نەغەدە؛ فەرەیدوون نەبی بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی ئازاد کرا

09:48 - 20 بانەمەڕ 2723

ڕۆژی سێشەممە ١٩ی بانەمەڕ، لاوێکی کورد بە ناوی "فەرەیدوون  نەبی"، خەڵکی پیرانشار، بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.

فەرەیدوون نەەبی لە جیاتی براکەی بە ناوی فەردین نەبی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە وەکوو بارمتە دەسبەسەر کرابوو.

ڕۆژی شەممە ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی و هاوکات لەگەڵ نواندنی توندوتیژی هێرشیان کردبووە سەر ماڵی فەردین نەبی و پاش ئەوەی کە نەیانتوانیبوو ناوبراو دەسبەسەر بکەن، برا بچووکەکەی بە ناوی فەرەیدوون نەبی دەسبەسەر دەکەن.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠١، عوسمان نەبی، باوکی بنەماڵە و مریەم نەبی هاوژینی فەردین نەبی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار کراون و بۆ ماوەی ٣ کاتژمێر لێپرسینەوەیان لێ کراوە.

پێشتریش هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بەسەر مۆبایلی هەموو ئەندامانی بنەماڵە لەوانە باوک، دایک و خوشکی ئەم دوو برایە و هاوسەر و منداڵەکەی فەردیندا گرتبوو.

فەرەیدوون نەبی پاش ٤٨ ڕۆژ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو.