زیندانی ورمێ؛ مەحیەدین ئیبراهیمی زیندانیی سیاسیی کورد لە سێدارە درا

11:33 - 26 رەشەمه 2722

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی ٢٦ی ڕەشەمە، مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری شنۆ لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە درا.

یەکێک لە کەسە نزیکەکانی مەحیەدین ئیبراهیمی لە وتووێژ لەگەڵ کوردپادا هەواڵی لەسێدارەدرانی ناوبراوی پشتڕاست کردەوە.

مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی کورد ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ڕەشەمە بەمەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانیی ورمێ ڕاگوێزرا و ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی ڕەشەمە بۆ ئاخرین جار چاوی بە بنەماڵەکەی کەوت.

مەحیەدین ئیبراهیمی دوو جار لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە ئێعدام کرابوو و پاش ئەوەی کە بۆ جاری یەکەم حوکمەکەی لە دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرایەوە، جاری دووهەم حوکمەکەی لە دیوانی بالای وڵاتدا پشتڕاست کرایەوە و داخوازیی ناوبراو بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارەش ڕەت کرایەوە.

ڕەتکرانەوەی داوای پێڕاگەیشتنی حوکمی لەسێدارەدرانی مەحیەدین ئیبراهیمی؛

پاش ئەوەیکە جاری دووهەم حوکمی لەسێدارەدرانی مەحیەدین ئیبراهیمی لە دیوانی باڵای وڵاتدا پشتڕاست کرایەوە، پارێزەرەکانی ناوبراو لەوانە عەلی عەلیزادە داوای پێداچوونەوەی دووبارەی دۆسییەکەی ناوبراویان کرد کە ڕەت کرایەوە.

حوکمی لەسێدارەدرانی مەحیەدین ئیبراهیمی پاش ئەوەیکە جاری یەکەم لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە ڕەت کرایەوە، جاری دووهەم پشتڕاست کرایەوە؛

خەرمانانی ٩٩، حوکمی لەسێدارەدرانی مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی کورد لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرایەوە و دواتر نێردرایە دادگای شوێنی ژیانی ناوبراو.

ئەم زیندانییە سیاسییە جاری دووهەم و پاش ئەوەیکە یەکەم جار دۆسییەکەی لە دیوانی باڵای وڵاتدا ڕەت کرایەوە و بۆ بەدواداچوونی دووبارە نێردرایە لقی هاوتەریب، لە ڕێکەوتی ٢٤ی بەفرانباری ١٣٩٨ لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەلی شێخلوو و عەلیڕەزا ئاقازادە بە تۆمەتی "بەغی و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە لەسێدارەدران مەحکووم کرا. ناوبراو هەروەها بە تۆمەتی قاچاخی خواردنەوە ئەلکولییەکان بە پێدانی ٧ میلیارد تمەن پارەی نەخت و ٢ ساڵ زیندان مەحکووم کرا و لە دادگادا تەنیا ئەم تۆمەتەی قەبووڵ کردبوو و بەرگریی پارێزەرەکەشی بە ناوی فەتحوڵڵا شەربەتی هەر لەم ڕاستایەدا بووە.

ڕەتکرانەوەی حوکمی لەسێدارەدرانی مەحیەدین ئیبراهیمی لە دیوانی باڵای وڵات بۆ جاری یەکەم؛

حوکمی لەسێدارەدرانی مەحیەدین ئیبراهیمی پاش ئەوەیکە بۆ یەکەمین جار لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە لەسێدارەدران مەحکوم کرابوو، لە ڕەشەمەی ساڵی ٩٧ لە دیوانی باڵا وڵاتدا ڕەت کرایەوە و دۆسییەکەی بۆ بەدواداچوونی دووبارە بۆ لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ نێردرایەوە.

مەحیەدین ئیبراهیمی ٢٩ی گەلاوێژی ٩٧، لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەلی شێخلوو"، بە بێ مافی هەبوونی پارێزەر بە لەسێدارەدران مەحکووم کرا و ڕۆژی یەکی ڕەزبەری ٩٧ حوکمی لەسێدارەدران بە تۆمەتی "هاوکاری و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە فەرمی پێی ڕاگەیەندرا.

دەسبەسەرکرانی مەحیەدین ئیبراهیمی بە برینداری؛

مەحیەدین ئیبراهیمی ١٢ی خەزەڵوەری ٩٦ دوابەدوای تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بریندار بوو و دەسبەسەر کرا. ناوبراو پاش برینداربوون بۆ نەخۆشخانەیەک لە ورمێ گوازراوەتەوە بەڵام بە بێ تەواوبوونی پرۆسەی چارەسەری و پاش دو ڕۆژ، بەمەبەستی لێپرسینەوە گوازراوەتەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای سەیدوشوهەدای ورمێ. مەحیەدین ئیبراهیمی ماوەیەک لە ژووری تاکەکەسیی ئەم گرتنگەیەدا لەژێر ئەشکەنجە و لێپرسینەوەدا بووە.

ناوبراو ساڵی ٩٨ بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران" و پاش تێپەڕاندنی ماوەی مەحکوومکرانەکەی لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا.

مەحیەدین مەلائیبراهیمی گردکشانە ناسراو بە مەحیەدین ئیبراهیمی کوڕی محەممەد و خەڵی شاری شنۆیە.