قوروە؛ دەسبەسەرکرانی چالاکێکی مەدەنی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

14:51 - 27 خاکەلێوه 2723

ڕۆژی شەممە ٢٦ی خاکەلێوە، مێهدی عرفانی چالاکی مەدەنیی خەڵکی قوروە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ئەم چالاکە مەدەنییە و لە ڕێگەی توندوتیژییەوە ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان پاش پشکنینی ماڵی ئەم هاووڵاتییە، کامپیۆتر، مۆبایل، کتێب و نووسراوە و هەندێ کەرەستەی تاکەکەسیی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی مێهدی عرفانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.