ئەزموونە سەربازییەكانی كۆماری ئیسلامی و هەنگاوەكانی نوری مالیكی

13:20 - 14 بەفرانبار 2712
Unknown Author
وەحید كەمالی ئیلامی

دوای ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی لە ئێران و دانیشتنی شیعە توندڕەوەكان و مەلاكان لەسەر تەختی دەسەڵات لەساڵی 1978 زایینی، هەموو ڕەهەندەكانی كۆمەڵگای ئێران لە بوارەكانی ڕامیاری، ئابووری ،كولتوری و...هتد، كەوتە بن كاریگەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەو خۆی هزر و بیری فراوانخواز و یونیتەری شیعیزمێكی توندڕەو و دوای سی و چوارساڵ تێپەڕبوون لە تەمەنی ئەم مۆدیلە فەرمانڕِەواییە ، ئاسەوار و كاریگەرییەكانی زۆر زەق و بەرچاو بوونەتەوە لەناوخۆی ئێران و لە ناوچەكە.

جیاواز لەوەی كە هەر گرۆپ و لایەنێك بە هۆی بەرژەوەندی و بیرو بۆچوونی ئایدولۆژیك یان غەیری ئایدولۆژیكی خۆی چۆن دەڕوانێتە ستراكچەری دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی و سیاسەتەكانی بە نیسبەت ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتی ئێران ، لەم بابەتە هەوڵا دەدرێت تا تیشك بخرێتە سەر كاریگەرییەكانی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی لەسەر گۆڕانكارییەكانی عیراقی نوێ و چونیەتی كەڵك وەرگرتنی دەسەڵاتی شیعەی عیراق بەتایبەت لیستی دەوڵەتی یاسا بە سەركردایەتی نوری مالكی وەكو بەشێك لە مەنزوومەو هەیكەلی گشتی ئایینزای شیعە لە ئەزموونەكانی شیعەی ڕادیكاڵی ئێرانی لە بوارە جۆراجۆرەكان .

سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1978 زایینی تەنها بە واتای ڕووخانی دەوڵەت و حكومەتێك نەبوو بەڵكو وەرچەرخانێكی مێژوویی و بنەڕەتی بوو لە هەموو بوارەكان و جیاواز لە كۆتایی هاتن بە دەسەڵاتی پاشایەتی و مونارشی بە هەموو دام و دەزگاكانییەوە ، بە واتای بن بڕ بوونی هەموو جۆرە ئایدولۆژی و بیرێكی جیاواز بوو لە شیعیزمی ئێرانی لە چەپەكانەوە بگرە هەتاكو دەگاتە ڕاستەكانی دەرەوەی شیعەگەری و بیری هەمەچەشنی لە دەسەڵات و بە واتای كردنەوەی لاپەڕەیەكی نوێ و نەناسراو چاوەڕوان نەكراو بوو لە مێژووی دەسەڵات و ڕامیاری و ڕەهەندە جۆراجۆرەكان لە ئێران كە بە زەبری زوور بە سەر هەموو نەتەوەو خەڵكانی دانیشتوی ئێران سەپێندرا.(هەرچەندە سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران تا ڕادەیكی زۆر قەرزباری هێزە چەپەكان و تێكوشانی هێزە لائیك و سكولارەكان و گەلانی ئازادیخوازی ئێران بوو تا هێزە ئیسلامییە ڕادیكاڵەكان).

