10ی خاكەلێوە، رۆژی لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد

15:46 - 10 خاکەلێوه 2712
كوردپا: هەر نەتەوەیەك بۆ بەرز راگرتنی یاد و بیرەوەریی كەسایەتیە بەرز و سیمبۆلە نەتەوەییەكانی و بەتایبەت ئەو كەسانەی لە رێی ئازادی و سەروەریی مرڤایەتیدا شەهید بوون رۆژێكی تایبەتی هەیە،10ی خاكەلێوە، رۆژی لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد لە مێژوو و یادەوەریی كورددا جێگای دیار و بەرزە.


ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەم راپۆرتە مێژووییەدا بە مەبەستی وەبیر هێنانەوەی ئەم رۆژە و خستنە رووی ژیان و کەسایەتی و رۆڵی پێشەوا قازی محەممەد، ئاوڕێكی کورت لە مێژووی رووداوێکی گرینگی ٦٥ ساڵ لەمەوپێشی کوردستان دەداتەوە.

65 ساڵ لەمەوبەر لە رۆژی١٠ی خاكەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاوی (٣٠ی مارسی ١٩٤٧) پێشەوا قازی محەمەد سەركۆماری كوردستان، محەمەد حوسێنی سەیفی قازی وەزیری بەرگریی كوردستان و جێگری سەركۆمار و ئەبولقاسمی سەدری قازی نوێنەری شاری مەهاباد لە خولی ١٤ی مەجلیسی شۆرای میللی و نوێنەری كوردستان بۆ وتووێژ لەگەڵ حكوومەتی ناوەندی، دوای \"دادگایی\"یەكی فەرمایشی و داخراو بە فەرمانی محەمەدڕەزا شا و ستادی ئەرتش لە مەیدانی چوارچرا ئەو شوێنەی كە كۆماری كوردستانی تێدا راگەیەنرا، لە سێدارە دران.


\"3981.jpg\"


كۆماری كوردستان رێكەوتی 2‌ی رێبەندانی 1324 هەتاوی لە شاری مەهاباد لەسەر دەستی پێشەوا قازی محەممەد لە سەدەی 20دا دوای كۆماری ئارارات دامەزرا.

سەرەتای ژیانی پێشەوا:
قازی محەممەد، کوڕی قازی عەلی، لە بنەماڵەیەکی ناوبانگی شاری مەھاباد بۆ چوار سەدە پێشتر دەگەڕێتەوە. بنەماڵەی قازی محەممەد لەلای خەڵک جێگەی رێز حورمەت بوون. ھەر بە بنەماڵەیی زانا و ئازادیخواز و نیشتمانپەروەر بوون.

لە شەڕی یەکەمی جیھانیدا پیاوی وەک میرزا فەتاحی قازییان لە بەرەنگاریی راستەوخۆ لەگەڵ رووسەکان لێ شەھید بوو، کوڕە لاوەکانیشی (سالار و محەممەد) بە دیل گیران و بۆ شوێنە دوورەکانی رووسیەی ئەوکات دوور خرانەوە و تا شۆڕشی ئۆکتۆبر ھەر لە دیلیدا بوون.
\"3982.jpg\"


قازی عەلی باوکی، لە ١٩٣٠ لە مەھاباد رێکخراوێکی کوردی بە ناوی بزووتنەوەی محەمەد پێک ھێنا. ناوبراو لەگەڵ جووڵانەوەی شێخ محەممەد خیابانی لە تەورێز پێوەندی ھەبوو، تا ساڵی ١٩٣٤یش کە کۆچی ‌دوایی کرد لەسەر ئەو کارە بەردەوام بووە.

قازی عەلی، دوو کوڕی ھەبووە، یەکیان ئەبوالقاسم قازی (ناسراو بە سەدری قازی) بووە کە دوو دەورە لە لایەن خەڵکەوە کراوەتە نوێنەری پارلەمان و جێ‌بڕوای خەڵک و کاریگەریی تایبەتی ھەبووە. دوای تەواوبوونی کاری پارلەمان لەسەر راسپاردەی باوکی، بۆ راپەڕاندنی کارە سیاسییەکان و یارمەتی ‌دانی خەڵک ھەر لەتاران مایەوە.

