ئەدەبی منداڵانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان

23:05 - 16 گەلاوێژ 2714
Unknown Author
رەزا شوان

زۆر بە کورتیو بە چڕی باس لە( ئەدەبی منداڵانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ) دەکەین . سەرەڕای ئەوەی داگیرکەری ئێرانی، بە زۆرداری زمانی فارسییان بەسەر گەلی کوردماندا سەپاندووە، خوێندن لە قوتابخانەکاندا تەنها بە زمانی فارسییە، خوێندن بە زمانی زگماکی کوردی قەدەغەیە .. ئەمەش بە پێچەوانەی مافەکانی مرۆڤەوەیە و، بەڵگەیەکی زەقیشە بۆ رەگەزپەرستی رژێمی ئێرانی ..بێگومان ئەم غەدرە رەنگدانەوەیەکی خراپی، لەسەر بیر و دەروون و هەست و چێژی منداڵانی کوردمان بەجێهێشتووە، چونکە بەزۆر بە زمان و بە کەلتوورێکئاشنایان دەکەن .. کە نامۆن بە لای منداڵانی کوردەوە و، دوورن لە تام و چێژی زمانی کوردی و لە کەلتووری رەسەنی کوردیمان، بۆیە بەشێکی زۆر کەمی منداڵانی کوردمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا، بە زەحمەتی دەتوانن چیرۆک و شیعر و بابەتینووسراوی منداڵانبە زمانی کوردی بخوێننەوە .. زیاتر پشت بە دەزگاکانی بیستراو و بینراو دەبەستن .. وەک گوێگرتن لە رادیۆ و لە سیدی و لە تەلەفزیۆنە کوردییەکانمان.. بەمەش ناتوانن مەستی حەز و ئارەزووەکانیان ببن.. بەڵام سەرەڕای ئەم تاوان و ناهەقی و نادادپەروەرییەش.. ئێمەی کورد گەلێکی خۆڕاگر و چاوقایمین و، هەردەم داکۆکی لە مانەوە و لە سەلماندنی خۆمان دەکەین ..ئەوە مەحاڵە کە خۆمان بدەین بە دەستی داگیرکەرانەوە .. تا ئێستا کۆمەڵێک لە شاعیران و نووسەرانی ناسراو و دڵسۆزی کوردمان، لە رۆژهەڵاتی خۆڕاگری کوردستان دا، منداڵانیان فەرامۆش نەکردوون، بە چیرۆک و شیعر و شانۆ و پەخشانی جوان و شیرین باخچەی ئەدەبی منداڵانیانی کوردیانرازاندۆتەوە .. مژدەی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ئەدەبی منداڵانی کوردیان لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا راگەیاندووە .. ئەگەر وبوارێکی باشیان بۆ بڕەخسێت، دەتوانن زیاتر گەشە وتەکان بەم بزووتنەوەیە بدەن و پێشی بخەن .. ئەمە و کورد چ لە باکور یا لە باشوور یا لە رۆژهەڵات یا لە رۆژئاوای کوردستاندا بژین، کوردستان یەک کوردستانە و، هەمووشمان ڕۆڵەی گەلێکین و،هەر هەموومان یەک چارەنووس و یەک ئایندەمان هەیە .. گەشبینمکە ئایندەیەکی گەشمان دەبێت .. لە راستیدا ( ئەدەبی منداڵانیکورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ) دا، لە سەردەمی ( کۆمــاری کوردســتان ) دا گزنگی دا، دەرچوونی ( گۆڤاری گڕوگاڵی منداڵانی کورد) ، بوو بە هەوێن و، بە بەردی بناغەی ئەم بزووتنەوەی ئەدەبی منداڵانی کورد .

(گۆڤاری گڕوگاڵی منداڵانی کورد ـ ١٩٤٦): گەرچی تەمەنی کۆماری کوردستان لە ساڵێک کەمتر بوو، بەڵام لەگەڵ ئەم تەمەنە کورتەشەدا، سەرەڕای هەڕەشە و ئەو کۆسپ و تەگەرەکانەی کە لە لایەن رژێمی شای گۆڕ بە گۆڕی ئێرانەوە دەخرانە رێی گەشەکردن و پێشکەوتنی .. سەرەڕای سنوورداری توانای ئابووری، بەڵام کۆماری کوردستان لەو تەمەنە کورتەی دا، لە هەموو بوارەکاندا گەشە و پێشکەوتنێکیگەورە و بەرچاویبە خۆیەوە بینی .. یەکێک لەو بوارە گرنگانەش، بواری پەروەردەی منداڵان و خوێندن بە زمانی زگماکی کوردی و، بایەخدان بوو بە ئەدەب و رۆشنبیری و راگەیاندنی کوردی .. دیارە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، کە پێشەوای هەمیشە نەمر ( قـازی محەمەد ) و کابینەی کۆماری کوردستان .. لە هۆڵی گۆشکردن و پەروەردەکردنی دروست و، ئاراستەکردنی راستی منداڵانی کورد دا بوونە .. چونکە ئەوەیان لە بەرچاو گرتووە، کە منداڵان نەوەی داهاتوون و رۆڵ و کاریگەرییان لە ئایندەی کورد و کوردستان دا دەبێت و، درێژەبە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد دەدەن .. بۆیە بە هەستێکی کوردایەتی و مەردایەتی و، بە سۆز و خۆشەویستی بۆ کوردستانی شیرینمان، گۆش و پەروەردەیان دەکردن .. ئەو رەنجەشیان بێ بەر نەبوو، چەندین رۆڵەی تێکۆشەر و قارەمانی ناسراوی ئەمڕۆمان، چەندین سەرکردەی شەهیدی رێی رزگاری کوردستانمان، لە قوتابخانەی کوردایەتی کۆماری کوردستان دا، ئەلفوبێی کوردایەتی و کوردستان پەروەری و، خەبات و سیاسەت فێربوون .. هەر لەو کاتەدا بەڵێنیان دا و، سوێندیان خوارد کە درێژە بە رێبازە پیرۆزەکەی پێشەوای قارەمان و دڵسۆز( قازی محەمەد ) بدەدەن .

گۆڤاری کڕوگاڵی منداڵانی کورد، یەکەمین گۆڤاری منداڵانی کوردە، کە بە زمانی شیرینی کوردیمان لە ساڵی ( ١٩٤٦)دا، لە شاری ( مەهاباد )دەرکراو، لە ( چاپخانەی کوردستان) دا چاپ کرا .. لەلایەن ( قادر مودەرسی ) یەوە سەرپەرشی دەکرا،کە تەنها سێ ژمارەی لێ دەرچوو .. ژمارەکانی ئەم گۆڤارە گەلێ بابەتیهەمەڕەنگەی ئەدەبی و پەروەردەیی و رێنمایی و رۆشنبیری و زانیاریی بە سوودی بۆ منداڵانی کوردمان لەخۆگرتبوون .. لە ( لاپەڕەی دووەم ) ی ( ژمارەی یەکەم ) ی گۆڤاری گڕوگاڵ، دەقی ئەم نووسراوەمان بەرچاو دەکەوێت: \" پێشکەش بە تاقە گوڵی هیوای کوردستان پێشڕەوی منداڵانی کورد بۆ رێی زانستی و هونەری ئاغای علی قازی رۆڵەیشیرینی حزرت پێشەوای بەرزی کوردستان \" .. هەر لە ( ژمارەی یەکەم )دا، لە ( لاپەڕەی کۆتایی ) ئەم گۆڤارەدا، دەربارەی ئامانج لە دەرکردنی گۆڤاری گڕوگاکاڵی منداڵانی کورد نووسراوە : \" ئەو مەجەللـەیە تەنیا بۆ رووناککردنی بیری خوێندەوارانو منداڵانی کوردە \"وەکو لە بەشێک لە بابەتەکانی ژمارەکانی ( گڕوگاڵی منداڵانی کورد ) دا دەردەکەوێت، ئامانجی گڕوگاڵ منداڵانی کورد، قووڵکردنی هەستی کوردایەتی و کوردستان پەروەری و، زیاتر شیرین کردنی زمانی کوردیمان بووە، لە لای منداڵانی کوردمان .. گۆڤاری گڕوگاڵی منداڵانی کورد، بۆئەو سەردەمە بایەخ و گرنگییەکی زۆریهەبووە، بۆ گەشەکردن و زاخاودانی هۆش و بیر و سۆز و هەستی منداڵانی کوردمان.. ئەمڕو لە باشووری کوردستان دا، ژمارەیەکی زۆری گۆڤاری رەنگاوڕەنگی مانگانە بۆ منداڵانی کورد دەردەکرێن .. بەڵام هەردەم بە شانازیشەوە یادی دەرچوونی یەکەمین گۆڤاری کوردی بۆ منداكان ( گۆڤاری گڕوگاڵی منداڵانی کورد ) دەکەنەوە .. هیوادارینکە دەزگای رۆشنبیری منداڵان لە باشووری کوردستان دا، سەرلەنوێ هەرسێ ژمارەکەی دووبارە چاپ بکەنەوە و، لە ئەرشیفی مێژووی ئەدەبی منداڵانی کورد دا،وەکو بەڵگەیەکی مێژووییبمێنێتەوە .

کۆپی ژمارەی (١، ٢) لە ئەرشیفی کۆڕی زانیاری کورد لە بەغدا هەبوو .. کۆپی هەر ئەم دوو ژمارەیە لە لای مێژوونووسی کوردمان دکتۆر ( کەماڵ مەزهەر ) هەیە، کە ئێستا لە هەولێر دەژی.

ئێستاش چەند گۆڤارێک مانگانە و وەرزی بۆ منداڵانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوەرددتان دەردەچن، لەوانە : ( دنیای منداڵان ـ منداڵپارێزی رۆژهەڵاتی کوردستان دەری دەکات )، ( نێرگز )، ( سروە )، ( شۆخ و شەنگ) .

ئەمانە ناوی هەندێ لەو شاعیر و چیرۆکنووس و نووسەرە دڵسۆزانەن، کە لەم بوارەدا بەپێی توانایان خزمەتی منداڵانی کوردیان کردووەو دەکەن،لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا : ( هەژار موکریانی، عەبدولڕەحمان فەهیمی،عەلیڕەزا محەممەدیان، سیمین چایچی، سوغرا کەریمی، گوڵاڵە ستاوەند، ئەمین گەردیگلانی ، شیلان گێلانی، سەلاح نیساری، کولسوم عوسمانپوور، ئەحمەدی بەهرامی، عەبدولقادر قادری، فایق باتەش، سەلام قادری، سەحەر میهرەبانی، عەفیفە مەحمودزادە، لەیلا ساڵحی، خاڵەند ئەحمەدی، سۆران حوسێنی، یونس رەزایی، سوارە فەتوحی، یوسف فازلی، عەلیڕەزا قاسمی فەڕ، عەلی سەهامی، رەزا مەوزوونی مەنوچێهر پۆردێل، سەلام پارسا، فەریبا کەڵهوڕ) ئەمانە و چەندین نووسەری تری کوردمان لەم بوارەدا نووسینی هەمەڕەنگەیان هەیە..شایانیباسە و مایەی دڵخۆشییە، رێژەیەکی باشی ئەم نووسەرانە لە خۆشکانن .. زۆر بە کورتی نموونە لە نووسینی هەندێ لەو ناوانە دەخەینە بەرچاو :
( هەژار موکریانی :١٩٢٠ـ ١٩٩١) ناوی ( عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی ) یە، لە شاری مەهاباد لە دایک بووە و( هەژار) نازناوێتی .. مامۆستا هەژار موکریانی شاعیرێکی گەورە و ناوداری کوردمانە، زمانزانێکی بلیمەت و فەرهەنگسازێکی زیرەک ووەرگێڕێکی زۆر بە توانا بوو، کورد و کوردستان پەروەرێکی تێکۆشەر و ناسراو بوو،چەندین کتێبی لە هەموو بوارەکاندا نووسیوە و چاپی کردوون .. مامۆستا هەژار كۆمەڵێک شیعر و چیرۆکە شیعری جوانیشی بۆ منداڵانی کوردمان نووسیوە، کە بە شێوازیکی شیرین و ناسک، بە کوردییەکی پەتی و ئاسان و رەوان و پاراو، بۆیانیداڕشتوون .. ئەمەش دوو نموونەن لە شیعرەکانی مامۆستا هەژار بۆ منداڵان:
بەهــــار
زســتان نەما ، بەهــــار هات
خۆشی بۆ گـوند و شـار هات
* * *
بولـــبول گـەیی بە مــــرادی
دەخـــــــــوێنێ بە ئـــــازادی
* * *
پەپــــــولە لە چــڵ بۆ چــڵ
دەچـن بۆ سەیــرانی گــوڵ
* * *
جـــوانە ئەم چـیا و دەشتە
کوردستان وەک بەهەشتە
یـــــــــاری
تۆپی یـاریم زۆر خۆش دەوی یـــاریم لەبــەر چـــاو ناکەوێ
پیاو بە وەرزش بە هێـز دەبێ لای مەردەم خاوەن رێز دەبێ
وەرزش مـــــرۆ ئــــــازا دەکا ئــــــــازا وڵات ئـــــــــاوا دەکا
مـن لە وەرزشپـــــــــاڵەوانم رۆڵەی ئـــازای کوردســـــتانم

(ئەمین گەردیگلانی ) لە دێی ( گەردیگلان ) ی سەر بە شاری (سەقز ) لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە، نووسەرێکی ناسراو و، وەرگێڕێکی بە تواناشە، تا ئێستا چەندشاکارە رۆمانێکی لە زمانی بێگانەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردیمان .. ئەمانەش تەنها ناوی ئەو کتێبانەن کە کاک ئەمین گەردیگلانی بۆ منداڵان کورد وەری گێڕاونەتە سەر زمانی کوردی و چاپی کردوون : ( دار و پەپوولە و رووبار، کەڵەشێری ورگن، تەپڵی ئاور) . تا ئێستا کۆمەڵێک شیعری جوانی بۆ منداڵان داناون .. ئەمە یەکێکە لە شیعرەکانی کاک ئەمین گەریگلانی، بە ناوی ( پشیلە ) وە :
پشـیلەی جــوانی خــاڵ خــاڵ
تووک نەرم و نۆڵی چاوکــاڵ
* * *
گـوێ کورت و سمــێڵ قیـتی
وریـــا و بەهــۆش و زیــتی
* * *
خۆشـــــە میـــــاوە میـــوات
جــــوانە بریقـــەی چــــاوت
* * *
بە رۆژ هـــــــەتا ئێـــــواران
لەبــــــــن دار و دیــــــواران
* * *
خۆت مات دەدەی لە مشکان
لە جووجــــــەڵەی مریشکان
* * *
دایــــــــم خـــــــەریکی راوی
سمـــــــێڵ قیـــــــتی فـــێڵاوی
( عەلیڕەزا محەممەدیان) بە شێوە زاری ئەردەلانی ( سنەیی ) دەنووسێ ، نووسەرێکی ناسراوی بواری ئەدەبی منداڵانی کوردە، چیرۆکە شیعرە چاپکراوەکەی بۆ منداڵان بە ناوی ( ماسی خـانم )، چەند جارێک دووبارە چاپکراوەتەوە، زیاتر لە ( ٨٠ )هەزار دانە لەم کتێبەی فرۆشراوە .. ئەمەش بەشێکە لەو چیرۆکەشیعری ( ماسی خـانم ) ي شاعیر عەلیڕەزا محەممەدیان :
ماسی خــــــانم نـــــــاو دەریا
چارشــــــــــێوی دا بە سەریا
* * *
کەفــــتە رێـــگا خـرتە خـرت
شـــیرین شـــیرین وردە ورد
* * *
ماسی خـــــانم کـەوشی نـەوو
ماڵەکەیــــان حــەوشی نـەوو
* * *
وەختێ چوو بۆ سەر کووجی
چــــاوی کەفــتەو بە جی جی
* * *
جـی جـی زەدەواڵــــــــە بـوو
منــــاڵ ئـەو بەرمـــــاڵە بـوو
* * *
وتـی قـــــــــەزاو لە گیــــــانم
رێـــگەی هـــەس و ئــــەزانم
* * *
ماسی کــەوشی لە پــا کـــەند
وتـی ئیمــڕۆ بۆ تـــۆم ســەند
* * *
ئیــــتر بەســــــیە نەگـــــــری
با بێــــژن چـــــەنی ژیــــــری
( عەبدولڕەحمان فەهیمی : ١٩٥٥ـ لە ژیاندایە ) کە بە نازناوی ( دەرویش) سەقزی ناسراوە، لە شاری ( سەقز ) لە دایک بووە .. یەکێکە لە شاعیرە ناسراوەکانی بواری نووسینی چیرۆک و شیعر بۆ منداڵان .. تائێستا چەند کتێبێکی بۆ منداڵان چاپ کردووە، لەوانەش : ( شادی بۆ منداڵان ـ١٩٩٦ ـ شیعرە، ئاشتی بۆ منداڵان ـ ١٩٩٨ـ شیعرە ، دنیای بێگەرد بۆ منداڵان ـ ٢٠٠٠ـ شیعرە، ئازار ـ چیرۆکە) ئەمەش نموونەیەکە لە شیعرەکانی کاک عەبدولڕەحمان فەهیمی بۆ منداڵان، لەژێر ناوی ( دایـە گـەورە) دا، کە لە کتێبی ( خـۆر و لاولاو ) دا بڵاوی کردۆتەوە :
دایــە گـەورەم زۆر جــوانە
قــــــژی دەکـــەم بە شـــانە
* * *
پەلکەکــــــانی دەبەســـــــتم
لە یاریـــــدەی ناوەســــــــتم
* * *
چاویلــــــــــکەی بۆ دەسڕم
چی پێویست بێ بۆی دەکڕم
* * *
دەیشــێلم هێـــدی و هێـــمن
ئەویش هەڵنـــــاکا بێ مـــن
* * *
بۆم دەڵێ چیــــرۆکی خۆش
خەمــان دەکـــا فـــەرامۆش
* * *
بە لایــلایەی خــــۆشی ئەو
شەو چـــاوم دەچێـــتە خەو
( سیمین چایچی) لە شاری ( سنە ) لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە .. خاتوو سیمین، نووسەر و شاعیرێکی نوێخواز وناسراوی کوردە ..لە بواری ئەدەبی منداڵان دا توانایەکی باڵای هەیە و، شوێن پەنجەی بە تۆخی لەم بوارەدا دیارە، تا ئێستا کۆمەڵێک شیعر و چیرۆکە شیعر و شانۆگەرییجوانی بە شیعرەوە بۆ منداڵاننووسیون .. خۆشی لە تەمەنی چواردە ساڵیدا وەکو ئەکتەرێکی منداڵ لەسەرشانۆدا لە شاری ( سنە ) دابەشداری لە نواندا کردووە .. سیمین چایچی وەک لە شانۆگەری ( تیتیل وبیبیل ) دا دەردەکەوێت، تا رادەیەک سوودی لە چیرۆکە فۆلکلۆرییە کوردییەکانمان وەرگرتووە ..سەرەڕای زمانی کوردیش، بە زمانی فارسیش شیعر دەنووسێ و بڵاوی دەکاتەوە .. ئەمانە ئەو کتێبانەن کە خاتوو سیمین بۆ منداڵانی نووسیون و چاپی کردوون:
١ ـ گۆرانییەکان ـ کۆمەڵە شیعریەکە بۆ منداڵان .

٢ ـ ( تیتیل و بیبیل ) شانۆگەرییەکە ـ کە لە دەقە چیرۆکە ئەندێشەییە کوردییەکەوە( تیتلە و بیبلە ) وەری گرتووە و، ئەم بە شیعر دووبارە دایڕشتۆتەوە .. لە لایەن منداڵانی شاری هەولێرەوە لەسەر شانۆدا پێشکەش کرا و، لە تەلەفزیۆندا چەند جارێک نیشان درا.

٣ ـ ( شاری ئاشتی و خاڵخاڵۆکە ) و ( شای مشکان ) دوو شانۆنامەن بۆ منداڵان، لە سلێمانی لە ساڵی ( ٢٠٠٧) دا،چاپیکردووە ..کە ( لە بڵاوکراوەکانی چاپ و پەخشی سەردەم ) ە .

٤ ـ چیرۆکی جووجەڵە زەرد .
خاتوو سیمین لە ساڵی ( ٢٠٠١) دا، ئامادەکەری یەکەمین ( زنجیرە درامایەکی بووکەڵەیی) بوو، بە ناوی ( خرتـۆڵ و سەرچـۆڵ ) کە لە (تەلەفزیۆنیکوردسـتان ) لە ( سنە ) پێشکەش دەکرا.

دڵنیاین لەوەی کە خاتوو سیمین درێژە بەم خزمەتە پیرۆزەی دەدات، لە بواری ئەدەبی منداڵانی کوردمان ..چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکەین، کە بە بەرهەمی رەنگینتر دڵی منداڵانمان خۆش بکات.