سنە؛ شیلان ڕەشیدزادە بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

17:06 - 4 رێبەندان 2722

ڕۆژی سێشەممە ٤ی ڕێبەندان، شیلان ڕەشیدزادە، چالاکی مەدەنیی و خوێندکاری بەشی ژمێریاریی زانکۆی پەیام‌نووری سەقز، بە دانانی بارمتە لە کانوونی ئیسلاح و پەروەردەی سنە، ئازاد کرا.

ڕۆژی سێشەممە ١٣ی خەزەڵوەر، ئەو خوێندکارە کوردە لە دەرەوەی ماڵەکەیان بەبێ بەڵگەی یاسایی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە کتێبخانەی "ژیلا حوسێنی" دەسبەسەر کرابوو.

 ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، بێبەری کراوە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی بەفرانبار، شیلان ڕەشیدزادە، بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنە کرابوو و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ کانوونی ئیسلاح و پەروەردەی ئەو شارە، ڕاگوێزرابوو.

شیلان ڕەشیدزادە ئەندامی ئەنجومەنی "هیوای زانستی" سەقزە.

هەتا ئیستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو چالاکە مەدەنییە، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا، نییە.