چوار زیندانی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە دران

11:27 - 26 رەشەمه 2722

سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٢٦ی ڕەشەمە، حوکمی لەسێدارەدانی چوار زیندانی بە ناوەکانی "جەهانبەخش ڕادلوویی" کوڕی سوودین خەڵکی  گوندی "ئاخچەقەڵ" سەر بە ناوچەی سۆمای برادۆست، "محەممەد ئەیووبیان" کوڕی ساڵح خەڵکی گوندی "ماوانا" سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕ، "فرووهەر عەباس‌‌نژاد" کوڕی ڕەشید خەڵکی گوندی "گۆجاڕ" سەر بە ناوچەی تەڕگەوەڕ و "یاسین ڕەشیدی" کوڕی ئەردەڵان خەڵکی گوندی "کەلهوڕ"ی ناوچەی تەرگەوەڕ، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، جێبەجێ کرا.

ئەو چوار زیندانییە ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ڕەشەمە بۆ جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانیان، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ورمێ، کرابوون.

ئەو چوار زیندانییە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە "ماددەی سڕکەر" دەسبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە بە ئێعدام مەحکووم کرابوون.

هەتا ئێستا هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو  چوار زیندانییە لەلایەن میدیا و سەرچاوە فەرمییەکانی نێوخۆی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: یاسین ڕەشیدی، فرووهەر عەباس‌نژاد و محەممەد ئەیووبیان