ئیدۆلۆژی، فەلسەفەیە یان وەهم؟

رەسوڵ سێلەکە

مرۆڤی سیاسی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی پێویستی بە رازیکردن و کۆکردنەوەی خەڵکە. یەکێک لە رێگاکانی رازیکردن و کۆ کردنەوەی خەڵکیش ئیدۆلۆژییە.

چەمکی ئیدۆلۆژی ساڵی ١٧٩٦ی زایینی لە لایەن فەیلەسووفی فەڕانسەیی ئانتوان دێستود د-تراسی داهێنراوە. داهێنانی ئەو چەمکە ئاماژە بۆ زانستێک بوو کە خوێندنەوەی ئیدەکان بکا بەو مەبەستە کە جێگای مێتافیزیکی باو بگرێتەوە. تا ماوەیەک ئیدۆلۆژی وەکوو زانستی ئیدەکان بەکار دەهێنرا و رووناکبیرانی ئەو سەردەمیش بە ئیدۆلۆگ ناودەهێنران. بەڵام بەکارهێنانی چەمکی ئیدۆلۆژی لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم لەگەڵ مارکسیزم زیاتر دەرکەوت، ئەو چەمکە لە لایەن کارڵ مارکسەوە پێناسەی جیاوازی پێدرا و بوو بە چەمکێکی گشتگیر.

مارکس پێیوا بوو که ئیدۆلۆژی ناتوانێ سیستەمێکی بێلایەن بێ، بەڵکوو سیستەمێکی باوەڕە کە لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی چینێکی کۆمەڵگا دایە و دەبێتە هۆی تێگەیشتنی هەڵە لە واقعی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری ئەو بەشە لە کۆمەڵگا.

پێناسەی ئەوڕۆیی ئیدۆلۆژی، بریتیە لە لە تەواوی ئەو بیرۆکە فەلسەفی، سیاسی، ئایینی، کۆمەڵایەتی و ئابووریانەی تایبەتن بە گرووپێک، چینێکی تایبەت یان سەردەمێکی دیاریکراو.

تەواوی ئەو پڕەنسیپانەی کە ئەکتەرێکی سیاسی بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی و تەیارکردنی ئەندامانی کۆمەڵگا کەڵکیان لێ وەردەگرێ تا سیستەمێکی کۆنکرێکی پێ دروست بکا.

ئیدۆلۆژییەکان هەوڵ بۆ گەیشتن بە راستێتی نادەن. تەنیا هەقیقەتی ئیدۆلۆژییەک ئەو سەرکەوتنەیە کە دەتوانێ تۆماری بکا و ئەو کاریگەرییانەیە کە دەتوانێ دایانبنێ. فرانسوا بوریکۆد، کۆمەڵناسی فەڕانسەیی، لە نووسینێکدا زاراوەی \"ئامێری ئیدۆلۆژیک\" بەکار دێنێ، واتە ئیدۆلۆژی وەکوو ئامێرێکەکە لە نێوان ئیدە جیاوازەکاندا رۆڵ دەگێڕێ بۆ ئەوەی کاریگەریی دابنێ، زۆریش گرنگ نیه چەندە دژە واقع بێ.

ئیدۆلۆژی بۆ گەیاندنی پەیامی خۆی و هەروەها بۆ ئەوەی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا رێک بخا، پێوستی بە هەندێک کەرستە و فاکتەر هەیە. سەرتا دەبێ ورد بێتەوە سەر ئەو فاکتەرانەی کە پێکەوە هەڵدەکەن و تەواوکەری یەکترن.

هەروەها ئەو فاکتەرانە دەبێ پەسندی خەڵک بن و بتوانن پیرۆزییەک لە لای تاکەکان دروست بکەن. ئەو تاکانەی کەئیدۆلۆژی دەیهەوێ رێکیان بخا و کۆیان کاتەوە، دەبێ رازی بکرێن بەوەیکە ئەو ئیدۆلۆژییە بەهێزه، بۆ ئەوەی بە شێک لە بەرژەوەندی و ئازادی و تەنانەت ژیانیان بخەنە خزمەت ئەو ئیدۆلۆژییەوە.

لە زۆربەی کۆمەڵگاکان، ئیدۆلۆژی کەڵک لە سێ بەرهەمی کولتووری وەردەگرێ: ئایین، فەلسەفە، زانست.

ـ ئایین بۆ زۆرێک لە ئیدۆلۆژییە نوێیەکان هاندەر بووە، چونکە هەموو شارستانییەتەکان و کولتوورەکان بنەمایەکی ئایینیان هەیە و سەردەمێکی دوور و درێژ لە کۆمەڵگادا باڵادەست بووە. ئایین کاتێک دەکرێتە بە ئامراز بۆ گەیشتن به ئامانجێکی سیاسی، دەبێته ئیدۆلۆژی و واتا ئایینییەکەی نامێنێ. بۆ نموونە ئەگەر ئایینی ئیسلام بکرێ بە ئامراز بۆ حیزبێکی سیاسی، یان دروستکردنی دەوڵەتێکی ئیسلامی، دەبێتە ئیسلامیزم یان ئیسلامیگەری، کە مەترسییە هەم بۆ سەر ئایین و هەم بۆ سەر کۆمەڵگا.

ـ فەلسەفە کە جۆرە روانینێکی فکرییە بۆ چەمکەکان و ئیدەکان، دەیهەوێ بە شێوەیەکی جیاوازتر لە شتەکان تێبگا. فەلسەفە لە دروستبوونی ئیدۆلۆژییەکاندا رۆڵی سەرەکی دەبینێ، بەتایبەت لە سەدەی نۆزدەهەمی زایینیدا.

