و دەرچوونی حوکمی دادگا بە کەفاڵەت ئازاد کرا.

مامۆستا مادێح کەرەمی لەم ڕۆژانەی دواییدا، بۆ ئامادەبوون لە دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدان بانگهێشتنامەیەکی پێ گەیشتبوو.

ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی بەفرانبار، مامۆستا مادێح کەرەمی، بانگهێشتی دادگای شاری شوێشە کرا و لەوێ پێیان ڕاگەیاند کە دۆسییەکەی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام و پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکان"، "تێکدانی ئاسایشی گشتی" و "تێکدانی بیروڕای گشتی" نێردراوەتە دادگای تایبەتی ڕۆحانییەت لە هەمەدان.