نەغەدە؛ گواستنەوەی جەلال تەپاک بۆ نەخۆشخانەیەک لە دەرەوەی زیندان

09:41 - 19 بانەمەڕ 2723

ڕۆژی هەینی ١٥ی بانەمەڕ، جەلال تەپاک هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی پیرانشار بە هۆی نەخۆشییەوە لە زیندانی نەغەدەوە بۆ نەخۆشخانەی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا، ئەم هاووڵاتییە بەهۆی تەنگی هەناسە و نەخۆشیی هەناو، لە زیندانەوە بۆ نەخۆشخانەی نەغەدە ڕاگوێزراوە و ڕۆژی دووشەممە ١٨ی بانەمەڕ لە بەشی چاوەدێریی تایبەتەوە بۆ بەشی گشتی ڕاگوێزراوە.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: دادگا بۆ ئازادیی کاتی ئەم هاووڵاتییە ٥ میلیارد تمەن بارمتەی دیاری کردووە.

هێزە ئەمنییەتییەکان، "جەلال تەپاک"یان بە "هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە.

جەلال تەپاک کرێکاری شارەداریی پیرانشار، کاتژمێر ٣ی نیوەشەوی ٢١ی خەرمانانی ١٤٠١ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ئەم هاووڵاتییە پاش دوو مانگ دەسبەسەری لەگەڵ بنەماڵەکەی پێوەندیی گرتووە و چاوپێکەوتنی لەگەڵ کردوون.

ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ ئەشکەنجە دراوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە پاش کۆتاییهاتنی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزراوە و بە هۆی ئەشکەنجەی توند لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ تاکوو ئێستا چەند جار لە نەخۆشخانەی نەغەدە خەوێندراوە.

جەلال تەپاک، کوڕی مستەفا، تەمەنی ٣٠ ساڵە.