ـ زانست لە سەدەی نۆزدەهەم دا وەکوو چەمکێک بۆ قەرەبوو کردنەوەی نەمانی ئیدەی خودا دەرکەوت، ئیدەی خودا وەکوو رێفرێنس و ژێدەری خۆکار. زانست پێناسەیەکی دیکەی دا بە مرۆڤ، ژیان، هەبوون و هتد... وەکوو بیۆلۆژی و پزیشکی. هەروەها توانی هەموو دیاردەیەک روون بکاتەوە و بە سیستەمی بکا. لە سەدەی نۆزدەهەمدا زانستەکانی بەڕێوەبردن، بۆ دروستکردنی پەیوەندی نێوان دەوڵەت و حکوومەت و خەڵک گەشەکردنیان بەخۆیانەوە بینی و زانستە کۆمەڵایەتییەکانیش لەو سەردەمەدا دەرکەوتن.

هەموو ئەو فاکتەرانە بنەمای گشتین، شێوازی تێگەیشتنن لە جیهان و هەروەها تاکەکان و ئەو پەیوەندییانەی لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ کۆمەڵگادا هەیانه. بۆ نموونه لە سەدەی نۆزدەهەمدا کە ئیدۆلۆژی سۆسیالیزم باڵادەست بوو، خوازیاری باشترکردنی ژیانی چینی پڕۆلیتاریا بوو. هەوڵی ئیدۆلۆژی ئەوەیە وەکوو ئامراز کەڵک لەو فاکتەرانە وەرگرێ. واتە لە نێو هەرکامیاندا بە دوای ئەو بەشانەدا دەگەڕێ کە خزمەت بە بەڵگاندنی هۆکارەکان دەکەن. هەروەها یەکێک لە بنەماکانی دیکەی ئیدۆلۆژی کاریگەری دانانە، دەبێ خەڵک ببزوێندرێن. ئەو کاریگەری دانانە وەکوو رەنگێکی تایبەتە کە ئیدۆلۆژی بۆ نیشانەکردنی خەڵک بەکاری دەهێنێ. ئەوەش پێویستی بە خەباتێکی بەردەوامە کە لە ئەنجامدا دەبێ بە جۆرێک لە توندوتیژی.

ئیدۆلۆژی بە پێی پێناسە، بەرچاوەکی و ئۆبژێکتیڤ نیه، بەڵام ئەو کەسەی بڕوای پێیە، وادەزانێ نزیکە لە هەموو ئەو شتانەی کە دەیهەوێ وەدەستیان بێنێ. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ روانینێکی مانیشێنی و دووفاقێتی.

جێژن و ساڵڕۆژ و یادەوەرییەکان بۆ ئیدۆلۆژی تەنیا رێرەسمێکی سادە نین بەڵکوو ئیدەی سیاسین. هەروەها کتێب و نووسراوەی ئەدەبی ئەو بەشە پێکدێنن کە نووسەرەکان ئیدۆلۆژی تێدا تیۆریزە دەکەن و دەیکەن بە جۆرێک لە زانست. هەر ئیدۆلۆژییەکیش بۆ نیشانەکردنی ئەو بەشە لە مێژوو کە تێیدا ژیاوە، گرنگی بە ئەدەبیاتی تایبەت بە خۆی دەدا.

دیاردەیەکی گرنگی دیکە، پڕوپاگەندەیە، کە هەموو ئیدۆلۆژییەکان گرنگییەکی تەواو بەو بەشە دەدەن. هەتا زیاتر ئیدۆلۆژی پڕوپاگەندەی بۆ بکرێ، زیاتر بەرگریکاری بۆ دروست دەبن و هەتا کاریگەریشی زیاتر بێ، مەترسیدارتر دەبێ.

زۆربەی ئیدۆلۆژییەکان خوازیاری دامەزراندنی رژیمێکی تۆتالیتێرن کە ئەو چوار پێوەرە سەرەکییەی هەبێ: رەتکردنەوەی کاریگەری دەرەکی، کۆنتڕۆڵکردنی گەیشتنی زانیاری بە خەڵک، رەتکردنەوەی ئۆپزیسیۆن و رێگەنەدان بە رای جیاواز، کۆنتڕۆڵی خوێندن و پەروەردەکردن.

لە دەرەوەی ئیدۆلۆژییەکان، ئیدەی سیستەمی سیاسی هەن.ئەرکی ئیدەی سیستەمی سیاسی ئەوەیە کە دیاری بکا کێن ئەوئەکتەرانەی دەبێ دەستیان بە کاری سیاسی رابگا؟ زۆرن یان سنووردارن؟ ئایا هەرکەس بۆی هەیە دەستی پێ ڕابگا؟ ئەکتەری سیاسی چ رۆڵێکی دەبێ هەبێ؟

ئیدۆلۆژی باسێکی زۆر هەڵدەگرێ بەڵام لێرە بەو وتەیەی کاڕڵ ژاسپێر، فەیلەسووف و دەروونناسی ئەڵمانی کۆتایی پێ دەێنم کە دەڵێ: \"ئیدۆلۆژی لە کۆمەڵێک ئیدەی ئاڵٶز پێکهاتووە کە لێکدانەوەی جیهان یان بارودۆخی خۆی دەکا و بە پێش چاوی سوژەکەیدا تێدەپەڕێنێ و وای تێدەگەیەنێ کە هەقیقەتی تەواوە بەڵام لە شێوەی وەهمێک کە هەر خۆی تەئیدی دەکا، تەنیا بۆ بەرژەوەندییەکی کاتی.\"

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە