گێڕانەوەیەک لە قەتڵی حکوومەتیی داستان ڕەسووڵ، هاووڵاتیی خەڵكی کوردستانی عێراق لە ئاکامی تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران

15:56 - 19 بانەمەڕ 2723

دەسبەسەرکردن، لەسێدارەدان و تەقەی ڕاستەوخۆ لە ناڕازییان لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بەشێک لە کارنامەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ درێژەدان بە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان بووە.

پاش گیانلەدەستدانی موتەلب سەعیدپەیڕەو، لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی بانە، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کوردستانی عێراق بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاریی ناوبراودا چوونە گوندی "چۆمان"ی بانە کە کەوتنە بەر تەقەی ئامانجداری هێزەکانی سپای پاسداران و لە ئاکامی ئەم تەقەکردنەدا، داستان ڕەسووڵ، هاووڵاتیی خەڵکی کوردستانی عێراق گیانی لەدەست دا.

 کوردپا لە وتووێژ لەگەڵ ڕەسووڵ محەممەد دەروێش، باوکی داستان، شێوازی قەتڵی حکوومەتیی ناوبراو دەگێڕێتەوە.

ڕەسووڵ محەممەد دەروێش سەبارەت بە بەشداریی هاووڵاتییانی گوندی "مەروێ" سەر بە کوردستانی عێراق لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی موتەلب سەعیدپەیڕەو بە کوردپای وت: ٢٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢، موتەلب سەعیدپەیڕەو لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە کوژرا و ئیزنی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن لە بانە بە بنەماڵەکەی نەدرا و ئەوان تەرمی کوڕەکەیان گواستەوە بۆ گۆڕستانی گوندی "چۆمان" سەر بە شاری بانە و کۆمەڵێک لە خەڵکی گوندی "مەروێ" سەر بە کوردستانی عێراقیش بەهۆی پێوەندیی بنەماڵەییەوە بەمەبەستی بەشداریکردن لەم ڕێوڕەسمی بەرەو گوندی چۆمان ڕۆیشتن.

شێوازی گیانلەدەستدانی داستان ڕەسووڵ بە چەکی ڕەشاش، چەکی سازمانیی سپای پاسداران؛

ڕەسووڵ محەممەد دەروێش ڕایگەیاند: هێزەکانی سپای پاسداران بۆ پێشگرتن لە بەشداریی خەڵکی "مەروێ" لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی موتەلب سەعیدپەیڕەو، تەقەیان لێ کردن و کوڕەکەم دەسبەجێ گیانی لەدەست دا و دوو هاووڵاتییی دیکەش بریندار بوون.

باوکی داستان ڕایگەیاند: هێزەکانی سپا بە چەکی ڕەشاش نزیکەی ٨٥ فیشەکیان ئاراستەی خەڵگی گوندەکەی ئێمە کرد و چەند فیشەکێکیش بەر ملی کوڕەکەم کەوت.

ئەم هاووڵاتییەی خەڵكی هەرێمی کوردستان بە کوردپای ڕاگەیاند: ڕۆژێک پاش کوژرانی کوڕەکەم، یەکێک لە ئەندامانی خۆجێیی سپای پاسداران لە گوندی "چۆمان" لەلایەن "سەرگورد یەعقووبی"، بەرپرسی بەشی "ماڵتە" پەیامێکی پێ گەیاندین سەبارەت بە چاوپێکەوتنی ناوبراو لەگەڵ من، کە ئەم دیدارە هەر ڕێک نەکەوت و کەسێک لێی نەپرسینەوە.

تۆماردکردنی سکاڵا دژی سپای پاسداران لەلایەن بنەماڵەی داستان ڕەسووڵەوە؛

ڕەسووڵ محەممەد دەروێش لەمبارەوە ڕایگەیاند: ئێمە لە دادگای هەرێمی کوردستاندا دژی سپای پاسداران سکاڵامان تۆمار کرد، دواتر لە دادگادا پێیان وتین کە لە ڕێگەی باڵویزخانەی ئێرانەوە بەدواداچوون بۆ سکاڵاکەمان دەکرێ بەڵام هەر لەوێ پێیان وتین سکاڵا بکەن یان نە کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێ و تاکوو ئێستاش وڵامی سکاڵاکەی ئێمەیان نەداوەتەوە.

داستان ڕەسووڵ کوڕی ڕەسووڵ محەممەد و گەوهەر سوارە، لەدایکبوووی ساڵی ١٩٩١ی زاینیی بووە، خێزاندار بووە و منداڵێکی بچووکی هەیە.