قازی محەممەدیش کە ساڵی ١٩٠٠ی زایینی لەو بنەماڵە دا لەدایک بووە. قازی محەممەد لە سەردەمی منداڵی و لاویدا زۆر خولیای زانست و فێر بوونی زمانە بیانیەکان بووە و جگەلە عەرەبی و فارسی، لەگەڵ زمانی فەرنسەیی و ئینگلیزی و تا رادەیەکیش رووسی شارەزایی هەبووە. قازی محەممەد زۆری حەز بە تێکەڵاوی لەگەڵ زانایانی زەمان، کەسایەتیە گەورەکان، کوردانی نیشتمانپەروەر و سەرۆک عەشیرەتەکان ھەبووە.
\"3980.jpg\"


دەسپێکی کاری فەرهەنگی:
دوای کۆچی ‌دوایی باوکی، بوو بە دادوەر(قازی)ی شار. لە بەر ئارەزووی خۆی بۆ کاری فەرھەنگی و بردنە سەرەوەی زانیاریی خەڵک، لە ساڵەکانی بەر لە ١٩٤١و دوای ئەوەش بەرپرسایەتیی دایەرەی فەرھەنگ و ئەوقافی شاری مەھابادی بە ئەستۆ گرتووە و خزمەتی بەرچاوی فەرھەنگی کردوە و لە کاتی بەرپرسایەتیی ئەودا، یەکەم قوتابخانەی کچان لە مەھاباد کراوەتەوە. ھەر لەبەر ئەوە لەگەڵ زۆرێک لە خوێندکاران، رۆشنبیران و مامۆستایان پێوەندیی نزیکی هەبووە.

لە چەند ساڵ ماوەی نابەسامانی دەوڵەتی ناوەندیی تاران، واتە لە ساڵانی١٩٤١ تا ١٩٤٥ کە کۆماری کوردستان پێکھاتووە، بەڕێوبەرایەتیی ئەو لە پێش خستننی کاروبارەکاندا و بە تایبەتی لە چارەسەریی کێشە عەشیرە‌ییەکاندا دەورێکی بەرچاوی هەبووە. زۆر لە گرفتەکانی کاری رۆژانەی خەڵک لە دیوانی ئەودا کە مەحکەمەیان پێ ‌دەوت، چارەسەر کراون.
قازی محەممەد رێزی تایبەتی بۆ دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژ.ک) ھەبووە. زۆر لە دامەزرێنەرانی (ژ.ک) راوێژیان لەگەڵ کردووە و زۆریان خۆش ویستووە و گەلێک ھەوڵیان لەگەڵ داوە تا ببێتە ئەندامی ئەو کۆمەڵە.

قازی لە روانگەی نوێنەرانی بیانیشەوە کە ئەوکات ئێرانیان لەنێو خۆیاندا دابەش کردبوو، رێزی تایبەتی ھەبووە. ھەر کەس چۆتە مەھاباد تێکۆشاوە بەرلە ھەموو کەس چاوی بەو بکەوێ. بانگ کرانی بۆ سۆڤیەت ھەر لەم پەیوەندیەدا بووە، کە لەگەڵ وەفدێکی گەورە سەردانی باکۆیان کرد.
\"3984.jpg\"


کەسایەتیی پێشەوا:
قازی محەمەد مرۆڤێکی فەرھەنگ دۆست، خۆش بەیان، ئەدەب و ھونەر دۆست، ئەھلی راوێژ و لە ھەمان کاتدا خەباتگێڕێکی نیشتمانپەروەر و گەل خۆشەویست بوو. لەگەڵ ھەموو چین و توێژێک ھەڵسوکەوتی ھەبوو و لە کاتی پێویستدا لە ھەست و ھێزیان کەڵکی وەر دەگرت.