لە دوای ڕووخانی سیستەمی پاشایەتی لە وڵاتی ئێران ، سیستەمی كۆماری ئیسلامی و نئو شیعە توندڕەوەكان لەسەر تاج و تەختێك دانیشتن كە هەموو فاكتەرەكانی دەسەڵات و هەیكەلی دەوڵەت پێكهاتبوون لە بنەما و ئەو پێكهاتانەی كە میراتی دەسەڵاتە پیشووەكان وەكو پەهلەوییەكان و قەجەرەكان و سەفەوییەكان و...هتد بوون و ئامرازەكانی دەسەڵاتیش وەكو سوپا و دام و دەزگا حكومی و مەدەنییەكانیش لەسەر بنەمای بیرو ڕامیاری و چەمك و پێناسەی دەسەڵاتی پێشوو ڕێكخرابوون ، بۆیە دەسەڵاتی شیعیزمی نوێ دوو بژاردەی لەبەر دەستدا بوو ، یان دەبوایە خۆی و شێوازی دەسەڵاتی ڕادیكاڵی ئایینزای خۆی بە گوێرەی پێكهاتەی ستراكچەری پێشوو ڕێكبخات و ملكەچی زۆر لە چەمكەكانی پێشوو بێت كە ئەم هەڵبژاردەیە بە واتای بەركەوتنی گورزێكی گران لە ئایدولۆژی و بیر و درۆشم و ئامانجەكانی دەهات یاخود دەبوایە لە هەموو بوار و ڕەهەندەكان ئەلتەرناتیڤی خۆی پێناسە بكات و هەموو ئامرازەكانی حوكمڕانی بە گوێرەی تایبەتمەندی فراوانخوازی نئو شیعە ڕێك بخات كە ئەمەش كارێكی ئەستەم و كاتگر بوو بە هۆی زۆر هۆكار وەكو چالاك بوون و بەهێز بوونی ئەو هێزە سیاسیانەی كە بەشدار ببوون لە سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران وەكو حزبە چەپەكان و ملی مەزهەبییكان و... و زۆر هۆكاری دیكە كە زاڵ ببوون لەسەر كۆمەڵگای ئێرانی نوێ لەو سەردەمەدا.

ڕەوتی حزبوڵا یان بە واتایەكی دیكە حزبی كۆماری ئیسلامی لە سەرەتاوە ڕێك كەوت لەگەڵ هێزەكانی دیكە و جەماوەریان كە بەشداری ئەكتیڤیان كردبوو لەسەرخستنی شۆڕشی ساڵی 87 و دەستیان كرد بە دامەزراندنی سیستەمێكی نوێ كە قەرار وابوو هەموو لایەنەكان لە ناوێدا و لە پرۆسەی بەڕێوە بردنی حوكمڕانی بەشدار بن و مافی هەموو لایەن و چین و توێژ و نەتەوەیەك لە هەموو بوارەكان دابین بكرێت و سیستەمێكی پۆپۆلیستی و فرەچەشنی لە ئێران سەقامگیر ببێت .

دوای یەك دوو ساڵ و تێپەر بوونی كات و بە كایە هاتنی هەلومەرجێكی گونجاو بۆ شیعە توندڕەوەكان كە ئیتر لە سەقامگیر بوونی دەوڵەتێكی كۆماری بە پێناسەیەكی ئیسلامی دڵنیا بوبون و بە تایبەت بە بەدەست گرتنەوەی ڕاستەوخۆی دەسەڵات لە لایەن خومەینییەوە كە نازناوی ڕێبەری شۆڕشی گەلانی ئێران و ڕێبەری كۆماری ئیسلامیش لێنرا بوو چیتر هەبوونی هێز و لایەنەكانی دیكە و جەماوەریان و بیر و بڕواكانیان لە چوارچێوەی بەرژەوەندی نئو شیعەی تازەپێگەیشتوو نەدەگونجاو بە پێچەوانە وە بەهۆی ئەو ڕەخنەو ئاستەنگانەی كە لایەنەكانی دیكە لە سیاسەتەكاتی ڕەوتی دەسەڵات دار دەیانگرت ئیتر تەحەمول نەدەكران و بۆیە پرۆژەو پرۆسەی پاكتاو كردنی لایەنەكانی دیكە دەستی پێكرد و دەسەڵات بە هەموو هێز و توانای خۆیەوە چووە سەر هەموو هێز و گرۆپ و بیرێكی جیاواز لە خۆی و وە دوای چەندین ساڵ توانی خۆی و دەسەڵاتی تاكڕەوی خۆی بسەپێنێت بەسەر هەموو كۆمەڵگای ئێران.

دەسەڵاتی نوێ شیعی كە نەیدەتوانی پشت ببەستێت بە سوپای پێشوو و ئەو هێزە ئەمنییانەی كە پاشماوەی دەسەڵاتی پاشایەتی ببوون و تەنانەت لە ترسی ئەگەری كودەتا لە لایەن \"سوپای پێشوی شاهەنشاهی \" ، جیاواز لەوەی كە ئەو سوپایەی بە تەواوەتی پەراوێز خست ، دەستی كرد بە گوللەباران كردن و لە سێدارەدانی زۆرێك لە پلەوپایەبەرزەكانی سوپا و جێگركردنی هێزەكانی سوپا لەناو پایەگاكان و مەقەڕەكانی دەرەوەی شار و بەم شێوەیە هەرچەشنە ئەگەرێكی كودەتایەكی دژبەخۆی لەناو برد و لە جیاتی ئەو هێزەش هەر لەسەرەتای سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، بە فەرمانی خومەینیەوە هێزێكی نوێی دامەزرا بە نێو \" سوپای پاسدارانی ئینقڵابی ئیسلامی \" لە ساڵی 1978 دا كە وردە وردە بە كەسانی دڵخواز و ملكەچی دەسەڵات و ئایدولۆژیای سەردەست بەهێزو گەورە كرا و لە هەموو تەمەنی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی تاوەكو هەنووكەش ماوەتەوەو بە شێوازی جۆراوجۆر پەرەی سەندووە و جگە لەوەی كە بووە بە گەرەنتی بەردەوامی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی (لانیكەم لەناوخۆی ئێران ) ، بگرە بووە بە بەشێكی هەرە گەورە لە خودی سیستەم و تێكەڵی هەموو ڕەهەندەكانی ڕامیاری و ئابووری و كولتوری بووەو بەشێكی سەرەكییە لە ناوەندی بڕیاردان لە لایەن كۆماری ئیسلامی لە پەیوەندی لەگەڵ بابەتە جۆراجۆرەكانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران و لە ئێستادا خاوەنی هێزی ئاسمانی و هێزی زەمینی و هێزی دەریاییەو وە بە باشترین شێواز پڕچەك كراوەتەوە.

دروست بوونی سوپای پاسداران یەكێك یان بەشێك بوو لە پرۆگرامەكانی كۆماری نئو شیعەی ئێران بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی خۆی . ئەمە لە لایەك و لە لایەكی دیكەوە دیسان بە فەرمانی خومەینی لە ساڵی 1979 هێزێكی میلیشیاش دروست كرا بە ناو \" بەسیجی موستەزعەفین \" كە ئەم هێزە میلیشیایەش بۆ بەشداركردنی خەڵك و جەماوەری ئێران لە كاتی شەڕی عیراق-ئێران و دابین كردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی دەسەڵات پێكهات و ئێستا وەك هێزێكی سەرەكی لە كۆنتروڵ كردنی ناوخۆی ئێران بە كار دێت .

لە دوای سی وچوارساڵ سوپای پێشوی ئێران یان \" ئەرتەشی شاهەنشاهی \"ش بە هۆی سیاسەتەكاتی دەسەڵات و كەوتنە ژێر كاریگەری بیری ئایدولۆژیكی حكومەت و دەستێوەردان و گۆڕانگاری زۆری كە بە خۆیەوە بینیوە ئێستاكە بە تەواوەتی ڕەنگ و بوونی گۆڕاوەو ئەو تایبەتمەندییانەی بە خۆ گرتووە كە ڕۆژێك لە ڕۆژان و لە كاتی پێویست وەك هێزێكی ئایدولۆژیك بەكار بهێندرێت لە لایەن دەسەڵاتەوە.

دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بە دریژایی تەمەنی خۆی و بۆ بەرپەرچدانەوەی هەرچەشنە هێزێكی ئۆپۆزسیون چی لەناوخۆ و چی لە دەرەوەی ئێران تا ئێستا سیاسەتی میلیتاریزە كردنی كۆمەڵگەی پەیڕەو كردووە و بەمجۆرە هەوڵی ئەوەی داوە كە بەردەوامی بە ژیانی خۆی بدات .

كۆماری ئیسلامی بۆ گەیشتن بەو ئامانجە ئایدولۆژییانە و غەیری ئایدولۆژیانەی خۆی هەر لە سەرەتای هاتنیەوە پڕوژەی گۆڕین و ئاڵشت كردنی هەموو بوار و ڕەهەندەكانی كۆمەڵگای پەیڕەو كردووە و دروست بوونی ئەو هێزە ئایدولۆژیانەش وەك سوپای پاسداران و بەسیجی موستەزعەفین و هێزە ئەمنییەكانی دیكە وەك ئیدارەی ئیتلاعات لە جیاتی \" ساواك \" و سوپای قودس ، هەموویان لە پێناو پاراستن و پەرەپێدانی كیان و ئامانجە تیوری و ئایدولۆژیانەی شیعەی فراوانخوازە لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران و لەهەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین.

كۆماری ئیسلامی ئێران و عێراقی دوای ڕژیمی بەعس

هەرچەندە شكست هێنان و ڕووخانی دەسەڵاتی بەعسی عێراق لە ساڵی 2003 لە لایەن هێزە نێودەوڵەتییەكان بە \" پرۆسەی ڕزگاری عێراق \" ناوزەد دەكرێت و بە نەمانی دەسەڵاتی شۆڤێنی بەعسییەكان لە عێراق گۆڕانگارییەكی زۆر هاتە ئاراواە چی لە پەیوەندی لەگەڵ گەلانی بن دەست لە ناوخۆی عێراق و چی لە پەیوەندی لەگەڵ هاوكێشەكانی ناوچەكەو وڵاتانی دەوروبەر بەڵام سەرەرای دەسكەوتە پۆزیتیڤەكانی ئەم گۆڕانكارییانە هەندێ خاڵی مەترسیداریش لەبەرچاون و دەستێوەردانەكانی وەڵاتانی دەرەوە داهاتوو وپاشە ڕۆژی عێراقی لێڵ و ناڕوون كردووتەوە .

هەرچەندە ژئوپۆلیتیك و دیمۆگرافیای نەتەوەیی و ئایینی و بەرژەوەندییەكان و داهاتووی عێراق بە نیسبەت وڵاتانی دراوسێ جیاوازی زۆری هەیە و عێراق لە هەموو بوار و ڕەهەندەكان تایبەتمەندی خۆی هەیە بەڵام ئەو پێناسەیەی كە لەم ساڵانەی دواییدا لە هەیكەلی دەسەڵات و چەشنی حوكمڕانی لەم وڵاتەدا كراوەو بە لەبەرچاو گرتنی ئەو دەستێوەردانانەی كە وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت ئێران لە عێراق ودەسەڵاتە سیاسیەكەی دەكەن و ئەم بابەتە بۆ هەموو لایەك ڕوون و ئاشكرایە ، پاشەڕۆژ و داهاتوویەكی ڕۆناك لەم وڵاتە بە دی ناكرێت بە لانی كەم تا ئەوكاتەی كە هاوكێشەكانی نێوان ڕۆژئاواو ئێران لە عێراق و ناوچەكە چارەسەر نەبن .

مەترسی دەستێوەردانەكانی ئێران لە چاو وڵاتانی دیكەی دراوسێ و تەنانەت ڕۆژئاوا و ئەمریكا زۆر جیاوازترەو ئەگەر وڵاتانی دیكە تەنها لە یەك یان دوو یان چەند بوارێكی نەرم وەك تیجاری یان ڕامیاری یان دیپلۆماتیك هەولی ئەوە دەدەن تاكو بەرژەوەندی خۆیان لە هاوكێشە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی عێراق دابین بكەن ، كۆماری ئیسلامی هەموو شتی عێراقی داوەتە بەر پەلامار و هێرشی دەستێوەردانەكانی خۆی و بە هەموو توانایەوە و بە گەرمترین شێواز یەكە بە یەكە ئامانجەكانی خۆی دەپێكێت وكەس ناتوانێ حاشا لەمە بكات .

كۆماری ئیسلامی ئێران جیاواز لە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە چنینی خشت بە خشتی هەیكەل و قەبارەی سیاسی لە حكومەتی عێراق و سەپاندنی پرۆژەو پرۆگرامە ڕامیاری و تیجاری و ئایدولۆژیكەكانی خۆی لە سەر دەسەڵاتداران و زۆرینەی لایەنە سیاسیەكانی ئەم وەڵاتە ، خەریكە بە هەماهەنگی و هاوكاریی بە تایبەت لیستی دەوڵەتی یاسا بە سەركردایەتی نوری مالیكی ئەزموونە سەربازییەكانی خۆیشی بەسەر عێراق دەسەپێنێت و لە ڕێگای دەسەڵاتی نوری مالكییەوە ئامانجە سەربازییەكانێشی پێكدەهێنێت .

كردەوە و سیاسەتەكانی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران لە وڵاتانی دەورو پشتی لە ڕابردوودا ئاماژە بە ئەوە دەكەن كە یەكێك لە بەرنامەو سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی لە ناوچەكەدا دروست كردنی ئەو هێزە چەكدارانەیە كە بە هەر شێوەیەك بێت پەیرەوی سیاسەت و پیلانەكانی ئەو بكەن جا ئەم هێزانە دەیەوێت نایاسایی بن یاخود یاسایی ، میلیشیا بن یاخود سوپای فەرمی هەر دەوڵەتێك . چاوخشاندنێكی كورت لە هەلومەرجی ئەمنی و سەربازی وڵاتانی دەورو بەری ئێران ئەم ڕاستییە دەردەخات كە بەشێكی زۆری پارەو بودجەی ئێران بۆ ئەم مەبەستە سەرف كراوەو و دەكرێت .جا ئەگەر بێنین و مقارنەیەك بكەین لە نێوان سیاسەتە سەربازییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سی وچوارساڵی تەمەنی و بە تایبەت لە شێوەو ستراكچەری ئەو هێزە ئایدولۆژییانەی كە لە لایەن كۆماری ئیسلامییەوە دروست كراون بۆ ئەلتەرناتیڤی ئەرتەشی شاهەنشاهی و باقی هێزە ئەمنی و زانیارییەكانی سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتی و پەهلەوی لەگەل ئەوەی كە لە دوای ڕووخانی دەوڵەتی بەعس لەبواری سەربازی و ئەمنی لە عێراق دەكرێت بەتایبەت دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی نوری مالیكی ، دەتوانین چەشن و ڕەنگ و شوێن دەست و دەستكردە سەربازییەكانی كۆماری ئیسلامی لە هەیكەل و پێكهاتەی هێزە سەربازی و ئەمنییەكانی ئێستای عێراق ببینین.

جگە لەو جیاوازییەی كە سوپای شاهەنشایی پەهلەوی لە كاتی شۆڕشی گەلانی ئێران لە نێو نەچوو و بە سیاسەتی پەراوێز خستن و لە چوارچیوەی پرۆسەیەكی درێژخایەن ئاڵوگۆڕی بنەڕەتیی بەسەر هات بەڵام سوپای عێراق لە گەلەكۆمەیەكی سەربازی نێودەوڵەتی تێكشكێندرا و لە نێو چوو : لە پرۆسەی پێكهێنانی سوپای نوێ و باقی هێزە ئەمنییەكانی عێراق وەك میلیشیاكانی هێزی سەحوە (هەرچەندە بە بەشداری ئەمریكییەكانیش دروست كرابێت ) و بڕیاری چەكداركردنی خێڵ و عەشیرەتە عەرەبەكان و پێك هێنانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكان كە لە ئێستادا ژمارەیان گەیشتووە بە 9 فەرماندەیی و دوور نییە لە داهاتووش ژمارەیان زیاتر بكرێت و بە بڕیارە نایاساییەكانی نوری مالكی پێكهاتوون ، دەبینین كە دەسەڵاتی دەوڵەتی یاسا و بەتایبەت نوری مالیكی خەریكە هەمان سیاسەت و ئەزموونی سەربازی كە كۆماری ئیسلامی بۆ ناوخۆی ئێران و شێوەی دروست كردنی هێزە ئەمنییە نوێیەكانی بە كاری هێناوە و ئەم هێزانە بوونە بە هۆكار و ئامرازێكی بەهێز و سەرەكی بۆ درێژەدان بە تەمەنی دەسەڵاتەكەی،نوری مالیكیش لە ئاستی عێراق و لە پرۆژەو پرۆسەی پێك هێنانی هێزە ئەمنی و سەربازییە نوێیەكانی عێراقدا پەیڕەوی دەكات.

بەم پێناسەیە :
سوپای پاشایەتی ئێران لە پرۆسەیەكی درێژخایەن گۆڕدرا و پێكهاتەكەی بە دڵخوازی دە سەڵاتی كۆماری ئیسلامی ڕێكخرا بەڵام سوپای نوێ عێراق هەرچەندە بە سیستەمێكی نوێ و سەردەمی و بە گوێرەی سیستەمی سەربازی ئەمریكی ڕێكخراوە بەڵام پێكهاتەكەی هێشتا بە گوێرەی پەروەردەیەكی فیدراڵی و دیموكراتیك نییەو چەمكە شۆڤێنیەعەرەبی و ئایینییەكان لە گیانی ئەم سوپایە ئاشكران و دەتوانیین بە ڕاشكاوی ئەوە بڵێن كە ئەم سوپایە ئەو تایبەتمەندییەی هەیە كە دیسان ببێتە ئامرازێكی دەستی لایەنی دەسەڵات و لە هاوكێشە ناوخۆییەكانی عێراق لە پێناو بەرژەوەندی دەسەڵات بەكار بهێندرێت .

دوای بەسەركارهاتنەوەی دەوڵەتی یاسا بە سەركردایەتی نوری مالیكی دەبینین كە ئاڵوگۆڕێكی زۆر لە كەسایەتی و فەرماندە پلە بەرزەكان و كادیرەكانی سوپای عێراق دەكرێت و پرۆژەی گەڕاندنەوەی بەعسییە شۆڤێنییەكان بۆ ڕیزی سوپا دەستی پێكردووەو سوپای نوێ عێراق بەرەو وەرگرتنی تایبەتمەندی و چەمكە مەترسیدارەكان هەنگاو دەنێت كە ئەمە دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە مرۆڤ گۆمان لە بێ لایەن بوونی ئەم سوپایە بكات لەكاتی پێش هاتنی هەر ئەگەر و ململانێكی ڕامیاری لە نێوان هێزی دەسەڵات و لایەنە سیاسییەكانی دیكە لە ناوخۆی عێراق .

هەنگاوێكی دیكەی مالیكی پێك هێنان و دروست كردنی \" هێزە میلیشیاكانی سەحوەیە \" بە یارمەتی هێزە ئەمریكییەكان كە ئەم هێزە مرۆڤ دەخاتە بیری هێزی میلیشیای \" بەسیجی موستەزعەفین \" كە لە لایەن كۆماری ئیسلامییەوە دروست كرا .

یەكێك تر لە هەنگاوە مەترسیدارەكان و دەرلە یاساكانی نوری مالیكی پێك هێنانی فەرماندە ئوپەراسیۆنەكانە لە عێراق كە لە ئێستادا ژمارەیان گەیشتووە بە 9 فەرماندەیی و ئەم هێزانە هەرچەندە بە ڕواڵەت لەژێر ناوی بەشێك لە سوپای عێراق ڕێكخراون بەڵام لە ڕاستیدا بۆ مەبەستی تایبەت ولەپێناو سیاسەتەكانی لیستی دەوڵەتی یاسا و ئامانجە شاراوەكانی كۆماری ئیسلامی كەڵكیان لێ وەردەگیرێت و شێوازی ڕێكخستن و كەسایەتی حقوقی ئەم هێزەو جۆری جموجۆڵەكانی لەعێراق ، \" سوپای پاسدارانی \" كۆماری ئیسلامی ئێرانی وەبیر دەهێنێت و دوور لە واقیع نییە كە لە داهاتودا پەرەی پێبدرێت و بەهێز بكرێت و ببێتە هێزێكی شۆڤێنی و ئامێر و داردەستی لایەنی دەسەڵات لە دەوڵەتی عێراق بۆ سەركوت كردن و بێدەنگ كردنی لایەنە سیاسییەكان و نەتەوەكانی دیكەی عێراق .

دەوڵەتی یاسا و نوری مالیكی لە بەردەوامی سیاسەت و پیلانە سەربازییەكانی خۆیان دەستیان كردووە بە چەكدار كردن و ڕێكخستنی خێڵ و عەشیرەتە عەرەبەكانی عێراق بە تایبەت لە بابەتی بەرەنگاری لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و كێشەی ناوچە دابڕاوەكانی كوردستان (ناوچە كوردییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان ) لە پێناو مراندنی مادەی 140ی یاسای عێراقی فیدراڵ و دەیانەوێت بەم شێوەیە هەم كارتێكی بەهێز لە دەستیان بێت بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو لە ناوخۆی عێراق و هەم ئاستەنگ دروست بكەن لەبەردەم پراكتیزە كردنی مادەی 140 ی یاسا و لە لایەكی دیكەشەوە شۆناسی كێشەی كەركوك و باقی ناوچە دابڕاوەكان كە كێشەیەكی ژئوپۆلیتیكە بگۆڕن و بیكەن بە كێشەی عێرقی نەتەوەیی یان كێشەی كورد و عەرەب.

بە لەبەرچاو گرتنی ئەزموونە سەربازی و سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سی و چوار ساڵی ڕابردوودا و بڕیارە تەك لایەنەكان و هەنگاوە یەك لە دوای یەكەكانی نوری مالیكی لە بواری سەربازی و ڕێكخستنی هێزە ئەمنی و سەربازییەكانی عێراق ئەم ڕاستیە بۆ مر‌وڤ دەردەكەوێت كە پەیوەندی و هەماهەنگی و پەیڕەو كردنێكی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ هەیە لە نێوان سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران و هەڵسوكەوەتەكانی نوری مالیكی ،واتە لە لایەكەوە نوری مالیكی لەپێناو درێژە دان بە دەسەڵاتی خۆی خەریكە لە ئەزموونە سەربازییەكانی كۆماری ئیسلامی كەڵك وەردەگرێت و هەر بەو شێوەیە كە كۆماری ئیسلامی ئێران هێزی میلیشیای بەسیجی موستەزعەفین و هێزی سوپای پاسدارانی دروست كرد و خێڵ و عەشیرەتەكانی پڕچەك و دەستەمۆی خۆی كرد ، مالیكێش هێزی میلیشیای سەحوەو فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكان دروست دەكات و خێڵ و عەشیرەتە عەرەبەكان پڕچەك و پەروەردەی سەربازی دەكات تا بتوانێ وردە وردە ڕەقیب و نەیارەكانی خۆی لە گۆڕەپانی ململانی سیاسی – سەربازی عێراقی نوێ پاشەكشی پێان بكات و بە میلیتاریزە كردنی كۆمەڵگای عێراق، ببێتە تاكە فەرمانڕەوای ڕەهاو ڕەوای عێراق.

بێگومان هەنگاوە ڕامیاری و سەربازییەكانی نوری مالیكی جگە لەوەی كە پارێزەری بەرژەوەندییەكانی دەسەڵاتی خۆی و لیستەكەیێن ، بەشێكن لە سیاسەتی گشتی كۆماری ئیسلامی ئێران بە نیسبەت عێراق و سەپاندنی حوكمرانی شیعە بە سەر ناوچەكە و پێناسە كردنی ڕەهەندێكی نوێ لە چەمكی هیلالی شیعە .

واتە ئەگەر پێشتر وشەی \" هیلالی شیعە \" تەنها لە بواری ئایدولوژیك و ئایینی بە كاردەهات ، لە ئێستادا چەمكی \" هیلالی سەربازی شیعەش \" خەریكە پەرەدەستێنێت و چڕتر دەبێتەوە.

جا ئێمە وەكو نەتەوەی كورد بەگشتی و وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی كە بەشێكی سەرەكین لە ئامانجەكانی سیاسەت و هەنگاوە مەترسیدارەكانی ئاشكرای مالیكی و مەبەستە نەیارانەكانی كۆماری ئیسلامی لە پشتی پەردەوە ، دەبێ زیاتر لە هەر لایەنێك وریای هەنگاوە هەماهەنگەكانی نوری مالیكی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران بین و لەمپەرە سەرەكییەكانی پاراستنی كیانی نەتەوەییمان لە بەغدا و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان وەكو نەتەوە یەكگرتووەكان و...دابنین ، نەك لە هەولێر و ناوچەدابڕێنراوەكان .