شنۆ؛ ئەیووب ئاغالیانی بە زیندان و لێدانی قامچی مەحکووم کرا

20:15 - 24 رەشەمه 2722

٢٥ی بەفرانباری ١٤٠١، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئەیووب ئاغالیانی"، تەمەن ٢٢ ساڵ، کوڕی جەهانگیر لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی شنۆ بە ١٠ ساڵ و شەش مانگ زیندان و لێدانی ٧٠ قامچی مەحکووم کراوە.

دادگاییکردنی ئەم هاووڵاتییە لە ڕێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە و بە بێ بوونی پاریزەر بەڕێوە چووە و ناوبراو بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی ئەمنییەتی نێوخۆیی وڵات" بە ٤ ساڵ زیندان، "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" بە ساڵێک زیندان و لێدانی ٧٠ قامچی، "تێکدانی کەرەستەی گشتی" بە ساڵێک و شەش مانگ زیندان و "بەشداری لە ئاگرتێبەردانی بەئەنقەستی شوێنە گشتییەکان" بە چوار ساڵ زیندان بە جێبەجێکردنی زیاترین سزا و هەژمارکردنی ڕۆژەکانی دەسبەسەرکرانی پێشوو مەحکووم کراوە.

ڕێبەندانی ئەمساڵ، ئەیووب ئاغالیانی لە لقی ١٠٦ی دادگای کەیفەری ٢ی ورمێ بە تۆمەتی "تێکدانی وێنە گشتییەکان بەمەبەستی دژایەتی لەگەڵ نیزام و تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" بە ساڵێک و ٥ مانگ زیندان مەحکووم کرا.

ئەیووب ئاغالیانی ڕۆژی شەممە، ٢٠ی ڕەشەمەش لە لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتەکانی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی و تێکدانی کەرەستەی گشتی بەمەبەستی دژایەتی لەگەڵ نیزام و کردەوەی چەکدارانە لە بەرانبەر حکوومەتی ئیسلامیدا" موحاکمە کراوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی هەینی ١٥ی ڕەزبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و هەنووکە لە زیندانی ناوەندیی ورمێدایە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا تەنیا یەک جار بنەماڵەکەی بینیوە و دادگا بۆ ئازادیی کاتیی ناوبراو بارمتەی یەک  میلیار و ٣٠٠ میلیۆن تمەنیی دیاری کردووە.