وەک ئەوەی لە وەسیەتەکەیدا ھاتوو، قازی محەممەد برایەتی و یەکگرتوویی کوردی پێ گەورەترین ھۆی سەرکەوتن بوو. ھەربۆیە لە زۆربەی وتارەکانی کەلە رۆژنامەی کوردستانی ئەوکاتدا چاپ کراون لەسەر بابەتی یەکیەتی و برایەتی دواوە و مەرجی سەرکەوتن و کۆڵەکەی راگرتنی کۆمار و ھۆی سەرکەوتن بەسەر دوژمنانیدا زانیوە.

ھەرچەند دەیزانی دوژمنەکانی کورد راست ناکەن، بەڵام لە وتووێژدا زۆر بە راشکاوی رایدەگەیاند کورد حەز دەکا لە رێگای ئاشتییەوە بە مافی خۆی بگا، بەڵام ئەگەر وا نەبێ ئەوەی بۆی بکرێ دەیکا.

لە پێش کۆماردا جاربەجارە لە رۆژنامەی کوردستان بە ناوی پێشەوا باسی لێ دەکرا، لە دوای دامەزرانی کۆمار بە شێوەی فەرمی نازناوی پێشەوا پێی ‌بەخشراو و ئەو ناوە تا ئێستاش لەنێو کۆڕ و کۆمەڵی خەڵکدا ھەر باوە.

سەرەنجام لە بەرەبەیانی ١٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٦ی ھەتاوی(٣٠ی مارسی ١٩٤٧) پێشەوا قازی، حەمەحوسێن خانی سەیف قازی (ئامۆزای پێشەوا) و ئەبولقاسم سەدر قازی (برای پێشەوا) دوای حوکمی دادگیایەکی نیزامی و نایاسایی و فەرمایشی لە چوارچرای شاریمەھاباد، واتە ھەر لەو شوێنەی کە ٢ی رێبەندانی ١٣٢٤ھەتاوی (٢٢ مانگی ژانویە ١٩٤٦) کۆماری کوردستان تێدا راگەیەنرابوو، لە سێدارە دران و شەھیدکران.

\"3985.jpg\"


دیارە هەموو ساڵێك كوردەكانی دانیشتووی وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریكایی بەرەو پیری ئەو رۆژەوە چوون و رێزیان لێ‌ گرتووە و هەر لەو پێوەندییەشدا هەتا ئێستا بە چەندین كوڕ و كۆبوونەوەی تایبەت حیزب و رێكخراوە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران، كەسایەتیی سیاسی و ئاكادیمیەوە لە هەرێمی كوردستان و دەرەوەی وڵات بە مەبەستی باس كردن لەسەر 10 خاكەلێوە و بە فەرمی ناسینی وەكوو رۆژی شەهیدانی كوردستان ئەنجام دراوە.

مەسەلەی بە فەرمی ناودێر كردنی 10ی خاكەلێوە وەك رۆژی شەهیدانی هەر چوار بەشی كوردستان لەمێژە لەلایەن حیزب و رێكخراوە سیاسییەكانەوە هاتۆتە گۆڕێ‌ و لە \"دووەمین كۆنفرانسی نەتەوەیی لاوانی كوردستان\" كە 25 هەتا 27ی رەشەمە لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو، ئەم پرسە خرایەوە بەرباس و پێشنیار كرا لە دووتوێی پێشنیارەكانی كۆنگرەی نەتەوەیی لاواندا رەوانەی \"كۆنگرەی نەوەیی كوردستان\" بكرێت كە بڕیارە لە ماوەیەكی نزیكدا لە هەولێر ببەسترێ‌.

بەڵام لە دوای كۆماری كوردستانەوە ئاڵای كۆمار و سروودی نەتەوایەتی لەلایەن سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەكانەوە بەرز رادەگیرێن و بوونەتە سیمبۆلی نەتەوەیی.