سنە؛ فەرزاد سەفیخانپوور، چالاکی سێنفیی مامۆستایان بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

17:15 - 24 بانەمەڕ 2723

ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی بانەمەڕ، فەرزاد سەفیخانپوور، مامۆستای کۆمەڵناسی و لە چالاکانی سێنفیی مامۆستایانی سنە بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کرا.

ئەم چالاکە سێنفییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە ناڕەزایەتی بە دەسبەسەرکرانی نایاسایی خۆی مانی لە خواردن گرتبوو.

ڕۆژی سێشەممە ١٩ی بانەمەڕ، ئەم چالاکە سێنفییەی مامۆستایان لە ڕەوتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایاندا لەلایەن پۆلیسەوە دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی سێشەممە، ١٩ی بانەمەڕ هێزە سەرکوتکەرەکان لە شەقامی "ئێکباتان"ی سنە، ئیزنی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بە مامۆستایان نەدا و لە شەقامی "تاڵەقانی"دا هێرشیان کردە سەر مامۆستایان و لێیان دان.

مامۆستایانی ناڕازی بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شەقامدا، دروشمگەلێک وەکوو "ژن، ژیان، ئازادی" و "مامۆستای زیندانی دەبێ ئازاد بکرێ"یان وتەوە.

مامۆستایان بەپێی ڕاگەیەندراوی شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی فەرهەنگییانی ئێران، ڕۆژی سێشەممە، ١٩ی بانەمەڕ لە ناڕەزایەتیدەربڕین بە پێڕانەگەیشتن بە داخوازییەکانیان لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان کۆبوونەوە.